عێراقێکی بێ داعش و میلیشیات

بورهان شێخ رٶوف

ئیدارەی نوێی ئەمریکا  پلان و ستراتیجیەتی نوێی ھەیە بۆ عێراق، بە پێچەوانەی سەرۆکی پێشو ترەمپ  کە بڕیاری دابوو ھێزەکانی کەم بکاتەوە لەعێراق، بەڵام ئیدارەی بایدن بڕیاری دا پێداچوونەوەبەو بڕیارەدا  بکات.

ئەو ستراتیجیەتە  ڕۆژی  ١٦/ شوبات ٢٠٢١  لەزاری جێگری باڵوێزی ئەمریکا ( ریتشارد میلز ) لە نەتەوە یەکگرتووەکان  لە کۆبوونەوەیەکی گریمانەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕاگەیەنرا :

 

١.ئەمریکا  بە ھاوپەیمانێک و ھاوبەشێکی جێگیر و جێمتمانەی  عێراق و گەلی عێراق دەمێنێتەوە. 
٢. واشنتۆن کۆمەک و ھاریکاری عێراق دەکات بۆ ئەوەی سەروەری خۆی بپارێزێت   لە بەرامبەر دوژمنە ناوخۆیی  و دەرەکیەکانی .
٣. بەرگرتن لە  دروستبوون و سەرھەڵدانەوەی داعش .
٤. ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیر.
٥. ھاریکاریکردنی ھەوڵەکانی  ڕیفۆرمی ئابوری و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی .
٦. بەردەوامبوون لە کۆمەک و ھاریکاری مرۆیی .
٧. واشنتۆن پشتیوانی حکومەتی عێراق دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیا چەکدارەکان و بەرگرتن لە دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی لە کاروباری ناوخۆی عێراق، ھەروەھا پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ھاوکاری بۆ ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراق .

پشتیوانی ئەمریکا بۆ ھەڵبژاردنی پێشووەختە

یەکێک لەو فاکتەرانەی گرنگە بۆ سەقامگیرکردنی عێراق  ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی ، ھەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بکرێت بەڵام دواخرا بۆ ١٠/١٠ /٢٠٢١، ئەگەر جارێکی تر دوانەخرێت لە بەرئەوەی ھەندێک لایەن خواستی ئەوەیان ھەیە،  دژبە چاودێری نێودەوڵەتیشن چونکە ئەوە بە پێشێلکردنی سەروەری عێرا ق دەزانن .

ئەوەی گرنگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  بەیاسا پارەی پێویستی بۆ ھەڵبژاردن  تەرخانکرد، پرۆسەی تۆمارکردنی ناو و لیستی قەوارە سیاسیەکان و دەنگدەران  تۆمارکرا، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە پەرلەمان کرد یاسای دادگای فیدراڵی تەواو بکات  چونکە ئێستا دادگا ژمارەی ئەندامەکانی ناتەواوە دەبێت تەواو بکرێت بۆ ئەوەی لە کۆتایی پرۆسەکەدا ئەوان ڕاستاندنی ئەنجامەکان بکەن.

ھەڵبژاردن و چاودێری نێودەوڵەتی

حکومەتی عێراق داوای لە یۆنامی کردووە کە چاودێر دابین بکات بۆ ھەڵبژاردنی تشرینی داھاتوو ، بۆیە داخوازییەکە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە وتوێژی پێویستی لەسەر دەکرێت پێش ئەوەی بخرێتە بەردەم ھەر ١٥ وڵاتەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دەنگدان .

ئەمریکاش لەلایەن خۆیەوە  ھەروەکو  لەزاری ( میلز) ەوە وترا پشتیوانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات بۆ مسۆگەرکردنی  ئازادی و و پاکی و بێگەردی و ڕاستگۆیی ھەڵبژاردنەکان، ھەروەھا وتی ھاوکاری لە گەڵ   عێراق  و ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بۆ پێشکەشکردنی جوانترین نمونەی ھەوڵ و تەقەلا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

ھەر لەو پێناوەشدا ئەمریکا بڕی ٩.٧ ملیۆن دۆلاری بەخشیە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنەکە، لە ھەمانکاتدا ئەمریکا داوای لە حکومەتی عێراقیش کردووە پلان ونەخشەی ڕشت و ورد دابنێن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ھەڵبژاردنەکە ، چونکە دەرکەوتنی میلیشیاتی چەکداری توندڕەو گەورەترین کۆسپی بەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردە .

پەلامارە ڕۆکیتیەکانی ھەولێر

لێدوانەکانی بەرپرسەکەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا ھات  کە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان کەوتە بەر ھێرشێکی مووشەکی لە ناکاو، بەڵام ئەمریکا کەسی تۆمەتبار نەکرد بە ئەنجامدانی ئەو کردەوە بەڵکو وتی ھەوڵدەدەین بۆ دیاریکردنی ئەنجامدەرانی.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا  لە بەیانێکدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ لایەنی عێراقی  لە ھەوڵی ئەوەدان ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە دیاری بکەن و سزایان بدەن، ھەروەھا باسیان لە بەرپرسیارێتی عێراق کردووە لە پاراستنی گیانی ئەمریکیەکان و ئەندامانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەوێن بۆ شەڕی داعش.

لە کۆتاییدا تا ئێستا سەرۆکی نوێی ئەمریکا بە ھیچ کلۆجێک  ناوی عێراقی لە وتارو لێدوانەکانی دا نەھێناوە، ھەرچەندە عێراق گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێی درێژخایەنی ئەمریکاو ئێرانە لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە ، بۆیە بووەتە مایەی ڕەخنەو گلەیی و گازندەی زۆربۆ سەرۆک بایدن  لە ڕووی ناوخۆ یی و دەرەوەش کە لێکدانەوەی زۆر ھەڵدەگرێت.


23/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر