هەواڵگری ئەمریکا هۆشداری دەدات

بورهان شێخ رٶوف
ھەواڵگری ئەمریکا ساڵانە ڕاپۆرتێکی گرنگ سەبارەت بە ھەڕەشە ستراتیجیەکان لە جیھاندا   ئامادە دەکات  ئەوەی ئەمساڵ وەکو لە پێگەی (AXIOS) ھەواڵی ئەمریکیدا لە ڕۆژی  ١٤ نیسانی ٢٠٢١ بڵاوی کردۆتەوە، ھۆشداری دەدات لە ساڵێکی ڕەش بۆ ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە٢٠٢١دا ، ئەویش بە ھۆی بەردەوامی قەیرانەکان و کەڵەکە بوونیان و کاریگەرییەکانی کۆرۆنا ڤایرۆس کە ئاماژەی سامناکن بۆ دۆخی نا سەقامگیری وشڵەژانی ھەندێک لە وڵاتانی عەرەبی کەتەنانەت ھەندێکیان نزیک دەبنەوە لە لێواری ھەرەس و داڕمان.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە نیگەرانی و  بێزاری فراوانی جەماوەری دەکات لە بەرامبەر زوڵم زۆرداری زۆری کۆمەڵایەتی و ئابوری کە ڕوو لە ھەڵکشانە بە ھۆی کۆرۆناوە، ھەرچەندە سەرکردەو بەرپرسەکانی ناوچەکە لە ھەوڵی ئەوەدان ھەندێک لە خواست و داخوازییە سیاسی و ئابورییەکانی خەڵک دابین بکەن .

لە ڕاستیدا ڕاپۆرتە ڕاگەیەنراوەکە  بەشێکە لە ڕاپۆرتێکی نھێنی گشتگیر سەبارەت بە ھەڕەشە و مەترسیەکانی ساڵانە کە ڕوبەڕوی جیھان دەبێتەوە، پێشکەش بە سەرۆکی ئەمریکا و گەورەبەرپرسانی تری وڵات دەکرێت.

ئەوەی ئاشکرایە لەو بەشەی کە بڵاوکراوەتەوە ڕاپۆرت و ھەڵسەنگاندنەکە بە ڕاشکاوانە ناوی ئەو وڵاتانەی نەھێناوە کە نزیک بوونەتەوە لە لێواری ڕووخان لە ساڵی ٢٠٢١ ، بەڵام ئاماژە بۆ چوار وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەن ئەوانیش ئێران و لیبیاو سوریا و عێراق و ڕێکخراوەکانی حزبوڵای لوبنان و ئەلقاعیدەو داعشن و ھەڵسەنگاندنەکان بۆ وڵاتانی تر بە نھێنی ماونەتەوە .

ئێران 

ڕاپۆرتەکە تیشکی خستۆتە سەر ئێران و ڕەفتارەکانی لە ساڵی ٢٠٢١ دا پێشبینی دەکات کە ئێران ڕوبەڕوی مەترسی بێتەوە بەوەی ناکۆکیەکانی لە گەڵ ئەمریکا دا ھەڵبکشێت و بچنە قۆناغێکی مەترسیدارەوە بە ھەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا ،لە ھەمانکاتیشدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئێرانیەکان خۆدەپارێزن لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەمریکادا بە ھۆی مەترسی لە کاردانەوەی توندی ئەمریکا .

ھەروەھا ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئێمە ڕێز لە ھەوڵەکانی ئێران دەگرین بۆ پێشخستنی ڕایەڵەکانی لەناوخۆی ئەمریکادا ، بەڵام مەترسی گەورەی ئێران بۆ سەر ئەمریکیەکانی دەرەوەی وڵاتە بەتایبەتی ئەوانەی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست  و باشوری ئاسیان .

لەبارەی ڕێککەوتننامەی ( ٥+١) تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە  ڕاپۆرتەکە لەو باوەڕدایە کە ئێران پێناچێت بە ئاسانی بێتە پێشەوە لە ڕێگەی دیبلۆماسیەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە نزیک مەودادا بەبێ سووککردن و لابردنی سزا ئابوورییەکان ، لە ھەمانکاتیشدا ھەوڵدەدات ھەنگاوەکانی خێرابکات لە بەرنامە ئەتۆمیەکەدا ، لە گەڵ ئەوەشدا باس لەوەدەکات ئێران ھێشتا نزیک نەبووەتەوە لە بەرھەمھێننانی چەکی ئەتۆمی.

عێراق 

ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە عێراق پێشبینی دەکات لەساڵی  ٢٠٢١ حکومەتی عێراق  ھەوڵ بدات بۆ لەناوبردنی داعش و کۆنترۆڵکردنی میلیشیا چەکدارەکان ، ھەروەھا پێشبینی کردووە کە میلیشیا چەکدارەکان ھێرشەکانیان زیاد بکەن بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی پاشەکشە بکەن لە عێراق ئەگەر لە گەڵ حکومەتی عێراق نەگەیشتنە  ڕێککەوتن بۆ دانانی خشتەیەکی کات بۆ پاشەکشەکردن .
ھەر تایبەت بە عێراق ڕاپۆرتەکە پێشبینی ئەوەی کردوو کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری فراوان دژی گەندەڵی کارگێڕی و نەبوونی خزمەتگوزاری ڕووبدەن و توندوتیژی لێبکەوێتەوە ، ئەگەری تێوەگلانی عێراق بە کێشەو ململانێ ئیقلیمی فراوانەوە ، لە بەرامبەر ئەمەیشدا کازمی و ھەندێک سیاسی تری میانڕەو ھەوڵی ئەوە دەدەن کە پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی ھاوسەنگ لە گەڵ ئێران و ئەمریکا دابمەزرێنن بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ ی ئەو دوو وڵاتە .

لیبیا

لە لیبیاش حکومەتە کاتی یەکە ڕوبەڕوی  زۆر ئالەنگاری سیاسی و ئابوری و ئاسایش دەبێتەوە بە بەردەوامی ، ئاشتەوایی نیشتمانی کارێکی ئاسان نیەو بەربەستی زۆری لە پێشدایە .
ھەروەھا ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە ئاژاوەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیری درێژەی دەبێت و مەترسی سەرھەڵدانەوەی شەڕو کوشتار لە ئارادایە ، سەرەڕای ھەندێک پێشووەچوونی کەم  لە بواری سیاسی و ئابوری و ئاسایش .

سوریا

تایبەت بە سوریا ڕاپۆرتەکە پێشبینی کردووە بۆ ساڵانێکی تریش کێشەکانی سوریا درێژەی ھەبێت و بەشار ئەسەدیش کۆسپی گەورەی لە بەردەمدایە دەست بەسەر ھەموو وڵاتدا بگرێتەوە ، ھەروەھا باس لەوەش دەکات کە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کە پێگەو ھەژموونی خۆی لەسوریا بپارێزێت بە تایبەت لە ڕووی سەربازی و ئابورییەوە .

چین و ڕوسیا و کۆریای باکور

ڕاپۆرتەکە باس لە وەدەکات  کە چین و ڕوسیا ئالەنگاری سەرەکی بەردەم ئەمریکان ، ھەروەھا ئێران و کۆریای باکوریش ھەڕەشەن بۆسەر بەرژەوەندی ئەمریکا .

ئاسایشی سیبرانی

ڕاپۆرتەکە پێشبینی کردووە ڕژێمە دکتاتۆری وتۆتالیتارەکان چالاکی ئەلکترۆنیان پەرەپێبدەن بۆ زیاتر تێکدان و وێرانکردنی چالاکی مەدەنی و چاودێریکردن و سانسۆرکردنی ھاوڵاتیانیان بۆ سنوردارکردنی دیموکراسی و پاراستنی دەستەڵاتە دکتاتۆرەکانیان .

21/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر