له هه‌فته‌ی رابردوو خۆپێشاندانی خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگەكان له شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان به فراوانی ده‌ستیپێكرد، گه‌رچی له په‌یام و داواكارییه‌كانیاندا كێشه و گیروگرفتی زۆریان خسته‌ڕوو، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كییان بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه بوو كه وه‌ك ده‌رماڵه له دوو ده‌یه‌ی رابردوو ده‌درایه ئه‌م توێژه و له دوای سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له ساڵی 2014وه راگیراوه.
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی خۆپێشاندانه‌كان له شه‌قام، له‌ناو میدیا و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا و وه‌ك جۆرێك له پشتیوانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران، زۆر كه‌س له ده‌سته‌بژێری ناو كۆمه‌ڵگە و مامۆستایانی زانكۆ سه‌رگوزشته‌ی ژیانی خۆیان ده‌گێڕایه‌وه كه به‌هۆی بوونی ده‌رماڵه‌وه توانیویانه خوێندن ته‌واو بكه‌ن و زۆربه‌یان ئه‌وه‌یان دووپاتكردبووه‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رماڵه‌یه نه‌بووایا به‌هۆی هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ئابووریی ئه‌وكاتی كوردستانه‌وه نه‌یانده‌توانی درێژه به‌خوێندن بده‌ن.
مه‌به‌ستم له تیشك خستنه‌سه‌ر ئه‌م باس و به‌سه‌رهاته‌ی ئه‌و كه‌سانه ئه‌وه‌یه كه بیڵێم له رابردوودا یه‌كێك له‌و كار و هه‌نگاوه باشانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كه ئه‌نجامی ئه‌رێنی هه‌بووه، بڕینه‌وه‌ی ده‌رماڵه بووه بۆ قوتابیان و خوێندكاران. به‌تایبه‌ت له‌و رۆژگاره سه‌ختانه‌ی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو كه به‌هۆی گه‌مارۆی ئابووریی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر عێراق و گه‌مارۆی عێراقیش له‌سه‌ر هه‌رێم، كوردستان به دۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕی و خه‌ڵك ناچار بوون بۆ په‌یداكردنی نان ته‌نانه‌ت ده‌رگە و په‌نجه‌ره‌ی خانووه‌كانیان بفرۆشن. له‌و رۆژگارانه‌دا شانه‌به‌شانی گرانی، شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆیش به‌رۆكی به خه‌ڵك گرتبوو، له‌و بارودۆخه‌دا درێژه‌دان به‌خوێندن و بهپێوهمانهوهی زانكۆ و په‌یمانگەكان وه‌ك جۆرێك له ته‌حه‌دا وابوو، ئه‌وه‌ی به‌پله‌ی یه‌كه‌م بووه هۆكاری به‌رده‌وامی خوێندن بڕینه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه بوو كه بۆ هه‌ر (خوێندكار – قوتابییه‌كی) ناو شاره‌كان په‌نجا دینار و بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان 150 دیناریان پێده‌درا، چه‌ند رێكخراوێكی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تیش له رێگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكاران و یه‌كێتیی قوتابیانه‌وه هاوكاریی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانیان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت كه‌لوپه‌ل و هه‌ندێکجار خواردنیشیان بۆ دابین ده‌كردن. ئه‌و قۆناخه به‌و شێوه‌یه تێپه‌ڕی و زۆرێك له‌وانه‌ی ئێستا پرۆفیسۆر و مامۆستای زانكۆ و كه‌سانی دیاری ناو كۆمه‌ڵگەن، ئه‌وكات له زانكۆ و په‌یمانگەكان ده‌یانخوێند و به‌و پشتیوانییانه‌وه توانییان خوێندن ته‌واو بكه‌ن.
ئێستاش كوردستان به دۆخێكی سه‌ختی ئابووریدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌مان ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی بوونه هۆكاری بڕیاردان بۆ بڕینه‌وه‌ی ده‌رماڵه بۆ (قوتابی - خوێندكار) بوونیان هه‌یه. زۆربه‌ی خێزانه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان تووشی قه‌یرانی دارایی هاتوون به‌هۆی نه‌بوونی كار و ئه‌و گیروگرفتانه‌ی دیكه‌ی ناو هه‌رێمه‌وه. ئه‌و ئامارانه‌ی ساڵانه ده‌خرێنه‌ڕوو كه له‌به‌ر ده‌ستكورتی خێزانه‌كان ناچارن مناڵه‌كانیان له خوێندن دابڕن، ژماره‌ی ترسێنه‌رن. بۆیه گرنگه و ئه‌ركیشه له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێشینه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ش نه‌بووایا، ده‌بوو بۆ ئێستا بیر له‌وه بكرایه‌ته‌وه به چ ئامرازێك و له چ رێگه‌یه‌كه‌وه كۆمه‌ك به درێژه‌دان به پرۆسه‌ی خوێندن بكرێت.
دوێنی هه‌ر په‌یوه‌ست به بابه‌تی ده‌رماڵه و خۆپێشاندانه‌كان، سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك خوێندكار و قوتابی زانكۆكانی كوردستان كۆبووه‌وه، له‌و دیداره‌دا سه‌رۆكوه‌زیران ئاماژه‌ی به خاڵێكی گرنگ كرد كه (حكومه‌ت ته‌نها به‌رپرس نییه له ژماره‌ی مووچەخۆرهكانی هه‌رێمی کوردستان كه ژماره‌یان ملیۆنێک و 200 هه‌زار كه‌سه، به‌ڵكو به‌رپرسیاره به‌رانبه‌ر به پێنج ملیۆن كه‌سی تریش كه مووچه‌یان نییه). ئه‌مه حه‌قیقه‌ته و حكومه‌ت به‌رپرسیاره له ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌ل و ده‌رفه‌تی ژیانێكی شایسته بۆ هه‌موو خه‌ڵك به یه‌كسانی. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له 30 ساڵی رابردوو ده‌رفه‌تی یه‌كسان نه‌ڕه‌خساوه بۆ خه‌ڵك له دامه‌زراندن و سوودوه‌رگرتن له حكومه‌ت و، بگره ناعه‌داله‌تی زۆر زۆر بووه له شێوازی دامه‌زراندن كه خێزانی وا هه‌ن به‌هۆی پشتیوانیی حیزبه‌كانیانه‌وه هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یان دامه‌زراون و مووچەخۆرن و له به‌رانبه‌ردا به سه‌تان خێزان هه‌ن هیچ مووچه‌یه‌ك له حكومه‌ت وه‌رناگرن. بۆیه ناتوانرێت بڵێین ئه‌و رێژه‌یه‌ش له فه‌رمانبه‌ران ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه كه زیاتر له ملیۆنێك له خێزانه‌كانی هه‌رێمی کوردستان مووچه‌خۆریان هه‌یه، ره‌نگه ئه‌و ملیۆن و 200 هه‌زار مووچەخۆره سه‌ر به چه‌ند سه‌ت هه‌زار خێزانێك بن، واتا به‌شی هه‌ره زۆری خێزانه‌كانی كوردستان مووچه‌یان نییه.
خوێندكار و قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگە حكومییهكانیش به‌شی هه‌ره زۆریان سه‌ر به‌و چینه‌ی كۆمه‌ڵگەن، چونكه به‌هۆی كوالێتیی خوێندن له زانكۆ و په‌یمانگە ئه‌هلییه‌كانه‌وه، ئه‌و خێزانانه‌ی ئیمكانیاتیان زۆره مناڵه‌كانیان ناردووه‌ته به‌ر خوێندنی ئه‌هلی. بۆیه ده‌بێت بیركردنه‌وه له چاره‌سه‌ر بۆ كۆمه‌كی خوێندن ره‌چاوی ئه‌وه بكرێت زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له كه‌رتی حكومه‌ت ده‌خوێنن ئه‌وانه‌ن كه پێویستیان به یارمه‌تییه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چه‌ند بژارده‌یه‌ك ده‌خه‌مه‌ڕوو كه هیوادارم یارمه‌تیده‌ربێت له تێپه‌ڕاندنی ئه‌م كێشه‌یه.
یه‌كه‌م: عه‌داله‌ت ئه‌وه‌یه بێجیاوازی حكومه‌ت بڕیار بدات ده‌رماڵه به هه‌موویان بدات. ناكرێ له رۆژگاری شه‌ڕی ناوخۆ و سه‌رده‌می گه‌مارۆی ئابووری، حكومه‌ت توانیبێتی ده‌رماڵه بداته خوێندكاران، له ئێستادا كه خاوه‌ن چه‌ندین ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رچاوه‌ی سرووشتی وه‌ك غاز و نه‌وته، داهاتی ناوخۆیی چه‌ندینجار زیادیكردووه، نه‌توانێت مانگانه كێشه‌یه‌كی گه‌وره كه به كه‌متر له 10 ملیۆن دۆلار چاره‌سه‌ر ده‌بێت، چاره‌ی بكات. دوێنێ سه‌رۆكی حكومه‌ت له گوته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ئه‌گه‌ر داهاتی هه‌موو پارێزگاكان بگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی ده‌توانن زۆر كێشه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌ركی حكومه‌ته داهاته‌كان به رێكی كۆبكاته‌وه و به رێكی دابه‌شی بكات، بۆ ده‌بێت قوتابی و خوێندكار باجی ئه‌وه بده‌نه‌وه.
دووه‌م: ده‌كرێت حكومه‌ت بڕیار بدات به دامه‌زراندنی سندووقی هاوكاریی پرۆسه‌ی خوێندن، مانگانه حكومه‌ت خۆی به بڕێكی دیاریكراو یارمه‌تیی ئه‌م سندووقه بدات، هه‌روه‌ها له مووچه‌ی هه‌ر مووچه‌خۆرێك ته‌نیا بڕی 1٪ـی مووچه‌كانیان بخرێته ئه‌م سندووقه و داوا له سه‌رمایه‌داران و كۆمپانیا و شه‌ریكاتی ناوخۆیی و رێكخراوه كۆمهكبهخشهكانیش بكرێت یارمه‌تیی ئه‌م پرۆژه‌یه بده‌ن. ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی ده‌خرێته سه‌ر ئه‌م سندووقه ته‌نیا ئه‌و1٪ـەی مووچه‌خۆران به‌شی ئه‌وه ده‌كات كه بڕیاری پێدانی ده‌رماڵه بدرێته‌وه، ئه‌گه‌ر مووچهخۆرێكیش بڕی چه‌ند هه‌زار دینارێكی كه‌م له مووچه‌كه‌ی ببڕدرێت بۆ ئه‌م سندووقه، ده‌درێته‌وه به مناڵی خۆی كه له زانكۆ یان له په‌یمانگە ده‌خوێنن.
سێیه‌م: له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و سندووقه پێكنههێندرا، ده‌كرێت حكومه‌ت بڕیار بدات بۆ هه‌ر خوێندكار یان قوتابییه‌ك كه ئه‌گه‌ر له ماڵه‌وه مووچه‌ی دیكه وه‌رناگرن، به پله‌ی یه‌كه‌م ده‌رماڵه بدات به‌وان، چونكه سه‌رچاوه‌ی بژێوییان نییه.
ئه‌گه‌ر هیچ كام له‌م رێگەیانه نه‌گرێته‌به‌ر و پێمان وابێت وه‌ك زۆر كێشه‌ی دیكه به تێپه‌ڕینی كات ئه‌میش تێده‌په‌ڕێت، به‌دڵنیاییه‌وه لێكه‌وته‌كانی زۆر به‌خراپ ده‌شكێته‌وه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ناچاری ده‌ستبه‌رداری خوێندن ده‌بن زۆر زیاتر ده‌بن.