ئه‌گه‌ر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌م ئه‌نجامه‌ی له پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماردا وه‌ك ئه‌مری واقیع به‌سه‌ریدا سه‌پێندرا، له سه‌ره‌تاوه ئه‌مه‌ی په‌سه‌ند بووایە، ره‌نگه 10 مانگ پێش ئێستا و له دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، له‌تیف ره‌شید ببووایه‌ته سه‌رۆككۆمار و عێراقیش ئه‌م ده مانگه‌ی رابردوو به‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا تێنه‌ده‌په‌ڕی.
هۆكاری چه‌قبه‌ستنی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و ئه‌و گێرمه و كێشانه‌ی له دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی رابردووی عێراق هاتنه ئاراوه كه ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كاندا تێپه‌ڕین و نه‌ده‌توانرا رێكاره‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت بگیرێته‌به‌ر، به‌هۆی ئه‌وه‌وه بوو كه یەکێتی موكڕبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا د.به‌رهه‌م بەربژێر ده‌كه‌ن بۆ سه‌رله‌نوێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته. له به‌رانبه‌ر داواكاری پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ گۆڕینی د.به‌رهه‌م به كه‌سێكی دیكه له‌ناو یه‌كێتی كه پارتیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ری هه‌بێت، یه‌كێتی ئه‌مه‌ی به به‌زاندنی هێڵی سوور ناو ده‌برد و ده‌یانگوت پارتی و هیچ حیزبێكی دیكه مافی ئه‌وه‌یان نییه بەربژێر بۆ ئێمه دیاری بكه‌ن، به‌ڵام دواجار ئه‌وان دیاریانكرد.
له دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2021 وه تاوەکو چركه‌ساتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار له 13ی ئۆكتۆبه‌ری 2022، یه‌كێتی ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كتەبی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كردووه، له راگه‌یێندراوی هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان و ئه‌و دیدار و چاوپێكه‌وتنانه‌ش كه په‌یوه‌ستبوون به پرسی سه‌رۆككۆمارەوە، یه‌كێتی هه‌ر جه‌ختی له‌وه كردووەته‌وه به‌رهه‌م ساڵح تاكه بەربژێرمانه. وه‌ڵامی روون و راشكاویشیان بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نه سیاسیانه‌ی نێوه‌ندگیرییان ده‌كرد بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و دیاریكردنی بەربژێرێكی هاوبه‌ش، هه‌ر جه‌ختكردنه‌وه بووه له‌وه‌ی به‌هیچ جۆرێك د.به‌رهه‌م ناكشێنینه‌وه. ته‌نانه‌ت كه باس له مه‌ترسی تێكچوونی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیش ده‌كرا به‌وهۆیه‌وه، بێ‌باك بوون له‌وه‌ی چی ده‌بێت با ببێت. واتە تاوەکو ئاستی شه‌ڕیش ئاماده‌ی هیچ سازشێك و ده‌ستبه‌رداربوونی د.به‌رهه‌م نه‌بوون. بۆیه ئه‌و تۆماره ده‌نگی و ڤیدیۆییانه‌ی له دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار بڵاوده‌بنه‌وه كه گوایه ئه‌مه جۆرێك بووه له تاكتیكی یه‌كێتی خۆی و له‌و رێگەیه‌وه ویستوویانه له‌تیف ره‌شید بكه‌نه سه‌رۆككۆمار، ئه‌مه جۆرێكه له خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتیش ده‌نگیان به د.له‌تیف ره‌شید نه‌داوه. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه راست بووایە كه تاكتیكه، ئه‌وه خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه له به‌رهه‌م ساڵحیان كردووه پێش هه‌ر كه‌سێكی دیکە.
هه‌رچه‌نده ماڵپه‌ڕه ئه‌لیكترۆنی و په‌یجه‌وانه‌كانی نزیك له د.به‌رهه‌م زۆر ته‌رویج بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ئیستسماری بكه‌ن تاوەکو به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك قوربانییه‌ك ده‌ركه‌وێت كه خیانه‌تی لێكراوه، نه‌ك ئه‌وه‌ی دۆڕابێت له هه‌ڵبژاردن. وه‌ك چۆن بۆ یه‌كێتی ئه‌وه راستییه‌كه‌یه كه به‌وجۆره ته‌نیا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت نه‌ك خه‌ڵك، ئه‌مه بۆ خودی د.به‌رهه‌میش وایه كه ئه‌ویش خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێ ئه‌گه‌ر خۆی به قوربانی بزانێت و هه‌ست به‌وه نه‌كات دۆڕانێكی زۆر خراپ دۆڕاوه. ئه‌و له خولی پێشووتری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار له 2018 ماوه‌ی شه‌ش ساڵ بوو هیچ پله‌و پۆستێكی كرداریی نه‌بوو، دابڕاو بوو له هاوكێشه ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان و به پێگه‌یه‌كی سیاسی لاوازه‌وه چووه كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌و بووه سه‌رۆككۆمار. ئه‌مجاره به چوار ساڵ ته‌مه‌نی سه‌رۆككۆماری و به بوونی به جه‌مسه‌رێكی گه‌وره‌ی هاوكێشه‌كان له ناوچه‌كه و عێراق، به په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی سیاسی و به توانایەکی دارایی زۆرەوە و به پشتیوانییه‌كی سه‌رسه‌ختانه‌ی یه‌كێتی و به‌شێك له هێزه شیعییه‌كان، به پشتیوانیی ئێران و هه‌ندێ له ناوه‌نده‌كانی ئه‌مریكا و وڵاته هه‌رێمییه‌كان، له به‌رانبه‌ر بەربژێرێك شكستی هێنا كه تاوەکو یه‌ك رۆژ به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هیچ كه‌س به ئاشكرا‌و به نهێنی پشتیوانی نه‌ده‌كرد. بۆیه دۆڕانی د.به‌رهه‌م، شكستێكه بۆ ئایندەی سیاسییەکەی یەکجار زۆر کاریگەرە.
هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م شكسته‌ش پێش هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكی دی، خودی د.به‌رهه‌م خۆیه‌تی، له هیچ ئاماژه‌و په‌یامێك تێنه‌گه‌یشت كه ده‌یانه‌وێ سه‌ری به به‌ردی گه‌وره‌دا بده‌ن، ئه‌وه هه‌ر پارتی نه‌بوو كه به روون و ئاشكرا ده‌یانگوت نابێت د. به‌رهه‌م ببێته‌وه سه‌رۆككۆمار، سه‌ركرده‌ی هه‌موو سوننه‌كان و به‌شێك له سه‌ركرده‌ی شیعه‌كانیش ئه‌و په‌یامه‌یان به یه‌كێتی ده‌دا كه به قسه‌ی ئێران ناكه‌ین و ده‌نگ ناده‌ینه‌وه به‌و، به‌ڵام خۆی ئه‌مه‌ی ده‌ویست. په‌ندی له ئه‌زموونی ساڵانی رابردوو وه‌رنه‌گرت و ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی یه‌ك هه‌نگاو به‌شوێن پێی مام جه‌لالی مامۆستایدا بڕوات كه عێراقییه‌كان ئێستاش شانازی به‌سه‌رده‌می ئه‌وه‌وه ده‌كه‌ن. له كوردستانش هه‌ر ئاخ بۆ ئه‌و رۆژگارانه هه‌ڵده‌كێشن كه مام جه‌لال له به‌غدا بوو.
كه‌چی پارتی و به‌شێك له یه‌كێتی و خه‌ڵكانێكی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌ش پێیان وایه له‌و (نه‌خشه‌و پلانه ستراتیژیانەوه كه بۆ گۆڕینی رێڕه‌وی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیی عێراق له ئارادایه، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی دادگەی فیدراڵی دژی ستراتیژی خاوه‌نداریێتی كوردستان بۆ نه‌وت و ته‌نانه‌ت ئه‌و مووشه‌ك و درۆنانه‌ش كه بە كوردستانەوە دەنران، تاوەکو راگرتنی ئه‌و سه‌ده‌قه‌یه‌ش کە له‌لایه‌ن كازمییه‌وه كه پێشتر عه‌بادی و عادل عه‌بدولمەهدی بۆ كۆمه‌كی مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستان بڕیبوویانه‌وه)، د.به‌رهه‌م له پشتی هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه تۆمه‌تیش بووبێت خرابێته پاڵی، نه خۆی و نه بازنه‌كه‌ی ده‌وری هیچ وه‌ڵامێكیان نەدەدایەوە. بگره هه‌ندێ جار له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییه ده‌ستوورییانه‌ی ئه‌نجام ده‌دران، بێ هه‌ڵوێستی و بێده‌نگی سه‌رۆككۆماریان ده‌به‌سته‌وه به‌وه‌وه كه بارزانی دژایه‌تی ده‌كات و ئه‌ویش بۆچی شه‌ڕیان بۆ بكات. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه ده‌هات ئه‌گه‌ر بارزانی پشتیوانی بكات، كوردستانی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر بارزانیش دژی بێت، ئه‌وه پشتیوانی له میلله‌ته‌كه‌ی ناکات. د.به‌رهه‌م چوار ساڵی رابردوو به‌م تێزه كاری كرد. بۆیه ئێستا له سیمای خه‌ڵكدا نه‌ك نیگه‌ران نین له شكسته‌كه‌ی، شادی ده‌خوێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر تاكه شتێك له‌م هاوكێشه‌یه‌دا جێگەی پرسیاربێت ئه‌وه‌یه د.به‌رهه‌م زۆری كرد بۆ ئێران و بۆ شیعه‌كان، كه هێشتا مانشێتی (مقاوه‌مه‌تل مه‌كه) له زهنی تاك به‌تاكی شیعه‌ی عێراق و ئێران دا به تۆخی ماوه‌ته‌وه، چۆن ئاوا به ئاسانی له دوا ساتدا ده‌ستبه‌رداری بوون؟ ئه‌وه‌ش هه‌ر په‌یوه‌ندی به خراپ یاریكردنی خۆیه‌وه هه‌یه له‌نێوان دوو لایەنە ناكۆكه‌كه‌ی شیعه. یاریه‌كانی له نێوان سه‌در و مالیكی، به ئه‌ندازه‌یه‌ك بێ متمانه‌ی كردبوو كه مالیكی وه‌ك دۆخی ناچاری پشت بكاته دۆسته راسته‌قینه‌كه‌ی كه یه‌كێتییه و ده‌ست بخاته ناو ده‌ستی ركابه‌ره له مێژینه‌كه‌ی، بارزانی.
تازه زه‌مه‌ن ناگه‌ڕێته‌وه و رۆژگار یارمه‌تیده‌ری د.به‌رهه‌م نابێت كه‌ڵك له هه‌ڵه‌كانی خۆی وه‌رگرێت، به‌ڵام ده‌كرێت بۆ خه‌ڵكی دیكه ببێته وانه.