ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی بڕیاره له 10ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ڕێوەبچێت، به ئه‌ندازه‌ی هه‌موو لایه‌نه به‌شداره‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گرنگه، چونكه له چه‌ندین رووه‌وه ئه‌م حیزبه ده‌خاته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌خته‌وه.
له دوای نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانییه‌وه پێگه‌ی سیاسیی یه‌كێتی له به‌غدا و له هه‌ولێر رووی له لاوازیكردووه، ژماره‌ی ده‌نگ و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ساڵ له دوای ساڵ كه‌متر ده‌بوونه‌وه. له‌ناو هه‌ناوی حیزبه‌كه و له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیش مشت‌ومڕ زۆر بوون له‌سه‌ر شه‌نوكه‌وكردنی هۆكاره‌كانی پاشه‌كشێی ئه‌م هێزه سیاسییه، به‌تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر ركابه‌ره‌كه‌ی كه پارتییه و تا چه‌ند ساڵێك له‌مەو پێش ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی له پارتی زۆرتر نه‌بووبێت كه‌متریش نه‌بووه. بۆیه جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن بوو حیزبێك رۆژگارێك له نیوه‌ی رێژه‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه بگاته ئه‌و ئاسته.
ده‌نگی زاڵ له‌ناو یه‌كێتی و له ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كه‌ش ئه‌وه بوو كه هۆكاره‌كانی لاوازبوونی پێگه‌ی یه‌كێتییان ده‌به‌سته‌وه به خراپیی رۆڵ و ئەدای ئه‌وانه‌ی یه‌كێتییان به‌ڕێوه ده‌برد (مەکتەبی سیاسی و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی). ئه‌مه بووه بناخه‌ی ئه‌و شه‌پۆله ناڕازییه‌ی ناو یه‌كێتی كه سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له كۆنگره‌ی چواره‌می حیزبه‌كه به ئاوتكردنی ئه‌و جیله كۆنه كۆتاییهات كه پێشتر یه‌كێتییان به‌ڕێوه‌بردبوو، جیله گه‌نجه‌كه نه‌ك چوونه ناو ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌ڵكو هه‌موو حیزبه‌كه‌شیان كۆنترۆڵكرد.
له دوای كۆنگره‌شه‌وه زۆرترین پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه كراوه كه ئه‌م یه‌كێتییه، یه‌كێتییه له‌ڕ و لاوازه‌كه‌ی پێشووتر نییه، به‌هێز و گوڕوتینێكی تازه‌وه هه‌ستاوه‌ته‌وه و له هه‌موو ئاسته‌كاندا داوای هاوسه‌نگی له ركابه‌ره‌كه‌ی ده‌كرد. كه‌واتە به پله‌ی یه‌كه‌م به‌هۆی ئه‌و ئاڵوگۆڕه ناوخۆییه‌ی له كۆنگره‌ی چواره‌م له‌ناو یه‌كێتیدا روویدا، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌زموونی سه‌ركردایه‌تیی نوێ، ده‌بێته سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ ده‌رخستنی توانا و لێوه‌شاوه‌ییان له به‌ڕێوه‌بردنی قۆناخی "هه‌ستانه‌وه" وه‌ك خۆیان ناویان نابوو.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆرجار نیگه‌رانی له‌وه ده‌ربڕیبوو كه یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق و هەرێمی كوردستان یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه پارتی دیموكراتی كوردستانی به به‌هێزی هێشتووەته‌وه، ته‌نانه‌ت له ئاستی باڵای حیزبه‌كه‌دا چه‌ند جارێك ئه‌وه‌یان دووپاتكردووەته‌وه كه پارتی به ده‌نگی بادینانه‌وه حوكمی هه‌موو كوردستان ده‌كات. له‌وه‌ش دڵنیابوون ناتوانن به‌ئاسانی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له كوردستان بگۆڕن ئه‌گه‌ر له به‌غداوه مۆدێلێكی دیكه‌ی شێوازی هه‌ڵبژاردن نه‌هێننه ئاراوه، به ئامانجی ئه‌وه‌ی له قۆناخی داهاتوودا بكرێته بنه‌ما بۆ گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانیش بۆ فرەبازنه‌یی. بۆیه ئه‌م یاسا تازه‌یه‌ی وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌زموون هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ری پێبه‌ڕێوەده‌برێت، له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو و له‌لایه‌ن نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عێراقه‌وه پێشكێش به په‌رله‌مان كرا. هیچ گومانێكیش له‌وه‌دا نییه كه ئه‌م سیسته‌مه نوێیەی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندایه.
كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دروستكرا، هه‌رچه‌نده خۆیان به‌و جۆره وێنا ده‌كرد هێزێكی ركابه‌ری پارتی و یه‌كێتین، به‌ڵام له واقیعدا دروستبوونی ئه‌م هێزه له منداڵدانی یه‌كێتییه‌وه هاتبووه ده‌ره‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌ركردایه‌تی و كادیر و جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ری یه‌كێتی بوون و له واقیعدا بووه ركابه‌ری یه‌كێتی له زۆنی سه‌وز و ده‌نگی له یه‌كێتی ده‌برد نه‌ك له پارتی. بۆیه دروستبوونی هاوپه‌یمانی له‌نێوان یه‌كێتیی و گۆڕان به‌جۆرێك له جۆره‌كان كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه په‌رتبووه‌كانی پێشووتری یه‌كێتییه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی دیکەیش كه پێشووتر یه‌كێتی نه‌بوون و بوونه گۆڕان و ئێستا به‌هۆی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌وه ده‌نگه‌كانیان ئاو ده‌كاته ئاشی به‌هێزبوونه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌وه.
به‌و سێ پێوه‌ره‌ی له سه‌ره‌وه باسمكردوون ده‌بێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، یه‌كێتیی نیشتمانی وه‌ك چه‌تری هاوپه‌یمانیی كوردستان كه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكیهێناوه، ببێته هێزی ژماره یه‌كی كوردستان و زۆرترین ده‌نگی خه‌ڵك و ژماره‌ی كورسییه‌كان به ده‌ستبهێنێت. چونكه له‌لایه‌ك یه‌كێتی پاساوی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه كه سه‌ركردایه‌تییه كۆنه‌كان هۆكاری نیگه‌رانیی جه‌ماوه‌رن، هه‌روه‌ها سیسته‌می فره‌بازنه‌یی له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتیدایه، سێیەمیش به‌هۆی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان دروستیكردووه بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان بووه‌ته‌وه به یه‌ك. له هه‌موو ئه‌وانه‌ش روونتر ئه‌وه‌یه وه‌ك چۆن كورد ده‌ڵێت (گوێز به ژماره، مایه‌كه‌ی دیاره). رێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كانی دیکەی ركابه‌ری هاوپه‌یمانی به به‌راورد به هاوپه‌یمانی، وه‌ك مانگی چوارده دیاره كه ده‌بێت هاوپه‌یمانی بیباته‌وه. به‌ڵام ئایا له واقیعدا هاوپه‌یمانی ده‌یباته‌وه؟
سه‌ره‌تا با بزانین بۆچی به‌پێی ژماره‌ی ده‌نگه‌كان هه‌لومه‌رج له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتیی و گۆڕان بوو كه ببنه هێزی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن.
هه‌رێمی كوردستان به‌پێی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و رێژه‌ی ئه‌و كورسییانه‌ی بۆ پارێزگاكان دیاریكراوه (45) كورسییه، 18 كورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، 15+1 بۆ هه‌ولێر، 11 بۆ دهۆك. له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان، كورد ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستهێنانی شەش كورسیی كه‌ركووك و هەشت بۆ نۆ كورسیی نه‌ینه‌وا و یەک كورسیی دیاله و یەک كورسیی پارێزگای سەلاحه‌دینی هه‌یه. واتا جگه له 45 كورسییه‌كه‌ی ناو هه‌رێمی کوردستان، شانسی ئه‌وه‌ی هه‌یه 17 كورسی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش به‌ده‌ستبهێنێت و رێژه‌ی كورسییه‌كانی بگاته 62 كورسی په‌رله‌مانی.
ساڵانێكی زۆریشه هێزه ركابه‌ره‌كانی پارتی نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن كه پارتی حوكمی كوردستانی به‌ده‌سته و رۆڵی یه‌كلایكه‌ره‌وه له نوێنه‌رایه‌تیی به‌غداش هه‌ر لای ئه‌وه، لایه‌نه‌كانی نه‌یاری پارتی به‌جیاجیا و پێكه‌وه‌ش زۆر كاریان بۆ گۆڕینی ئه‌م هاوكێشه‌یه كرد و ئه‌نجامی ئه‌وتۆی نه‌بووه. به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ چاوه‌ڕوانكراو بوو بتوانرێت ئه‌و رۆڵه له پارتی وه‌ربگیرێته‌وه و هاوپه‌یمانیی كوردستان ببێته جێگره‌وه‌ی پارتی به حوكمی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی كورد به‌ر هاوپه‌یمانی ده‌كه‌وت. له واقیعدا و به هه‌موو پێوه‌رێك ده‌بوو ئه‌نجامه‌كه‌ی وابووایا كه هاوپه‌یمانی ببوایه‌ته براوه‌ی یه‌كه‌م و پارتی دووه‌م، به‌ڵام ئه‌مه روونادات، چونكه له سه‌ره‌تاوه كڵاوێك كراوه‌ته سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ره‌نگه دوای هه‌ڵبژاردن ئه‌وكات هه‌ستی پێبكات.
پارتی جگه له دهۆك و هه‌ولێر و نه‌ینه‌وا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا شانسی به‌ده‌ستهێنانی كورسی له پارێزگاكانی دیکەی وه‌ك سەلاحه‌دین و دیاله و كه‌ركووك و سلێمانی لاوازه. به‌ڵام هاوپه‌یمانیی كوردستان جگه له سلێمانی و كه‌ركووك و دیاله و سەلاحه‌دین، له دهۆك و نه‌ینه‌وا و هه‌ولێریش شانسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، به‌و هۆیه‌وه ده‌یتوانی ببێته هێزی یه‌كلاكه‌ره‌وه. چونكه به‌پێی رێژه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی له هه‌ر پارێزگایه‌ك و سنووری هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردندا هه‌یه‌تی، ده‌بوو 16 كورسیی پارێزگای سلێمانی و شەش كورسیی كه‌ركووك و پێنج كورسیی هه‌ولێر و یەک كورسیی دهۆك و دوو كورسیی نه‌ینه‌وا و یەک كورسیی سەلاحەدین و كورسییه‌كی دیاله به‌رێت كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا كورسییه‌كانی بگه‌نه زیاتر له 30 كورسی. به‌ڵام ئه‌مه روونادات.
هۆكاری ئه‌وه‌ی واده‌كات هاوپه‌یمانی نه‌توانێ ئه‌و ده‌نگانه به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وه نییه كه خه‌ڵك متمانه‌ی به هه‌ڵبژاردن لاواز بووە، ئه‌گه‌ری رێژه‌ی به‌شداری كه‌متره به به‌راورد به هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر. چونكه تا رێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵكی ناڕازی و تووڕه له حیزبه‌كان كه‌متر بێت له به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه گه‌وره‌كاندایه، ئه‌وكات ته‌نها به ده‌نگی مووچه‌خۆر و ئه‌ندام و رێكخستنه‌كانی خۆیان ده‌رده‌چن، با رێژه‌ی به‌شداری و ژماره‌ی ده‌نگه‌كان هه‌ر كه‌م بن. هۆكاره‌كه شتێكی دیكه‌یه، ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه یاخود وه‌ك كڵاو كراوه‌ته سه‌ر یه‌كێتی، دیاریكردنی جۆری كه‌سایه‌تییه‌كانه وه‌ك بەربژێر و ژماره‌یانه به‌پێی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه فره‌بازنه‌یه و راسته‌وخۆ ده‌نگ به بەربژێر ده‌درێت نه‌ك به قه‌واره‌ی سیاسی، كه‌واتە پێویست وابوو یه‌كێتیی و گۆڕان ناسراوترین و به‌هێزترین كه‌سایه‌تییه‌كانی خۆیان له‌و ناوچانه بەربژێر بكردایا كه خاوه‌ن پێگه و نفوزی جه‌ماوه‌رین، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی ئێستا بەربژێركراون هه‌ندێكیان ره‌نگه كه‌مترین پێگه و ناسراویان هه‌بێت له سنووری ئه‌و بازنه‌یه‌ی خۆیان تیا پاڵاوتووه. هه‌روه‌ها ده‌بوو به‌پێی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌و بازنه‌یه بەربژێر دیاری بكرایا نه زیاد و نه كه‌م، ئه‌وه‌ی ئێستا كردوویانه له هه‌ندێ بازنه له‌به‌ر زۆری ده‌نگ و كه‌میی بەربژێر ده‌نگیان به هه‌ده‌ر ده‌چێت و له هه‌ندێ بازنه له‌به‌ر كه‌میی ده‌نگ و زۆری بەربژێر ده‌نگه‌كانیان بڵاوده‌بێته‌وه و ناگاته ئه‌وه‌ی كورسی پێبه‌ده‌ستبهێنرێت. ده‌بێت ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی بخرێته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی ئه‌وه‌ی بۆ وا كراوه؟ كه من باوه‌ڕم به‌وه‌یه ئه‌مه به هه‌ڵه به‌سه‌ریاندا تێنه‌په‌ڕیوه، به‌ڵكو كه‌سانێك به مه‌به‌ست به‌و ئاراسته‌یه بردوونی تا هاوپه‌یمانی نه‌بێته براوه‌ی یه‌كه‌م، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌وه بووه پارێزگای كه‌ركووك و سلێمانی بۆ یه‌كێتی و گۆڕان یه‌كلایی نه‌بێته‌وه.
لێره‌دا زیاتر تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ندێ ورده‌كاریی بازنه‌كانی ئه‌م دوو پارێزگایه.
كه‌ركووك 12 كورسی بۆ ته‌رخانكراوه و دابه‌شكراوه‌ته سه‌ر سێ بازنه، یه‌كێك له بازنه‌كان كه سێ كورسی بردووه، دراوه‌ته حه‌ویجه و كورد هیچ شانسێكی له‌و بازنه‌یه نییه. بازنه‌ی یه‌كیش زیاتر ناوچه كوردییه‌كانی گرتووه‌ته‌وه و پێنج كورسی بۆ دیاریكراوه و بۆ كورد یه‌كلابووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه كه هه‌ر سێ پێكهاته‌كه‌ی كه‌ركووك كێبڕكێی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بازنه‌ی دووه‌مه. له باشترین حاڵه‌تدا كورد شانسی ئه‌وه‌ی هه‌یه پێنج كورسییه‌كه‌ی بازنه‌ی یه‌كه‌م و كورسییه‌ك له بازنه‌ی دووه‌م به‌رێت، واتا كورد ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه بتوانێت شەش كورسییه‌كه‌ی پێشووتری به‌ده‌ستبهێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌ناو هه‌موو بەربژێر و هێزه كوردییه‌كانیش شانسی زیاتره ئه‌وه‌یه كه هاوپه‌یمانیی كوردستان بتوانێت ئه‌و شه‌ش كورسییە به‌رێت. كه‌واتە له ساده‌ترین پلان و خۆئاماده‌كردنی لیستی هاوپه‌یمانی بۆ كه‌ركووك ده‌بوو ئه‌م قه‌واره‌یه شەش كه‌س بەربژێر بكات. به‌ڵام ئێستا هەشت كه‌سی بەربژێر كردووه. له بازنه‌ی یه‌ك شەش بەربژێر و له بازنه‌ی دوو به‌هه‌مان شێوه دوو بەربژێری هه‌یه.
ئه‌مه نه زانستی ده‌وێت و نه شاره‌زایی، كاتێك باشه كه بەربژێری زیاتر دابنرێت، ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ر ده‌نگ به قه‌واره بدات، ئه‌وكات ده‌گوترێت به‌هۆی زۆری بەربژێرەکانمانەوە ده‌نگی زۆر بۆ قه‌واره‌كه ده‌چێت و هێزی قه‌واره‌كه كورسی دیاری ده‌كات. به‌ڵام به‌پێی ئه‌م سیسته‌مه راسته‌وخۆ ده‌نگ به بەربژێر ده‌درێت و هه‌موو كه‌س ده‌زانێت دابه‌شبوونی ده‌نگه‌كان به‌سه‌ر بەربژێری زیاتردا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كه‌مده‌كاته‌وه. هاوپه‌یمانیی كوردستان بۆ بازنه‌ی یه‌ك كه كێبڕكێ له‌سه‌ر پێنج كورسی ده‌كرێت شەش بەربژێری هه‌یه. له بازنه‌ی دووه‌میش له باشترین حاڵه‌تدا كورد یه‌ك كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، هاوپه‌یمانی به ته‌نیا دوو بەربژێری هه‌یه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی بەربژێرەکانی له ژماره‌ی كورسییه‌كان زیاتره، ئه‌مه‌ش واده‌كات شانسی به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كانی كه‌متر ببێته‌وه له شەش كورسییه‌وه بۆ 4 یا 5 كورسی. ئامانجه‌كه ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی به ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی كه‌ركووك نه‌كات.
له پارێزگای سلێمانی هاوپه‌یمانیی كوردستان پێچه‌وانه‌ی پارێزگای كه‌ركووكی كردووه، له چه‌ند بازنه‌یه‌ك رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی زۆر زیاتره له به‌های ئه‌و كورسییانه‌ی بەربژێری بۆ دیاریكردووه. یه‌كێتی و گۆڕان پێكه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو زۆرینه‌ی ده‌نگی پارێزگای سلێمانیان هه‌بووه. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر پێنج بازنه‌دا جگه له هاوپه‌یمانیی كوردستان هیچ هێزێك شانسی ئه‌وه‌ی نه‌بوو هیچ كورسییه‌ك له‌م پارێزگایه بهێنێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و گۆڕان به‌و جۆره بەربژێریان دیاری بكردایا به‌سه‌ر بازنه‌كاندا كه دڵنیایی بردنه‌وه‌یان هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی گومانه ئه‌وه‌یه كه له بازنه‌ی وا هه‌یه هاوپه‌یمانیی کوردستان له به‌ده‌ستهێنانی كورسیی ئه‌و بازنه‌یه‌دا ده‌بێته كه‌مینه. مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه بۆچی یه‌كێتی رازی بووه، به‌و جۆره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رفه‌ته بكرێت كه بۆی ره‌خسابوو كه سلێمانی بۆ یه‌كلاببێته‌وه و ئێستا ئه‌گه‌ری هه‌یه نیوه‌ی كورسییه‌كانی به‌ركه‌وێت.
له‌و 18 كورسییه‌ی پارێزگای سلێمانی كه دابه‌شكراوه‌ته سه‌ر پێنج بازنه‌دا، به‌پێی رێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر و ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی بۆ ئێستا هه‌بوون، هاوپه‌یمانی شانسی بردنه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری كورسییە‌كانی هه‌بوو، چونكە به یه‌كێتی و گۆڕان 388 هه‌زار ده‌نگیان هه‌یه، ئه‌م ژماره‌یه كه دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر پێنج بازنه‌دا له سنووری هه‌ر بازنه‌یه‌ك له 45 تا 97 هه‌زار ده‌نگ ده‌وه‌ستێت. ئه‌مه‌ش به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر زیاتره له ده‌نگی ركابه‌ره‌كانی، كه ده‌نگی هیچ كامیان نه‌گه‌یشتووەته 75 هه‌زار ده‌نگ له ئاستی پارێزگا كه دابه‌شده‌بێت بۆ پێنج بازنه‌كه هیچ حزبێكیان ده‌نگیان ناگاته 20 هه‌زار ده‌نگ له هیچ كام له بازنه‌كان. به‌ڵام ره‌چاوی ئه‌وه نه‌كراوه بۆ نموونه له بازنه‌ی سێ كه پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ده‌گرێته‌وه، یه‌كێتی و گۆڕان نزیكەی 45 هه‌زار ده‌نگیان له سنووری ئه‌و بازنه‌یه هه‌یه، هیچ كام له لایه‌نه ركابه‌ره‌كانیان له 15 هه‌زار ده‌نگ زیاتریان نییه. هاوپه‌یمانی ده‌یتوانی به‌لانی كه‌م و به‌دڵنیاییه‌وه دوو كورسی له سێ كورسی ئه‌و بازنه‌یه به‌رێت، به‌ڵام ئێستا به یه‌كێتی و گۆڕان هیچ بەربژێرێکی پیاویان دانه‌ناوه و چاویان له‌وه‌یه كۆتای ژن به‌رن. دوو كورسی موسته‌هه‌قی خۆیان جێهێشتووه بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی.
له بازنه‌ی چوار كه سنوری پشده‌ر و رانیه تا دووكان ده‌گرێته‌وه و چوار كورسی بۆ ته‌رخانكراوه، یه‌كێتی و گۆڕان 97 هه‌زار ده‌نگیان له سنووری ئه‌و بازنه‌یه هه‌یه و هیچ حیزبێك رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی له 20 هه‌زار تێپه‌ڕ ناكات، كه‌واتە ده‌یانتوانی زۆر به دڵنیاییه‌وه هه‌ر چوار كورسییه‌كه‌ی ئه‌و بازنه‌یه ببه‌نه‌وه و هێشتا هه‌زاران ده‌نگیشیان زیاتر بوو. كه‌چی ئێستا ته‌نیا دوو پیاویان بەربژێر كردووه و چاویان له‌وه‌یه كۆتایه‌كی ژنیش به‌رن و كورسییه‌كیان جێهێشتووه. واتا به‌شی زیاتر لە چوار كورسی ده‌نگیان هه‌بوو كه‌چی سێ كه‌سیان بەربژێر كردووه.
پێچه‌وانه‌ی بازنه‌ی چوار و بازنه‌ی سێ، له بازنه‌ی پێنج‌دا ناوچه‌كانی گه‌رمیان به یه‌كێتی و گۆڕان 57 هه‌زار ده‌نگیان هه‌یه، بۆ هه‌ر چوار كورسییه‌كه چوار بەربژێریان دیاریكردووه، به‌ڵام گومانی ئه‌وه ده‌كرێت یه‌كێك له بەربژێرەکان هاوپه‌یمانی بكرێته قوربانی بۆ ئه‌وه‌ی بەربژێرێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربچێت له بری یه‌كێك له بەربژێرەکانی هاوپه‌یمانی. ته‌ماشا بكه له بازنه‌یه‌كدا 45 هه‌زار ده‌نگیان هه‌یه، ته‌نیا یه‌ك كه‌سیان بەربژێر كردووه، له بازنه‌یه‌كی دیکەدا 55 هه‌زار ده‌نگیان هه‌یه چوار كه‌سیان بۆ بەربژێر كردووه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه له چوارچێوه‌ی ئه‌و لێكگه‌یشتنه‌دابێت وه‌ك ده‌گوترێت له‌نێوان یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو كراوه، ئه‌وه‌ی زانراویشه ئه‌وه‌یه ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌و بازنانه‌ی خۆیان بەربژێریان نییه ده‌نگ ده‌ده‌ن به ركابه‌ره‌كانی یه‌كێتی.
له دوو بازنه‌كه‌ی دیکەی ناو سلێمانیشدا هه‌ست به‌هه‌مان سیناریۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی دوو كه‌سی دیکە له شوێنی دوو بەربژێری یه‌كێتی یان گۆڕان ده‌ربچن. پێش هه‌ر شت ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه ئه‌وه‌ی یه‌كێتی كردوویه‌تی، ئه‌گه‌ر كورسیی خۆی كه‌مبێته‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی دیکە، ئه‌وه زیانه به خودی حیزبه‌كه‌ی گه‌یاندووه و له داهاتوودا هه‌ست به كاریگه‌رییه‌كانی ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه تاكتیكه و كردوویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بەربژێرەکانی گۆڕان بكه‌ون و له بری ئه‌وان ئه‌و كه‌سانه ده‌ربچن كه له ده‌ره‌وی یه‌كێتین، ئه‌وه‌ش بێمتمانه‌ییه‌كی خراپ له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕان دروستده‌كات و له داهاتوودا هیچ حیزبێك متمانه‌ی به‌وه نامێنێت كه هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بكات.
وه‌ك له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م پێیدا ئه‌گه‌ر كه‌سانی دیکە یه‌كێتییان به‌و ئاراسته‌یه‌دا برد بێت كه له زۆنی یه‌كێتی، یه‌كێتی هێزی ته‌نیا و یه‌كلاكه‌ره‌وه نه‌بێت، ئه‌وه ده‌بێت گومان بۆ ئه‌وه بچێت كه‌سانێك هه‌ن له بۆسه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا هیچ ئه‌گه‌رێكی دڵنیایی بۆ یه‌كڕیزی كورد ده‌سته‌به‌رنه‌بێت، به‌رده‌وام گرووپێك هه‌بن وه‌ك ده‌ستكه‌لا بۆ رێگری له دروستبوونی یه‌كگوتاریی كورد به‌رامبه‌ر به‌غدا.