كه‌رتی تایبه‌ت مه‌كه‌نه قوربانی
عارف قوربانی
ئه‌گه‌ر له رابردوودا شه‌ڕ و ململانێكان زاده‌ی ئایدۆاۆجیا و ئاین و پاوانخوازیی و هه‌وڵدان بۆ زاڵكردنی هه‌ژمونی سه‌ربازیی و سیاسی بووبێت، ئه‌مڕۆ ئه‌وانه بوونه‌ته په‌راوێزێكی بچوكی كێشه نێووده‌وڵه‌تی و ململانێی ناوخۆیی وڵاتان، به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری شوێنی به هه‌موویان لهقكردووه. زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌مرۆ مرۆڤایه‌تی سه‌رقاڵكردووه په‌یوه‌ندییان به به‌رژه‌وه‌ندی ئابورییه‌وه هه‌یه. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و كێشانه‌ش كه له بنه‌ڕه‌تدا خه‌سڵه‌تێكی تریان هه‌بووه ئه‌وانیش سیمایان گۆڕاوه بۆ ململانێی ئابوریی. ته‌نانه‌ت په‌تایه‌كی ترسناكی وه‌ك ڤایرۆسی كۆرۆناش كراوه به به‌شێك له‌م ململانێ ئابورییه‌ی جیهانی گیرۆده كردووه.
ته‌ماشا بكه‌ن له ململانێی نێوان جه‌مسه‌ر و وڵاته گه‌وره‌كانه‌وه تا ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییانه‌ی ئه‌مڕۆ له به‌شێك له وڵاتانی رۆژهه‌ڵات به‌ڕێوه ده‌چن، یا راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به پرسی ئابوریی و سه‌رچاوه‌كانی داهاته‌وه هه‌یه، یان هه‌وڵدانه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌رچاوه‌كانی داهات. ئه‌مه بۆ ناوخۆی كوردستانیش وایه و بۆ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداش بووه به واقیعێكی زاڵ. كه له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ی كورد له عیراق كێشه‌ی ناسنامه و سه‌لماندنی سنور‌و ده‌سته‌به‌ركردنی مافی وه‌ك یه‌كییه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی عه‌ره‌ب، به‌ڵام ئێستا خه‌سڵه‌تی ئه‌م كێشه‌یه گۆڕاوه بۆ ململانێی ئابوریی، ته‌نانه‌ت ئه‌مه له زهنییه‌تی خه‌ڵكیشدا به‌و جۆره ره‌نگیداوه‌ته‌وه كه تۆ داوای خاكی داگیركراویش ده‌كه‌یته‌وه، ده‌به‌سترێته‌وه به سه‌رچاوه‌كانی داهاته‌وه. له خۆڕا نییه كه داوای كورد بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك والێك ده‌درێته‌وه داوای كورده بۆ نه‌وته‌كه‌ی، ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییهیه كه به‌سه‌ر خه‌سڵه‌تی كێشه‌كاندا بڕاوه.
ئه‌گه‌ر به چاوێكی ورد له ده ساڵی رابردووی ململانێكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بڕوانین، هه‌موو كێشه‌كان له ئابوری‌دا چڕبونه‌ته‌وه (بودجه‌ی هه‌رێم، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، پاره‌ی گه‌نمی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێم بۆ به‌غدا، بودجه‌و موچه‌ی پێشمه‌رگه، پشكی هه‌رێم له كۆمه‌ك و قه‌رزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، قه‌رزه‌كانی سه‌ر كوردستان، كێشه‌ی كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی و ده‌روازه سنورییه‌كان، داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كان و .....) هه‌مووی هه‌ر په‌یوه‌سته به پاره‌وه. ئه‌وه‌ی كوردستان داوای كردووه هه‌ر داهات بووه، ئه‌وه‌ی به‌غداش وه‌ك كێشه بۆ هه‌رێمی كوردستانی دروستكردووه هه‌ر بابه‌ته ئابورییه‌كان بووه. ته‌نانه‌ت ئه‌و سیاسه‌تی ته‌عریب و داگیركارییهش كه له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ڕێوه ده‌برێت، تێڕوانینه‌كه هه‌ر بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی سه‌ر زه‌مین و ژێرزه‌مینی ئه‌و ناوچانه‌یه.
هه‌ر له‌و ساڵانه‌ی رابردوودا و له چوارچێوه‌ی ئه‌و ململانێیانه‌دا كه به‌غدا هه‌وڵیداوه ئه‌و داهاتانه‌ی له به‌غداوه مه‌حكوم بوون به ناردنی بیبڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵیداوه ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌غداشه‌وه بوونه‌ته داهات بۆ كوردستان، ئه‌وانه‌ش نه‌هێڵێت.
دروستكردنی كێشه بۆ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری وزه كه هه‌ماهه‌نگی و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌بوو، به‌غدا به‌شێوه‌ی داواكردنی راسته‌وخۆ كه ده‌ست له كاره‌كانیان له هه‌رێم هه‌ڵگرن، تا ده‌گاته په‌نابردن بۆ هه‌ڕه‌شه به‌وه‌ی له عیراق ده‌خرێنه لیستی ره‌شه‌وه، هه‌روه‌ها به په‌نابردن بۆ دادگا نێوودهوڵهتیهكان و رێكاریی یاسایی له‌دژیان. ته‌نانه‌ت له شه‌ڕی داعشیشدا به‌غدا نه‌ك هاوكار نه‌بوو بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌یانویست هاوكاری هه‌رێم بكه‌ن دژ به داعش به‌ڵكوو گرفتیشی بۆ دروست ده‌كرن. هه‌موو ئه‌مانه تا ده‌گاته خۆشكردنی زه‌مینه‌ی رای گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی شیعی له عیراق دژ به هه‌رێم، هه‌مووی له چوار چێوه‌ی یه‌ك ستراتیجدا بووه كه ئه‌ویش لێدان بووه له ئابوری كوردستان.
به سه‌فه‌قاتی سه‌دان ملیۆن دۆلار راگه‌یاندنی بیانی و ناوخۆیی و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی خراونه‌ته خزمه‌تی ئه‌و ئامانجه‌وه. به ئه‌ندازه‌یه‌ك كاریگه‌رییان دروستكردووه بێئه‌وه‌ی به خۆمان زانیبێت به‌شێك له راگه‌یاندن و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیش له ناوخۆی كوردستان بوونه به‌به‌شێك له‌و پرۆسه‌یه. بۆ كه‌سانێك ئه‌گه‌ر نه‌یانه‌وێ هه‌ر وا به ساكاری بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی و هه‌ژمونی ئه‌و پڕوپاگهندانهوه كه وه‌ك پێویستی و ئامرازی ململانێكان به‌ڕێوه ده‌برێن، وه بیانه‌وێ به‌بیرو هۆشی خۆیان له قۆناغبه‌ندی ململانێكان بڕوانن، د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن له سه‌رده‌می مالكییه‌وه دوای ئه‌وه‌ی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌غدا ئامانجی خۆی به‌دیهێنا له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و كه‌رتی گشتی كردی، به‌غدا سه‌رنجی خستۆته سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت له كوردستان. چونكه ده‌زانێ بۆ ئێستا كه‌رتی تایبه‌ت له هه‌رێم یه‌كێكه له شاده‌ماره‌كانی ئابوری كوردستان.
چه‌ند كۆمپانیایه‌ك كه له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن بوونه‌ته كۆڵه‌كه‌ی جوڵه‌ی ئابوریی و ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوایان، به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی له به‌غداوه وه‌ك ستراتیجێكی ئابوری دژ به هه‌رێم به‌ڕیوه براوون، هه‌رێمیان داڕوخاند بوو. تا پێش هاتنی كۆرۆنا جگه له نزیك به بیست له سه‌دی خه‌ڵكی كوردستان كه موچه خۆری حكومه‌تن، خه‌ڵكی تر چاوی له حكومه‌ت نه‌بوو، هه‌لی كار و جوڵه‌ی بازرگانی زه‌مینه‌ی ژیانێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك مامناوه‌ندی بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر كردبوو. بۆیه ده‌بینی به مه‌به‌ست و سه‌رنجه‌وه له‌و ساڵانه‌ی رابردوو ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ش كراوه‌ته ئامانج. ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كوردستان كه سه‌رچاوه‌ی جوڵه‌ی بازرگانی هه‌رێمن ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بووبێت، له‌وێوه گرفیان بۆ دروستكراوه، ئه‌وانه‌شی كه هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌بووه ئه‌وه یان به‌بیانوی ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم كردووه خستونییهتییه لیستی ره‌شه‌وه، یان له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته میدیاییه‌ی له عیراق و ناوخۆیی كوردستان سایكۆلۆژیای خه‌ڵكی بۆ خۆشكردووه، كردوونییهتییه ئامانج و له‌كه‌داری كردوون تا به‌وهۆیه‌وه له پێگه‌یان بدات.
ماوه‌یه‌ك تۆڕهكۆمهڵایهتیهكانی عیراق و میدیا وابه‌سته‌كانی ئه‌و ستراتیجه له به‌غدا و كوردستان پڕ كرابوون له پڕوپاگه‌نده‌ی سه‌یرو سه‌مه‌ره دژ به كۆمپانیای په‌یوه‌ندی (ئاسیا سێڵ)، ماوه‌یه‌ك دواتر (كۆڕه‌ك تیلیكۆم). تا ئه‌و ئاسته‌ی تۆمه‌تیان بۆ دروستكردن كه ئه‌مانه شه‌ریكی داعشن. ماوه‌یه‌ك هه‌ڵمه‌تیان دژی كۆمپانیاكانی ئه‌حمه‌د ئیسماعیل ده‌ستپێكرد، ماوه‌یه‌كیشه به كۆمپانیای كار و قه‌یوان و به‌دڵنیاییه‌وه له داهاتوودا ریزی ئه‌و كۆمپانیایانه ده‌گاته كه‌سانی تریش كه ده‌كه‌ونه به‌ر تیری ئه‌و ستراتیجه، كه ئامانج لێی لێدانه له سه‌رچاوه‌كانی ئابوریی و جوڵه‌ی بازاڕ له كوردستان. هه‌موو ده‌زانین كه ئێستا كه‌رتی حكومی به‌هۆی قه‌یرانی دارایی گیرۆده‌ی چی ده‌ردێك هاتووه، ته‌نانه‌ت ناتوانێ وه‌ك پێویست موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات، چ جای ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێبكرێت ببێته هۆكار بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لیكار بۆ كاسبكارانی وڵاته‌كه. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كوردسانی له وێرانبوون پاراستووه ئه‌و جوڵه بازرگانیی و هه‌لی كاره‌یه كه كه‌رتی تایبه‌ت بهگهڕیخستووه.
به سه‌تان هه‌زار خێزان ئه‌مڕۆ بژێویی ژیانیان وابه‌سته‌یه به كۆمپانیاكانی ئاسیا و كۆڕه‌ك و ماس و كار و قه‌یوان و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تره‌وه. ئه‌مه جیا له‌وه‌ی هه‌ندێك له‌م سه‌رمایه‌دار و كۆمپانیا نیشتمانیانه له ده‌ره‌وه‌ی كار‌و هاوبه‌شی، بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی بژێوه‌ی هه‌زاران خێزانی هه‌ژار، بۆ كه‌سانێك كه له‌نزیكه‌وه ئاگاداربن ده‌زانن چه‌ند سهرمایهدارێكمان هه‌ن هاوشێوه‌ی كه‌ریمی عه‌له‌كه به هه‌زاران خێزان مانگانه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌و نانی رۆژانه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌یه. به‌غدا به باشی ئه‌و راستیانه ده‌زانێت بۆیه هه‌ر جاره‌ی ده‌یه‌وێ نیشان له یه‌كێكیان بگرێت.
به‌داخه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌ندێ میدیای نابهرپرسیش ئاسان ده‌كه‌ونه‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ههڵمهتانهوهو ده‌بنه به‌شێك لهپرۆسهیهك كه ئامانج لێی بێنان و بێژیانكردنی خه‌ڵكی كوردستانه. ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له‌م رۆژانه دژ به كۆمپانیای قه‌یوان له میدیایه‌كی عه‌ره‌بی و به‌سه‌رچاوه‌و ته‌مویلی چه‌ند شه‌ریكه بازرگانێكی سیاسی به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ر به‌شێكه له‌و ستراتیجه و هه‌ر به قهیوانیشهوه ناوه‌ستێ و سبه‌ی و دووه‌ی كۆمپانیای تریش ده‌كرێته ئامانج. گرنگه خه‌ڵكی كوردستان نه‌بنه كه‌ره‌سه‌یه‌كی ئاسان و میدیا‌و میدیاكارهكانمان نه‌بنه ئامرازێكی هه‌رزان به‌ده‌ستی ئه‌وانه‌وه كه به‌مه‌به‌ستی داڕوخانی كوردستان لهپشهوهی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه راوهستاوون.
17/10/2020
وتارەکانی تری نوسەر