سه‌رباری ئه‌وه‌ی مام جه‌لال سیاسییه‌كی خاوه‌ن دونیابینی تایبه‌ت و به‌ئاگابوو، توانای خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی هه‌بوو، ئیدراكی سیاسی به‌هێز بوو، پێشبینی پێشهاته‌كانی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و توانا و شاره‌زاییه‌ی خۆیشیدا، كه‌سانی وه‌ک نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌مال فوئاد و فوئاد مه‌عسوم وه‌ک ناوه‌ندێكی بیركه‌ره‌وه له پشتی تاڵه‌بانییه‌وه بوون.
ئه‌وه‌ی له دامه‌زراندنییه‌وه تاوەکو نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ته‌ی رابردوو یه‌كێتی وه‌ک هێزێكی پهرجووخوڵقێن هێشتبووه‌وه، بوونی ئه‌و بازنه‌ی بیركهرهوانه بوو، چونكه هیچ هێزێک سه‌ركه‌وتوو نابێت ئه‌گه‌ر ته‌نها پشت به كه‌سانی ئازا له بڕیاردان ببه‌ستێت، یاخود ئومێدی له‌سه‌ر كه‌سانی چالاک بێت له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركدا. راسته هه‌ر هێزێک بیه‌وێ به زیندوێتی بمێنێته‌وه، پێویستی به ئازایه‌تییه له بڕیاردان و چالاكانه جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانه، به‌ڵام ئه‌م دوو جۆره له بوونی كه‌سایه‌تی له‌ناو حیزب‌دا، بۆ ئه‌وه باشن بڕیار له‌و شتانه بده‌ن كه له (عه‌قڵدان)ـی حیزبه‌وه بۆی ئاماده‌كراوه، یان ئه‌و ئه‌ركانه جێبه‌جێبكه‌ن كه بیركه‌ره‌وه‌كان وه‌ک نه‌خشه بۆیان كێشاون.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ یه‌كێتی بكرێت له دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لاله‌وه، رۆژ له‌دوای رۆژ تواناكانی بیركردنه‌وه له‌م هێزه كاڵتر بووه‌ته‌وه. تاوەکو هه‌لومه‌رجه‌كانی كوردستان و عێراقیش ئاڵۆزتر بووبن، مامه‌ڵه‌كردنی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا زیاتر ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه، بیركردنه‌وه له پشتی هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانییه‌وه نه‌بووه. به‌تایبه‌تیش دوای كۆچی دوایی تاڵه‌بانی ئه‌و بۆشاییه زیاتر هه‌ستی پێده‌كرێت و ئێستاش له هه‌موو كات زیاتر پێوه‌ی دیاره.
وه‌ک ده‌رئه‌نجام نموونه‌ی زۆر هه‌ن بۆ هه‌ركه‌سێک بیه‌وێت توێژینه‌وه له‌م لایه‌نه‌ی یه‌كێتی بكات به ئاسانی بگاته ئه‌و راستییه، كه عه‌قڵ به‌مانا سیاسییه‌كه‌ی غاییبه له پشتی مامه‌ڵه و بڕیاره‌كانه‌وه. یه‌كێک له‌و ئه‌نجامانه‌ی به باشی ئه‌مه روون ده‌كاته‌وه، مامه‌ڵه‌ی یه‌كێتی بووه له‌گه‌ڵ پۆستی سه‌رۆككۆمار له دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لاله‌وه بۆ ئێستا كه وه‌ک پشک و دابه‌شكاری حیزبیی، یهكلایبووهوهترین پۆستی یه‌كێتی بوو، كه به‌بێ سه‌رئێشه و بێ باج و شاباش و به‌خشین ده‌یتوانی ئه‌و پێگه‌یه به دڵنیاییه‌وه لای خۆی بهێڵێته‌وه، به‌ڵام خۆی بۆخۆی كردوویه‌تی به گرێكوێره‌یه‌كی ئاڵۆز و بۆ هه‌ر جارێک له به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌م پشكه‌ی خۆی، باجێكی زۆری داوه.
له خولی یه‌كه‌می دوای تاڵه‌بانیدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئیراده‌ی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی نه‌بوو بۆ دیارییكردنی یه‌ک بەربژێر بۆ ئه‌و پۆسته، ئیراده‌ی بڕیاری له‌ده‌ستی خۆی دا. له خولی دووه‌مدا جیا له‌و به‌خشیشه پێشوه‌خته‌ی چاره‌نووسی كه‌ركووک، ئیداره‌یی شاره‌كه‌یش وه‌ک مساوه‌مه‌ی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆکكۆمار شاباشی عه‌ره‌بێكی ته‌عریبچی كرا. بۆ مێژوو ده‌بێت ئه‌وه بگوترێت به‌شێک له‌هۆكاره‌كانی پشتی رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، په‌یوه‌ندی به پۆستی سهرۆككۆمارهوه هه‌بوو. هه‌روه‌ها هێشتنه‌وه‌ی راكان جبووری و دانه‌نانی پارێزگارێكی كورد له‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و نه‌مانی رێگرییه‌كانی پارتییه‌وه، كه ده‌سه‌ڵاتی دانانی پارێزگار كه‌وته ده‌ستی سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆككۆمار و یه‌كێتی ده‌یتوانی كوردێک بكاته پارێزگار و نه‌یده‌كرد، به‌هۆی سازشه پێشوه‌خته‌كانی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆمار و ئه‌و به‌ڵێنانه‌وه هه‌بوو كه به ئه‌ردۆغان درابوو.
بۆ ئه‌م خوله‌ی داهاتوویش ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن، كه ئه‌مجاره مساوهمهكه له‌سه‌ر خۆشكردنی زه‌مینه‌ی لهڕولاوازكردنی كورد و له‌ده‌ستدانی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری زۆنی سلێمانی بێت. ده‌بێت لێره‌دا ئه‌و راستییه‌ش بگوترێت كه ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ست بووبێت یان له نه‌زانینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی پارتیش ئاوی كردووەته ئاشی ئه‌م ره‌وشی یه‌كێتییه‌وه كه سه‌رئه‌نجام گه‌لی كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌ی تێیدا زهرەرمهند ده‌بن. ئه‌وه‌ی پارتی كردی به پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی سێقۆڵی له‌گه‌ڵ سه‌در و حه‌لبووسی و دیاریكردنی بەربژێر بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار. یه‌كێتی خسته سوچێكهوه به سازش و مساوهمهكردنێكی زۆره‌وه په‌نا بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانی په‌كخه‌ر به‌رێت، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت بتوانن رێ له‌وه بگرن به‌ره‌ی سێقۆڵی ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی حوكمڕانیدا بگرن.
هه‌ڵه‌ی ستراتیژی سه‌در به كشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی و جێهێشتنی گۆڕه‌پانه‌كه، شانسی ئه‌وه‌ی داوه‌ته مالیكی ركابه‌ری ده‌ستی بگاته‌وه به ده‌سه‌ڵات. ئه‌وانه‌ی پێیان وایه كشانه‌وه‌ی سه‌در له په‌رله‌مان رێگه‌خۆشكردنه بۆ به‌ده‌ستهێنانی شه‌قام له‌لایه‌ن سه‌دره‌وه، ئه‌وه ته‌نها له دۆخێك‌دا راسته، كه كه‌سێكی لاوازی وه‌ک كازمی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت بكات. ئه‌گه‌ر مالیكی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی بكه‌وێته‌وه ده‌ست، هاوشێوه‌ی مامهڵهكردنهكانی له‌گه‌ڵ سوپای مه‌هدی، ده‌توانێت به له‌قاڵبدانی سه‌رایا سه‌لام، سه‌در جڵه‌و بكات.
هه‌روه‌ها ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵه‌كه‌ی سه‌در له‌لایه‌ن پارتییه‌وه بهخۆشكردنی زه‌مینه‌ی دیاریكردنی شوێنگره‌وه‌ی سه‌درییه‌كان له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگییه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاوی كرده ئاشی به‌هێزبوونه‌وه‌ی مالیكی، شانسی دایه یه‌كێتی وه‌ک هێلكه‌ی پاككراو نه‌ک هه‌ر پۆستی سه‌رۆككۆمار وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵكو بتوانێت ده‌ستی به ده‌ستكه‌وتی دیكه‌ش بگات.
ئێستا یه‌كێتی پێویستی به‌وه نییه هیچ باجێک بدات له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته، به‌ڵام نه‌بوونی ناوه‌ندی بیركردنه‌وه له‌ناو یه‌كێتیدا، ئه‌م هێزه به‌ره‌و ئه‌وه پاڵ ده‌نێت له‌سه‌ر سازشكردن و به‌خشینه‌كانی به‌رده‌وام بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌م پرسه‌یان كردووه به گرێیه‌كی سیاسی مه‌ترسیداری وا، له پێناو ئاسوودهبوونێكی كاتیدا چاره‌نووسی گه‌لێک بخرێته مه‌ترسییه‌وه. ده‌بێت یه‌كێتی ئه‌و دیوه‌شی له‌به‌رچاو بگرێت مساوه‌مه‌ی زۆر و سازشی پێشوه‌خته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی پۆسته‌كه لاوازتر ده‌كات، مه‌ترسی ئه‌وه‌شی هه‌یه ده‌رگەی كۆشكی سه‌لامی به‌ڕوودا دابخات. چونكه ده‌بێت هێشتا ئاگای له‌وه هه‌بێت سازشكردنی زیاتر بۆ شیعه له‌سه‌ر حسابی ئیراده‌ی كوردستان، دوور نییه دوای سه‌در پارتیش به‌ره‌و كشانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسی پاڵ بنێت، به‌وه‌ش قه‌یرانه‌كه قوڵتر ده‌بێته‌وه.