ناکۆکیەکانی تورکیا و ئەمریکا لەسەردەمی بایدندا

بورهان شێخ رٶوف

ھەفتەی پێشوو وتارێکم نووسی دەربارەی ھەوڵەکانی تورکیا بۆ سفرکردنەوە ‌و چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ، وا ئێستاش ھەوڵدەدەم باسی ناکۆکیەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا و گرنگی ڕۆڵ و پێگەی تورکیا بۆ ئەمریکا  بکەم .

 

لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک جۆزیف بایدن لە ٢٠/١/٢٠٢١ ، بۆیەکەم جار لە ٢/٢/٢٠٢١ پەیوەندییەکی تەلەفونی لە نێوان ھەردوو گەورە ڕاوێژکارانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و جۆزیف بایدن سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا ، بەمەبەستی سووککردنی ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان ، وادیارە ئەمە ھەوڵ و ھەنگاوێکە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ، ئیدی نازانرێت شانسی سەرکەوتنی تا  چەندە؟

وەکو باس دەکرێت  ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆگان ( ئیبراھیم کالن ) لە گەڵ ڕوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ( جیک سولیفان ) کێشەکانی تایبەت بە سوریاو لیبیا و ڕۆژھەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و قوبرس و ھەرێمی ناگۆرنۆ کەرەباخیان تاوتوێ کردووە .

 

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵ (کالین ) بە بەرپرسە ئەمریکیەکەی ڕاگەیاندووە  کە ئەوان خوازیارن ھەموو تواناکان بخەنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ھەموو کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا کە بە پلەی یەکەم خۆی لە کڕینی سیستمی S٤٠٠  ڕوسی دەبینێتەوە لەلایەن تورکیاوە و کێشەی پلە ‌دوویش  یارمەتی کۆمەکیەکانی ئەمریکایە بۆ ھێزە کوردییەکانی ( ھەسەدە )لە باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا .

 

لەلای خۆیشیانەوە کۆشکی سپی لە بەیانێکدا ڕایانگەیاند کە  (جیک سولیفان )  پێداگیری کردووە کە ئیدارەی بایدن خوازیاری پەیوەندییەکی دروست و ھاوسەنگە لە گەڵ تورکیاو لە ھەمان کاتیشدا ئاماژەی بە خاڵە ناکۆک و جیاوازییەکان کردووە ، ھەروەھا ئەوەشی پێڕاگەیاندوون کە سەرۆک بایدن و ئیدارەکەی خوازیاری پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری زەریای ئەتڵەسین لە ڕێگەی ھاوپەیمانی ئەتڵەسیەوە ، لە ھامانکاتیشدا نیگەرانی خۆیانی پیشانداوە لە کڕینی ڕۆکێتی زەمین بە ئاسمانی ڕوسی لە لایەن تورکیاوە کە دەبێتە ھۆی لاوازی و دروستبوونی درز لە یەکگرتوویی ھاوپەیمانی ناتۆ .

ڕوون و ئاشکرایە ئەم پەیوەندی و سەلام و کەلامە لە کاتێکدا دێت کە نیگەرانی و ساردی و سڕییەک لە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتدا ھاتبووە ئاراوە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک بایدن ، بە تایبەتی کەلە ماوەی ڕابردوودا ھەندێک ئاماژەی نیگەتیف لە سەر پەیوەندییەکانی ئەمریکاو تورکیا دەبینرا کەلە واشنتۆنەوە ئاڕاستە دەکرا ، ئەنقەرەیان بە سەرچاوەی نیگەرانیەکی ھاوبەش دادەنا بۆ ئەوروپاو ئەمریکا .

 

بابەتی ناکۆکیە سەرەکیەکانی ئەمریکاو تورکیا:

١.سیستمی بەرگری ڕۆکێتی  S٤٠٠  ڕوسی 

 

کڕینی سیستمی ڕۆکێتی بەرگری ڕوسی دژ بە ڕۆکێتی بالیستی و فڕۆکە دیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان دوو وڵاتە ، تا کار گەیشتە ئەوەی ئەمریکا تورکیا دەربکات لە بەرنامەی دروستکردنی فڕۆکە  (    F٣٥   ).

 

ئەمریکا دەبێژێت کڕینی ئەم سیستەمە بەرگرییە ڕوسیە ‌لەلایەن تورکیاوە ، سەرپێچی سزاکانی ئەمریکایە لەسەر ڕوسیا ، تورکیاش دەبێژێت کڕینی ئەم سیستمە پێش دەرکردنی ئەو یاساو سزانەی ئەمریکا بووە بەسەر ڕوسیادا.

 

لە ھەمانکاتدا ئەمریکیەکان پێیان وایە کڕینی سیستەمی بەرگری ڕوسی ھەڕەشەیە بۆ سەربەرنامەی فڕۆکەی f٣٥   ئەمریکی ،وە دەبێتە ھۆی گواستنەوەی زانیاری  سەربازی و  ئاسایش و ھەستیارو بۆ ڕوسیا .

لەبەرامبەر ئەم وتە و لێدوانانەی ئەمریکادا ئەنقەرەش دەڵێن ئەم سیستمە ڕوسیە جیا دەکەینەوە و دووری دەخەینەوە لە سیستەمی ناتۆ و فڕۆکەی F٣٥  نایەڵین بەریەککەوتن ڕوبدات لە نێوانیاندا ، لەلایەکی تریشەوە تورکیا دەبێژێت یۆنانی دراوسێمان کە ئەویش ئەندامی پەیمانی ناتۆیە خاوەنی سیستمی بەرگری S٣٠٠ ڕوسیە کەنەوەیەکی کۆنتری ئەم سیستمەی ڕوسیە کە تازە تورکیا کڕیوویەتی کەچی ئەمریکیەکان بۆ ئەوان دەنگ ناکەن و ھیچ نیگەرانیەکیان نیە .

ھەربۆیە تورکیا پێشنیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی دەکات بۆ باسکردنی ئەم بابەتە ، ئەنقەرە دەبێژێت ناچار بووە ئەم سیستمە ڕوسیە بکڕێت لەبەرئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا قایل نەبوون سیستمی بەرگری پێشکەوتوومان پێ بفرۆشن ، ھەروەکو لە سەردەمی ئۆبامادا ڕویدا کە داخوازی کڕینی سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی ڕەتکردەوە کە ئەمە سەرۆک ترەمپیش دانی پێدانا .

تا کار گەیشتە ئەوەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکانی سیستمی پاتریۆتەکانیان لە تورکیا بکشێننەوە و لە کاتی ڕودانی کێشە لە نێوان ڕوسیا و تورکیادا و لە کاتی دەستوەردانی تورکیا لە سوریادا ، تا ئەوەی فڕۆکە ڕوسیەکان ئاسمانی تورکیا ببەزێنن ، دواتر فڕۆکەیەکی ڕوسیا خرایە خوارەوە لەلایەن تورکیاوە.

جیاوازی گەورەی نێوان تورکیا و ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی نزیک بوونەوەی تورکیایە لە ڕوسیا ، لە کاتێکدا تورکیا ھۆکاری نزیک بوونەوەی لە ڕوسیا دەگەڕێنێتەوە بۆ نائومێد بوونی لە کۆمەک و ھاریکاری ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی  بۆ دەستوەردانەکانی لە سوریا لەکاتێکدا دەڵێن ئێمە دەستوەردانەکانمان بە ئاگاداری و ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوان بووە.

ھۆکارێکی تری نزیک بوونەوەی تورکیا لە ڕوسیا ھەڵوێستی  لاوازو نیگەتیفی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ٢٠١٦ بوو لە بەرامبەر ھەڵوێستی ڕوون و دژ بە کودەتاکە لەلایەن ڕوسیاوە .

لێرەدا دەبێت باسی ئەوەش بکەین کە نزیک بوونەوەی ڕوسیا و تورکیا ھۆکاری سەرەکی ڕەخنەوە و نیگەرانی ئەمریکا و ئەوروپیەکانە لە سیاسەتەکانی ئەردۆگان ، بەڵام لە شوێنەکانی تری وەکو لیبیا و سوریا و دەریای ڕەش و قەوقاز و ئۆکرانیا ئەنقەرە تاکە ڕکابەری ڕوسیایە.

٢.ھەڵوێست لەسەر قەیرانی سوریا  ناکۆکی لە سەر ئەدلیب و ھەسەدە
خاڵێکی زۆر گەورەو سەختی ناکۆکی لە ھەڵوێستدا لە نێوان ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی و تورکیادا دەستوەردانی تورکیایە لە باکورو ڕۆژھەڵاتی تورکیادا کە ھێزە کوردییەکانی(ھەسەدە) دەیبەن بەڕێوە، لەبەرامبەردا ئەمریکا و ناتۆ پشتیوانی دەستێوەردانی ئەنقەرە لە ئەدلیب دەکەن ، کە تورکیا ئەمە بە دوو ڕوویی دەزانێت ، پاساوی تورکیا ئەوەیە کە ھێزەکانی ھەسەدە بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ‌لیستی تیرۆری ئەمریکاو تورکیادان ، ھێزە کوردیەکان و پەیەدەش ئەمە بە  ورد و درشتیەوە ڕەت دەکەنەوە و خۆیان بە ھێزێکی سەربەخۆ و ئازاد دەزانن و شەڕی تیرۆرو داعشیان کردووە و لە سەردەستی ھەسەدە داعش لە سوریا شکستی ھێناو پایتەختەکەیان ڕەقە ڕزگار کرا .

لەدوا پاساویاندا ئەنقەرە ھۆکاری پەلاماردانەکانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ پابەند نەبوونی ھەسەدە بەو ڕێککەوتنەی کە تورکیا لەگەڵ ئەمریکیەکان کردوویانە ،  بە دوورکەوتنەوە لە سنورەکانی تورکیا بۆ پاراستنی ئاسایشی تورکیا ، لە کاتێکدا لە دە ‌ساڵی ڕابردودا لە سنوری ھەسەدەوە ھیچ ھێرش وپەلامارێک نەکراوەتە سەر سنورەکانی تورکیا.

٣.لیبیا 

 

ھەرچەندە لیبیا خاڵێکی زۆر گرنگ و مەبەستی ناکۆکی تورکیا و ئەمریکا نیە ھێندەی ئەمریکا خوازیاری ئەوەیە ڕۆڵی جەنراڵ خەلیفە حەفتەر لە قاڵب بدات چونکە دۆست و ھاوپەیمانی ڕوسیایە و دژ بە ئەجندای ئەمریکایە ، ھەڵوێستی ئەمریکا زۆر ڕوون نیە لە مەڕ لیبیا ، بەڵکو ڕەخنە گرتن و سەرکۆنەکردنی ھەڵوێستی ڕوسیایە زیاتر .

٤.فەلەستین 

 

بابەتێکی تری ناکۆکی نێوان ئەردۆگان و ترەمپ مەسەلەی فەلەستین بوو بە تایبەتی کە ترەمپ ئەندازیارو عەرابی سەودای سەدە بوو ، ئەردۆگانیش دژی بوو کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی ھاریکاری ئیسلامی بەست لە پێناو قودسدا ، جگە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ بزوتنەوەی حەماس لە غەزە ، لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەوەبڵێم سەرەڕای ئەم ھەڵوێست و لێدوانانەی ئەردۆگان کەچی تورکیا پەیوەندی دیبلۆماسی و بازرگانی گەورەی لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە و بۆخۆی بە حەلاڵی دەزانێت بەڵام بۆ وڵاتانی تر بە حەرامی دەزانێت !!

٥.ئێران 

 

لە مەسەلەی ئێرانیشدا ھەڵوێست و کارو کردەوەو لێداوانەکانی ئەمریکا وتورکیا تەمومژاوی و فرە جیاواز و ئاڵۆزە ، چونکە ئێران وتورکیا دوو وڵاتی ڕکابەری ئیقلیمی و دراوسێی یەکترن، سەرنج بدەن تورکیا پشتیوانی شۆڕشی سوریا بوو ئێران پشتیوانی حکومەتی ئەسەد و دژبە شۆڕش بوو سەرەڕای ئەمەش ئەم دوو وڵاتە توانیان پەیوەندییەکانی خۆیان بپارێزن لەھەمان کاتدا ڕکابەر و ھاوکاری یەکتریش بن .

 

لە لایەکی تریشەوە تورکیا دژی ھەڵکشان وفشاری ئەمریکا بوو بۆ سەر ئێران لە ھەمانکاتیشدا پابەند بوو بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران،  ھەرچەند ڕایگەیاند بوو کە دژی ئەو سزایانەشە.

٦.یۆنان 

 

ناکۆکی سنوری دەریایی نێوان تورکیا و یۆنان بابەتێکی تری ناکۆکی تورکیا وبەشێک لە وڵاتانی ئەوروپایە بە تایبەتی فەرەنسا ،  ئەمریکا زۆر توند نیە لەم بابەتەدا بەڵام لە یۆنان نزیکترە .

 

بەڵام گوتاری میدیایی خۆرئاوا وا وێنەی دەکات کە تورکیا دەستدرێژی دەکاتە سەر یۆنان .

 

ئایا بوارێک ماوە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا ؟

 

سەرۆک بایدن بەڵێنی ئەوەی داوە کە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ ھەموو وڵاتان چڕ بکاتەوە، لە گەڵ تورکیاشدا بوار ھەیە سەرەڕای ئەوەی لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا لێدوان و قسەی بەرزو نزمی زۆر کرا , ئەردۆگانیش تا دوا ساتەکان لە گەڵ ترەمپ لە پەیوەندییەکی نایابدا بوو .

سەرەڕای ھەموو ئەوانەش بوونی ناکۆکی زۆر لە نێوان ھەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و تورکیا ،بەڵام چۆنیەتی ئیدارەدانی پەبیوەندییەکانی ڕۆژئاوا بە گشتی و تورکیا گرنگیەکی ستراتیجی زۆری ھەیە لەبەر ئەم ھۆکارانە:-

١.تورکیا ھاوپەیمانێکی گرنگی ڕۆژئاوایە لەبەرئەوەی خاوەنی گەورەترین سوپایە لە ناتۆدا دوای ئەمریکا .

 

٢. پێگەی جوگرافی لە نێوان ئاسیاو ئەوروپا وایلێکردووە کەناوچەیەکی جیاکەرەوەی گرنگ بێت نەک بۆ ڕۆژھەڵاتی دوور  بەڵکو بەرگرتن بە فراوانخوازی ڕوسیاش .

٣. پشتیوانێکی گرنگی ھاوپەیمانی ناتۆ بوولە شەڕی ئەفغانستان و شەڕی دژبە تیرۆر .

 

بەڵام سیاسەتەکانی بۆ بنیاتنانی ئابوری سەربەخۆ واشنتۆنی نیگەران کردووە. 


لە کۆتایی ئەم باسەدا 

 

دەکرێت بپرسین ئایا فشاری زیاتری سەرۆک بایدن لە ئەردۆگان لە ئەمریکای نزیک دەکاتەوە یان پاڵی پێوە دەنێت بەرەو مۆسکۆ بڕوات ، یان زیاتر ھەنگاوی سەربەخۆ دەنێت بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست و دەستوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە زیاتردەکات .

 

بەڵام ئەوەی ڕوونە بایدن لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیبلۆماسیە کلاسیکیەکاندا ھەڵسوکەوت لەگەڵ تورکیا دەکات ، نەک بە پەیوەندی کەسێتی و تایبەتی وەکو سەردەمی ترەمپ .

 

لە چوار ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا زۆرێک لە دۆست و ھاوپەیمانەکانی لە دەستدا  بۆیە بایدن لە ھەوڵی ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی ترەمپ دایە .


19/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر