له‌م كات و ساته‌ی ئه‌م وتاره سەبارەت ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیاره ده‌نووسم، میدیا و حیزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ناكۆكی و ململانێی پارتی و یه‌كێتییه‌وه له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق و، ئه‌و شه‌ڕه میدیاییه‌ی له‌نێوان هه‌ردوولا په‌یوه‌ست به‌م پۆسته دروستبووه، سه‌رنجی خه‌ڵكی كوردستانیان خستووەته سه‌ر ئه‌و پرسه و ره‌نگه كه‌مترین خوێنه‌ر ئاوڕ له‌م بابه‌ته بداته‌وه، به‌ڵام بۆ ئێمه‌و مانان پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان له‌سه‌رووی هه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌وه‌ن، نابێت و ناكرێ به‌هۆی دۆخێكی كاتی و بابه‌تێكی ناڕه‌واو ناپێویسته‌وه، ئێمه‌ش به‌دوای خۆیاندا په‌لكێش بكه‌ن و له رێگە راسته‌كه دوورمان بخه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ له‌ناو ئه‌م گێژاوه سیاسی و میدیاییه‌ی كوردستاندا سه‌رنجی خوێنه‌ران و خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی بۆ رابكێشم، پرسی ناسینه‌وه‌ی قوربانییه، ئه‌و قوربانییه گومناوانه‌ی كورد كه له رۆژگارێكی ره‌ش و سه‌رده‌می بێكه‌سی كورددا بوونه سووتەمه‌نی عه‌قڵه شه‌ڕه‌نگێزه‌كان. ئه‌وانه‌ی له‌ناو كوره‌ی ئاگری ئه‌نفال دا سووتان و ناویشیان وه‌ك چاره‌نووسیان خرایه ناو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه. له ئه‌نفالدا به ده‌یان هه‌زار كه‌س له منداڵی ساوای ته‌مه‌ن یه‌ك رۆژه‌وه تاوەکو پیره‌مێرد و پیرێژنی سه‌ت ساڵه بێسه‌روشوێنكران.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر كورتی دوای ئه‌م تاوانه، به‌شێك له خاكی باشووری كوردستان ئازاد كرا‌و و كورد بناخه‌ی حوكمڕانییه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كوردی تێدا دروستكرد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئامارێكی ورد و پڕ زانیاری ته‌واو نه‌كرا بۆ ژماره‌ی ته‌واوی قوربانییه‌كان و زیانه‌كانی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ی به‌عس به‌رانبه‌ر به گه‌لی كوردستان ئه‌نجامیدا، به‌ڵام هه‌ندێ ژماره‌ی نزیك له راستی به ناو و زانیاری كه‌سی قوربانییه‌كانه‌وه تۆماركراون. ئێستا تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌زانرێت كێن ئه‌وانه‌ی له ئه‌نفال دا ده‌ستگیركران و دوای پانزه ساڵ چاره‌نووسیان له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا ده‌ركه‌وت. هه‌روه‌ها زانیاری سەبارەت كه‌سوكاری ئه‌و قوربانیانه‌ش هه‌یه كه هێشتا له ژیان ماون.
له دوای رووخاندنی سه‌دام ژماره‌یه‌ك گۆڕی به‌كۆمه‌ڵیش دۆزرانه‌وه و به‌شێكی كه‌م له‌و گۆڕِه به‌كۆمه‌ڵانه هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌و ئێسك و پروسكه‌كانیان هێنرانه‌وه بۆ كوردستان، هێشتاش به سه‌تان گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دیكه ماون كار له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌یان بكرێت و رووفاته‌كانیان بهێنرێنه‌وه. واتە ئێستا ده‌زانرێت قوربانییه‌كان كێن و، زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ش ده‌زانرێت كه تێیدا له گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدان، هه‌روه‌ها ده‌زانرێت كه‌سوكاری قوربانییه‌كانیش كێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ك پێویستییه‌ك له‌م نێوانه‌دا ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه قوربانییه‌كان بناسرێنه‌وه.
ئه‌مڕۆ زانست گه‌یشتووەته ئاستێك كه ئێسكه په‌یكه‌رێكی كۆنی مرۆڤ یان گیانه‌وه‌رێك ده‌دۆزرێته‌وه، له رێگه‌ی پشكنینه‌وه ته‌مه‌ن و هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانی دیاری ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئێسكه په‌یكه‌ری چه‌ند سه‌ت هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش بێت. ناكرێت له‌م سه‌رده‌می پێشكه‌وتنه‌ی زانست‌دا كورد وه‌ك ئه‌وه‌ی له چاخی به‌ردیندا بژیت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه گرنگ و هه‌ستیاره‌دا بكات. ساده‌ترین مافی كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كانه بزانن كام له‌و ئێسك و پروسكانه‌ی ده‌هێندرێنه‌وه، خوشك و برا، دایك و باوكی ئه‌وانن. مافی خۆیانه بیانه‌وێ له نزیكترین شوێنی ژیانیانه‌وه به‌خاك بسپێردرێن تاوەکو هیچ نه‌بێت بتوانن بچنه سه‌ر گۆڕی خۆشه‌ویسته‌كانیان.
به‌شێك له‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌ی پێشتر هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌و هێنرابوونه‌وه بۆ كوردستان، سامپڵ له ئێسكیان وه‌رگیراوه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشكنینی (دی ئێن ئه‌ی) بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان نه‌كراوه، نازاندرێت ئه‌وانه‌ی هێنراونه‌ته‌وه كێن؟ زۆر له كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كانیش له‌و ده‌یان ساڵه‌ی رابردوودا به‌چاوی چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیزانیانه‌وه سه‌ریان نایه‌وه. ناكرێت ئه‌وانه‌ی دیكه‌شیان كه هێشتا له ژیان ماون به‌هه‌مان ئازاری چاوه‌ڕوانییه‌وه بمرن.
پێویسته و ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئامرازه زانستییه‌كانی بواری پزیشكی، كاری خێرا‌و به‌په‌له بكه‌ن بۆ پشكنینی (دی ئێن ئه‌ی) كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان و به‌راوردكردنی به‌و سامپڵانه‌ی له رووفاته‌كانی پێشووتر وه‌رگیراون و ئه‌وانه‌شی له داهاتوودا ده‌هێندرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كان بناسرێنه‌وه‌و به‌پێی نزیكیان له ناوچه‌كانی خۆیان له‌و یادگه‌و مۆنۆمێنتانه به خاك بسپێردرێن كه تایبه‌ت بۆ ئه‌نفال دروستكراون.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی قوربانیانی جینۆساید له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی كوردستانه‌وه یارمه‌تییه‌كی كه‌می مانگانه بۆ كه‌سوكاریان بڕاوه‌ته‌وه، ئه‌مه كاره‌كه زۆر ئاسان ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی خوێن له كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان و ئاماده‌كاری بۆ پشكنینی (دی ئێن ئه‌ی). ره‌نگه له ماوه‌یه‌كی كورتدا حكومه‌ت بتوانێت له هه‌ر خێزانێك خوێن له كه‌سێكیان وه‌رگرێت و ده‌ست بكات به پشكنینی (دی ئێن ئه‌ی) كه ئه‌مڕۆ له هه‌موو دونیادا پشت به‌م پشكنینه ده‌به‌سترێت بۆ ناسینه‌وه. له ئێستاشدا بووه‌ته مه‌رجێكی پێشوه‌خته‌ی به‌شێك له كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان بۆ هێنانه‌وه‌ی رووفاته‌كانی ناو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، داواده‌كه‌ن پێشتر ده‌بێت پشكنینی دی ئێن ئه‌ی بۆ كه‌سوكاریان بكرێت.
ده‌بێت كۆتایی به‌و كه‌مته‌رخه‌می و هه‌ستنه‌كردنه به به‌رپرسیارێتی بێت به‌رانبه‌ر به پرسی جینۆساید. له سه‌ره‌تای رووخانی رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام دا له هه‌موو ناوچه‌كانی عیراق هاوسۆزییه‌كی زۆر بۆ كورد هه‌بوو، یارمه‌تی تیمه‌كانی گه‌ڕان به‌دوای چاره‌نووسی ئه‌نفالكراوان ده‌درا بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان. به‌وهۆیه‌شه‌وه له ماوه‌یه‌كی كورتدا به سه‌تان گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌می له هه‌ڵدانه‌وه‌یان و نه‌هێنانه‌وه‌ی رووفاته‌كان بۆ كوردستان، زۆر له‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه شێوێندران. یان هه‌ر ئاسه‌واریان نه‌ما. هێشتا هه‌ر ده‌رفه‌تی ئه‌وه ماوه كورد بتوانێت به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له به‌غدا به پلان و به‌رنامه كار له‌سه‌ر ئه‌م پرسه گرنگه بكات. به‌ڵام مه‌رج نییه زه‌مه‌ن هه‌میشه یارمه‌تیده‌ربێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه رۆژگارێك بێته پێش كورد جارێكی دیكه به ئاسانی ده‌ستی نه‌گاته‌وه به گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
وا بۆ نزیك به سێ ساڵ ده‌چێت چه‌ند گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له ناوچه‌كانی سه‌ماوه هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌و له كۆگایه‌كدا له به‌غدا دانراون، هیچ دڵنیاییه‌ك نییه كه رۆژێك به‌هۆكارێكی نادیار له‌وێش بشێوێندرێن. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌م سێ ساڵه‌دا ده‌ستی بكردایا به پشكنینی كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان، به‌دڵنیاییه‌وه ئێستا ئه‌و پرۆسه‌یه كۆتایی هاتبوو، ناسنامه‌ی ئه‌و 171 رووفاته‌ی سه‌ماوه ده‌زانرا و له‌ب‌ری ئه‌وه‌ی له تابوت و له كۆگایه‌كدابن، ئێستا له نزیكترین شوێنی ژیانی ئازیزانیانه‌وه به‌خاك سپێردرابوونه‌وه.
به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌مه ئه‌ركه و جێبه‌جێكردنی ئیلتیزامێکی ئه‌خلاقی و ئینسانییه به‌رانبه‌ر به خودی قوربانییه‌كان و كه‌سوكاریان، له هه‌مان كاتدا پرسێكی گرنگه كورد ده‌توانێت به‌كاری به‌رێت بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی دۆزه ره‌واكه‌ی له عیراق. ده‌توانێت بیكاته كه‌یسێكی جێی سه‌رنج له‌پێش چاوی كۆمه‌ڵی نێووده‌وڵه‌تی و راكێشانی هه‌ست و سۆزی گه‌لانی دونیا بۆ پشتیوانی له كورد. لانیكه‌م ده‌توانێت بیكاته كه‌ره‌سته‌ی بیناكردن و ده‌سته‌به‌ركردنی دڵنیایی كه جارێكی دیكه گه‌لی كورد جینۆساید نه‌كرێته‌وه.
ئه‌گەر پێشتر تێگه‌یشتنێكی له‌و جۆره له‌ناو كوردا دروستببوو كه ئه‌و رۆژگارانه تێپه‌ڕین و جارێكی دیکە كورد ناكه‌وێته‌وه ناو هه‌لومه‌رج و بارودۆخێكه‌وه كه به كۆمه‌ڵكوژیی میلله‌ته‌كه‌ی ته‌واوبێت، به‌ڵام هاتنی داعش و جینۆسایدكردنی شه‌نگال ئه‌وه‌ی پێگوتین به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی جینۆسایدداین.
پرسی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هێنانه‌وه‌ی رووفاته‌كان بۆ كوردستان، ده‌كرێت بكرێته بناخه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به جۆرێك كه دڵنیایی ئه‌وه‌مان بداتێ، ئه‌و تاوانانه دووباره نه‌بنه‌وه، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌می و هه‌ستنه‌كردن به به‌رپرسیارێتی به‌رانبه‌ر به‌م پرسه، ده‌رگا بۆ چه‌ند باره بوونه‌وه‌ی ده‌خاته سه‌رپشت.