هەوڵەکانی فەرەنسا بۆ یەکخستنی کوردەکانی سوریا

بورهان شێخ رٶوف
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی نزیکی سوریا و فەرەنسا بدەینەوە ئەوەمان بۆ دەر دەکەوێت  لە دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی سوریا و لوبنان کەوتنە ژێر ئینتیدابی فەرەنساوە لە ساڵی ١٩٢٠ تا ١٩٤٦ ، بۆیە ئێستاش فەرەنسا بە جۆرێک لە جۆرەکان ھەر چاوی لەو دوو وڵاتەیە و لە کاتی ھەرکێشەو قەیرانێکیاندا خۆی دەکات بە خاوەنیان ، نموونەی تەقینەوەکەی ئەمدواییەی  بەندەری بەیروت بوو  سەرۆکی فەرەنسا یەکسەر گەیشتە ئەوێ.

بۆ سوریاش ھەر بە ناوچەی ھەژموونی خۆی دەزانێت ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا سوریا ناوچەی ھەژموونی وڵاتانی تری وەکو ڕوسیاو ئێران و تورکیایە و ھێزی چەکداریان لەناو خاکی سوریادایە.

ھەر لەو سۆنگەشەوەیە فەرەنسیەکان لە ھەوڵ و کۆششی چڕدان بۆ ئەوی ڕۆڵێکیان ھەبێت لە داڕشتنەوەی ڕێکار و ھەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی کاروبارە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکانی ئایندە لە  سوریادا و پەراوێزە نەخرێن لەو روداوە خێراانەی کەلەسەر گۆڕەپانی سوریا لەم دواییانەدا ھاتونەتە ئاراوە.

دوا ھەوڵی پاریس ئەو ئاماژانەن کە فەرەنسیەکان دەخوازن رۆڵی نێوەندگیری بگێڕن لە نێوان لایەن کوردیە ناکۆکەکانی خۆرئاوای کوردستان واتە کوردەکانی سوریا بەمەبەستی یەکخستن و نزیککردنەوەی دیدو بۆچوونەکانیان ، راپۆرتەکان لە پاریسەوە باس لەوە دەکەن کە کۆشکی ئەلیزیە داوەتنامەی ئاڕاستەی ھەردوو لایەنی ناکۆی کوردی واتە (ئەنەکەسە) و (تەڤدەم )کردووە بۆ ئەوەی سەردانی پاریس بکەن و باسی بارودۆخی سوریا بە گشتی و کورد بە تایبەتی بکەن.

ئامانجی فەرەنسا لەم دەستپێشخەریە

مەبەستی پاریس لەم دەستپێشخەرییە بۆ ئاشتکردنەوە و لێکنزیک خستنەوەی کوردەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بە دەست ھێنانی چەند ئامانجێکە لەوانە:

١.پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە دەساڵی رابردوودا بەتایبەتی لە دوای سەرھەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا ،کوردەکانی سوریا دوای کشانەوەی ھێزەکانی حکومەتی سوریا توانیان کۆنترۆڵی ناوچەکانی خۆیان بکەن بە ھاوکاری پێکھاتەکانی تری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لە کریستیان و تورکمان و عەرەب و ئەوانی تریش، بەر لە تاقم و گروپە توندڕەو تیرۆریستەکان بگرن بێنە ناوچەکانی ئەمانەوە، لە ساڵی ٢٠١٣ و ئیدارەی خۆسەر رابگەیەنن و بە جوانترین شێوەی بەڕێوەی ببەن کە بووە مایەی دەستخۆشی و سەروەرییەکی گەورە بۆ پێکەوەژیان و پەنادانی ھەموو ئتنیکە جیاوازەکان و تەنانەت پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارەی ناوچەکانی تری سوریا، ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە(٥٠) ھەزار کەس دەخەمڵێنرێن رۆڵی سەرەکی و پێشەنگ بگێڕن لە شەڕی تیرۆر و لە ناوبردنی داعش، ھەر لە سەر دەستی ئەمانیش شاری رەقەی پایتەختی خەلافەتی داعش ئازاد کرا، بە جۆرێک لە ریزبەندی ھێز و ھەژموون و دەستەڵاتدا ھەسەدە بە دووەم ھێز دێتە ئەژماردن لەسوریادا.

٢.ئامادەکردنی کوردەکانی سوریا بۆپێداویستی و پێشھاتەکانی  قۆناغی داھاتوو لە سوریا :

ئەمیش لە رێگەی ھاندانی لایەنە کوردیەکانی سوریا بۆ ئەوەی ناکۆکی و ململانێکانیان وەلا بنێن و خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ گۆڕانکاری و پێشھاتەنوێکانی سوریا، بەتایبەتی  پێشبینی دەکرێت قۆناغی داھاتوو زۆر جیاواز بێت لە ئێستا، بە تایبەتی کزبوونی شەڕ و کوشتار و توندوتیژی و بەریەککەوتن ئەگەری  ئەوە ھەیە لێکتێگەیشتنی نوێ بێتە ئاراوە لە گەڵ حکومەتی دیمەشق، بۆیە بەلای پاریسەوە زۆر گرنگە کورد لە سوریادا یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بێت بۆئەوەی بتوانن زۆرترین دەستکەوت بەدەست بھێنن و بەشدار بن لەو ھەوڵە نێو دەوڵەتیانەدا کەلە ئارادان بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سوریا، لە ھەمانکاتدا  ئەو سەرکەوتنانەی لە ساڵانی رابردوودا بە دەستیان ھێناوە بیپارێزن.

٣.بەکارھێنانی وەکو کارتی فشار لە ھەمبەر تورکیا :

ئەم جموجوڵ و ھەوڵانەی پاریس لە باکوری سوریا و ھەروەھا پێداگیری لەسەر پەیوەندی توندوتۆڵ لە گەڵ کوردەکان خۆی لە چوار چێوەی ئەو ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەدا دەبینێتەوە کەلە نێوان پاریس و ئەنقەرەدا ھەن لە زۆر دۆسیەدا، بەتایبەتی ئەم ھەوڵانەی فەرەنسیەکان لەلایەن تورکیاوە بە دەستوەردان لە کاروباری سوریا و دابەشکردنی ئەو وڵاتە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە قەڵەم دەدرێت، نەک بەگژاچوونەوە و لەناوبردنی تیرۆر.

بەربەستەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە

ئەم ھەوڵ و تەقەلانەی فەرەنسا بۆ یەکخستن و نزیککردنەوەی کوردەکانی سوریا کارێکی ئاسان و بێ سەر ئێشە نیە و گەلێک کۆسپ و بەربەستی گەورەی لە بەردەمدان لەوانە:-

١.نەبوونی متمانە :

ئەمەش بۆخۆی بەربەستی گەورەیە لە نێوان ھەردوو بەرەی ناکۆک ئەنەکەسە کە ئەندامی بەرەی ئۆپۆزەسیۆنی ئیئتلافی سوری نزیک لە تورکیان و بنکە و بارەگانیشیان ھەر لە تورکیایە و لە ژێر فشاری ئەواندا ناتوانن نزیک بنەوە و ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن،  تەڤدەمیش ئەو حزبانەن کە پارتی یەکێتی دیموکراتی رابەرایەتیان دەکات.

دوا بەربەست و کێشە کە بووە ھۆی بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆکان لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ئەوە بووە کە حزبەکانی ئەندامی ئەنەکەسە پارتی یەکێتی دیموکراتی تاوانبار دەکەن بەوەیکە لە ١٧/٤/٢٠٢١ بارەگایەکی یەکێک لە حزبەکانی ئەنەکەسە لە شاری رمیلان داگیرکردووە  لە ریفی حەسەکە، کەئەمەش زیاتر متمانەی لاوازتر کرد لەنێوانیاندا لە گەڵ گیانی ئەو رێککەوتننامەدا یەکناگرێتەوە کەلە ٢١/٩/٢٠٢٠ ئیمزایان کردبوو بۆ دروستکردنی مەرجعیەتێکی یەکگرتووی باڵا  بۆ کورد لە سوریا.

٢.ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری سوریا:-

ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لە باکوری سوریا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ ەوە تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی ھەردوو ئۆپەراسیۆنی( کانی ئاشتی) و ( قەڵغانی بەھار ) بەربەستی گەورەی بەردەم ھەوڵ و کۆششەکانی فەرەنسان بۆ یەکخستنی کوردەکانی سوریا، چونکە تورکیا پێشڤەچوونەکانی دۆزی کورد لە سوریا بە مەترسی گەورە بۆسەر ئاسایشی ئستراتیجی خۆی دەزانێت.

٣.ململانێی روسی و ئەمەریکی بۆ پشتیوانی کورد:-

ھەرچەندە ھەر لە سەرەتای دروستبوونی ئیدارەی خۆسەر لەلایەن کوردانی خۆرئاوای کوردستانەوە ئەمریکیەکان پشتیوانیان کردوون بە تایبەتی بۆ شەڕی تیرۆری داعش، بەڵام لەم دوایەشدا روسەکان لە ھەوڵی ئەوەدان خۆیان لە کوردەکانی سوریا نزیک بخەنەوە و ھەوڵی ئەوە بدەن لە گەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد رێکیان بخەن و دیدو بۆچوونەکانیان لە یەک نزیک بکەنەوە، کە ئەمش کاریگەری نەرینی بۆسەر ھەوڵ و کۆششەکانی فەرەنسا دەبێت بۆ یەکخستنی کوردەکان، بە تایبەتی کە کوردەکان پرژو بڵاو دابەشبوون لە نێوخۆیاندا بۆ چۆنیەتی بەستنی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی.

لەلایەکی ترەوە مۆسکۆ ھەمیشە واشنتۆن تاوانبار دەکات بەوەی کە یارمەتی و کۆمەکی  کوردەکانی سوریا دەدات دژ بە حکومەتی سوریا و ھانی دابەشکردنی سوریا دەدات.

لە کۆتاییدا سەرەڕای بەردەوامی ھەوڵ و تەقەلاکانی پاریس بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێکانی کوردەکانی سوریا، روداو پێشھاتەسیاسی و مەیدانیەکانی ئەو وڵاتەو جیاوازی بەرژەوندی  لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانی تێوەگلاو بە قەیرانی سوریا رێگرن لە بە مەنزڵ گەیشتنی ھەوڵەکانی فەرەنسا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە سوریا.

24/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر