سەبارەت بە نیسابی پێویست بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار

د. لەتیف مستەفا

مادەی٧٠ لەدەستوری عێراق دەڵێت :
١- ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆكی كۆمار بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامەكانی ھەڵدەبژێردرێ «واتە ٢٢٠ ئەندام »

٢- ئەگەر ھیچ لە كاندیدەكان ئەو زۆرینەیەی نەھێنا دەنگدان لە نێوان  ھەردوو ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانیان بەدەست ھێناوە دوبارە دەكرێتەوە، ئەوەی زۆرترین دەنگی ھێنا دەبێت بەسەرۆك كۆمار.

ئەم دەقە جیاوازی رەئی دروست كردوە لە نێوان دوو بەرەدا و ھەر لایەو لەڕوانگەی بەرژەوەندی سیاسی خۆیەوە مادەكە شی دەكاتەوە، دیارە ھەر لایەو بیانو بەڵگەی خۆی ھەیە

یەكەمیان :كە لایەنگرانی  كەمینەی پەرلەمانین « واتە چوارچێوەی ھاو ئاھەنگی شیعەكان » بە رابەرایەتی مالكی ،دەلێن دەبێ لە دەنگدانی یەكەمدا دوو لەسەر سێ واتە ٢٢٠ ئەندام ئامادەببێ ئینجا دەست بەدەنگدان بكرێ،  ھەر كاندیدێك زۆرینەی دوو لەسەر سێی ھێنا دەبێ بەسەرۆك كۆمار ، ئەگەر كەس نەیھێنا ئینجا دەنگدان لە سەر ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان ھێناوە دوبارە دەكرێتەوە ، بەرەئی ئەمان ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادەنەبێ ناكرێ پەرلەمان بڕوات بۆ جەولەی دوەمی دەنگدان، واتە دەلێن نیسابی دانیشتن بۆیەكەم دەنگدان ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانە،    بیانوی ئەمان ئەوەیە كە دەستوری عێراق لەسەربنەمای تەوافوقی بنیات نراوەو بۆیە پێویستی كردوە كە دوو لەسەرسێ ئامادەبن بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە كاریگەرەكان سازان بكەن و ئیرادەی زۆرینە زاڵ نەبێت ، چونكە پێك ھاتەی عێراق وایە ناكرێ بەزۆرینە بەرێوە ببرێ، دوەم بیانوش دەلێن ، كە لە چوار خولی پێشوی ھەلبژاردنی سەرۆك كۆماردا بەو شێوەیە بوەو وەك عورفێكی دەستوری لێھاتوە كە ئەو عورفەش پشتی بەو بنەما سازانیەی دەستور بەستوە
ھەروەھا دەشڵێن ئەگەر پەرلەمان بتوانێ بچێت بۆ دەنگدانی دوەم بێ ئەوەی دوو لەسەر سێ ئامادەبێ، كەواتە حیكمەت لەبڕگەی یەكەمی مادەكە چیە؟

دووەمیان : لایەنگرانی زۆرینەی پەرلەمانین بەرابەرایەتی موقتەدا سەدرو ھاوپەیمانەكانی و پێیان وایە كە نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بەگوێرەی مادەی ٥٩ لەدەستور بریتیە لە ئامادەبوونی نیو زائید یەكی پەرلەمانتاران ، واتە ١٦٥ ئەندام ،لەو كاتە ئیتر دەرگای دەنگدان دەكرێتەوە، ئەگەر لەدەنگدانی یەكەم ھیچ كاندیدێك ئەو زۆرینەیەی نەھێنا واتە دوو لەسەرسێ ئەوە پێویستە پەرلەمان بچێت بۆ دەنگدانی دوەم لەنێوان دوو لەو كاندیدانەی زۆرترین دەنگیان ھێناوە. 

لەراستیدا ئەوەی وای كردوە كە لایەنگرانی زۆرینە وابلێن دوو ھۆكارە
یەكەم/ دەقەكە نەیوتوە نیسابی دانیشتن دوو لەسەر سێیە  ئینجا دەبێ دەست بەدەنگدان بكرێ ئەگەر وای بوتایە دەبوایە لانی كەم دوو لەسەر سێ ئامادەبێ ئینجا دەست بەدەنگدان بكرێ ، دوەمیش برگەی دوەمی مادەكەیە كە دەلێ ئەگەر ھیچ كاندیدێك لە جەولەی یەكەمی دەنگدان ئەو رێژەیەی بەدەست نەھێنا پەرلەمان دەنگدان لە دوو كاندیدی زۆرترین دەنگ دوبارە دەكاتەوە، ئەگەر ئەم برگەیە نەبوایە پێویست بوو دوو لەسەر سێ ئامادەبێت و ئەو رێژەیەش بەدەس بێت بۆ بون بەسەرۆك كۆمار، ئەگەر دەستور بیویستایە بە دوو لەسەرسێ بێت وەك مادەی ١٣٨ ی ئینیقالی كە باسی لە ھەلبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرد وەك ئەو مادەیە یەك خیار واتە یەك بژاردەی دەدا كە ئەویش دوو لەسەر سێیە.
جگە لەوە دەشلێن كە دەستوری عێراق لە ھەلبژاردنی سێ سەرۆكایەتیەكە سازانی نەكردوە بەبنەما بەلكو زۆرینە، دەستەی سەرۆكایتی پەرلەمان بەزۆرینەی رەھا ھەڵدبژێردرێت ، حكومەتیش بەزۆرینەی رەھا متمانە وەردەگرێ ، سەرۆكایەتی كۆماریش ھەر لەسەر ئەو بنەمایە دەبێ بە زۆرینەبێ بۆیە مادەكە برگەی دوەمی ھەیە.
دواجار ئەمانە ھەردوكیان رەئین ، بریار بەدەست سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانە ،دەشێ بەھەركامیان وەربگرێت و بڕیاری كۆتاییش لای دادگای فیدرالیە، ئەگەر پەرلەمان بەھەر كام لەو دوو رەئیەی وەرگرت و بڕیاری لێدا  لایەنەكەی تر كە نارازیە یان زەرەر مەندە دەتوانێ تانەی لێبدات لای دادگای فیدرالی و بریاری یەكلا كەرەوەش بۆ ئەو دەبێ.



27/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر