وشکەساڵی ئافەتە گەورەکە

بورهان شێخ رٶوف
عێراق و ھەرێمی کوردستان  و ھەندێک وڵاتی تری ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست  بەرەوڕوی وشکەساڵی بوونەتەوە، بەڵام کاریگەرییە نەرێنیەکانی لە ناوچەی گەرمیان زووتر و خێراتر لە ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان دەردەکەوێت بەحوکمی کەشوھەواو ژینگەکەی .

وشکەساڵی ئەو ئافاتو بەڵا نەگریسو نالەبارەیە کە لە کۆرۆنا ڤایرۆس سامناکترو ماڵوێرانکەرترە بۆ لادێنشینەکانی کوردستان، ئەمساڵ ڕوبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵیەکانی گەرمیان، نازانم مەگەر لە چەند گوندێک کەمێک زەوی بەراوییان ھەبووبێت، ئەگینا نەک و نائومێد ڕەنج بەزایە چوون و سەروبەری داھاتەکەیان ڕۆیی، واتە بنەتۆو خەرجی کێلانی وەردو پەینی کیمیاوی و دەرمانی قڕکردنی مێروو و بژارو ماندووبوونی خودی جوتیارەکان .

ئاژەڵداری

بەشێکی تری ژیانی لادێنشینان بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵە بەھەموو جۆرەکانیەوە لە بەرزەوە بۆ نزمە، وشکەساڵی گورزی کوشندەی خۆی لەمیش دەدات بەنەمانی لەوەڕو ئاوی خواردنەوە.

بۆیە ھەر لە ئێستاوە بەشێکی زۆری جوتیارانی گەرمیان مەڕوماڵاتەکانیان گەیاندووەتە کوێستانەکان و شارباژێر.

ئاژەڵی کێوی و باڵندەکان

ئەو ئاژەڵ و مەل و باڵندە کێویانەی کە خۆیان ئازادن و کۆیلەی بەنی ئادەم نین تاوەکو ئاویان بۆ پەیدا بکەن، ئەوانیش قوربانیەکی گەورەی تری وشکەساڵین و ژینگە وێران دەبێت و ھاوسەنگی سروشتی نامێنێت و ئەوەی ساڵانێکە حکومەت و پۆلیس دارستان دەیان پارێزن لە دەستو چاوی چاوچنۆکی ڕاوچیەکان ئێستا بەڵایەکی سروشتی تر قڕیان دەکات .

لەلایەکی ترەوە بنیاتنانی ژیانی لادێ ژێرخانی تایبەتی خۆی ھەیە کە پشتاوپشت باوک ودایک بۆنەوەکانی خۆیان جێی دەھێڵن ھەر لە کۆکردنەوەی مەڕوماڵات تا ڕواندنی باخ و کێلگە و چاککردنی زەوی و بنەوانەو جۆگەو جۆبار، ئەگەر ئەنفالی بەعسیەکان ساڵی ١٩٨٨ گەورەترین گورزی لە ژیانی لادێنیشینانی کوردستان داو ھەمووی ھێنایەوە سەر سفر، ئەگەر لە دوای ڕاپەڕین بەشێک لە گوندەکان بە یارمەتی ڕێکخراوە خێرخوازییە بیانی و ناوخۆییەکان ئاوەدانکرانەوەو ، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٠٣ ھەڵمەتێکی باش کرا لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئاوەدانکردنەوە ی گوندەکان ، ئەوا وشکە ساڵی گورزێکی قایمی تری تێدەسرەوێنێت .

بەھەرحاڵ مەبەستم لە خستنەڕووی ئەونموونانە کاریگەری وشکەساڵیە لەسەر خەڵکی عێراق و کوردستان بەگشتی، دواترخەڵکی لادێنشین بەتایبەتی کە قوربانی ڕاستەوخۆی وشکەساڵین و کاریگەری سەد دەرسەدی ھەیە بۆ سەر ژیانیان ، بەحوکمی ئەوەی خۆم کوڕی لادێ و کوڕی جوتیارم بە میرات ئاگاداری ورد و درشتی ئازارو زیان و مەینەتیەکانی خەڵکی لادێم بەتایبەتی لەکاتی دواکەوتنی پەڵەو وشکەساڵی کارەساتە سروشتیەکانی وەکو لافاو و ڕەشەبا و ھەوربروسکەو نەخۆشی ئاژەڵان و ئافاتی کشتوکاڵی زۆرشتی تر.

ئەگەر نەوت ڕۆژێک بێت تەواو دەبێت وەکو دەبێژن، بەڵام کشتوکاڵ نەوتی ھەمیشەییە بۆیە ھەر لەم مینبەرەوە ڕووی دەمم دەکەمە ھەموو ئەوانەی خەمی ئایندەی ئەم وڵاتەیانە و ئەوەی لادێنیشنەکانی کوردستان دوای ئەنفال و ڕاپەڕین و پرۆسەی ئازادی عێراق، بە خێری خێرخوازان و توانا سنوردارەکانی خۆیان بنیاتیان ناوەتەوە فریای نەکەون ئەوا جارێک تر ماڵوێران دەبنەوەو کۆچی پێچەوانە لە گوندەکانەوە بۆ شار دەستپێدەکاتەوە، ھەمووشمان ئەوە دەزانین وڵاتی بێ لادێ و جوتیار چ کارەساتێکە !

لە ڕووی ژینگەییەوە

ئەگەر بە ھەوڵی تاکە کەسیش بێت کە یەکێکیان خۆمم ڕوبەرێکی فراوان  زەوی سەوز کراوە لە زۆرشوێنی کوردستان بە گەرمیانیشەوە ،ئێستا لەبەردەم ھەڕەشەی وشک بوون و لەناوچووندان بە ھۆی وشک بوونی سەرچاوەی کانیاوو بیرەکانیش.

بۆیە لە کۆتاییدا جارێکی تر پێمخۆشە لە ئەوە بە بیری ھەمووان بھێنمەوە بە تایبەتی ئەوانەی لە ئاستی بەرزی بەرپرسیارێتیدان و خەڵک دەنگی پێداون و نوێنەری گەلن چ لە پەرلەمان و چ لە ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئنجا بەرپرسە جێبەجێکارەکانی حکومەت ھەر لە پارێزگارەوە تا قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان خەمی خەڵکی لادێ لە بیرنەکەن چونکە خەمەکە جدییە ئەمجارە بواری ھیچ خۆلادان و خاوەخاوو سازشکارییەک ھەڵناگرێت، مەسەلەی مان و نەمانی کۆڵەکەیەکی گرنگی کۆمەڵگەی کوردستانە لادێ.

20/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر