گۆڕان هەنگاوێک بۆ پێشەوە دوو هەنگاو بۆدواوە

د. لەتیف مستەفا

ئامانج لە دروست کردنی بزوتنەوەی گۆڕان

ناڕەزاییەکانی خەڵکی کوردستان پێش ٢٥-٧-٢٠٠٩ بەهۆی گەندەڵی و نایەکسانی و نەبوونی خزەتگوزاری لە سایەی ١٨ ساڵ حوکمڕانی هەردوو حیزبەوە لەوپەڕیدابوو لە لێواری تەقینەوەدابوو, لەو سەردەمەداو بەسوود وەرگرتن لەو باروودۆخەی کوردستان باڵی ڕیفۆرمی جیابۆوە لە یەکێتی لەژێر ناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستبوو، توانی ببێتە هەڵگری خواست و داخوازی و ناڕەزاییەکان جا هەموو ئەوانەی سەر بەحیزبەکانی دەسەڵات بووبن بەهەر هۆکارێک ناڕازی و بێزاربووبن یان کەسانی سەربەخۆوو بێلایەن بوبن وتوانی هەموویان لەژیر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە و ڕێکیان بخات ئامانج و دروشمی سەرەکی و کۆتایی ئەو بزوتنەوەویە گۆڕینی سیستەم بوو، نەک گۆڕینی کەسەکان. چونکە تا چاکسازی نەکرێت و سیستەمی سیاسی نەبێتە سیستەمێکی دامەزراوەیی یاسایی هەرکەسێک و لایەنێک حوکمڕانی بکات بەدەردی دەسەلاتدارانی دووحیزبەکە دەچن. بۆیە دروشمی گۆڕینی سیستەمی سیاسی بە شیوازی مەدەنی و دیموکراتی بەرزکردەوە . میکانیزمی سترایجیشیان بۆ ئەو گۆڕانکاریە مەدەنی و دیموکراتیەی سیستەمی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بوون بوو .وتیان ئێمە ئەزموونی حیزبەکانی تری پێش خۆمان دووبارە ناکەینەوە ئەگەر زۆرینەی خۆمان هێنا بە تەنها یان بە ئیتیلاف لەگەڵ حیزبی تر خۆمان حکومەتی زۆرینەی خۆمان درووست دەکەین، ئەگەر زۆرینەمان نەهێنا دەبینە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و پەرلەمانی .

بوژانەوەی هیواکان یان هەنگاوێکی گەورە بۆ پێشەوە

ئەوەبوو لە هەلبژاردنی ٢٥-٧-٢٠٠٧ بزووتنەوەی گۆڕان توانی سەرکەوتنێکی بێ وێنە تۆمار بکات و ٢٥% ی دەنگەکانی خەڵک و کورسیەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنیت، ڕاستگۆبوو لەگەڵ ئەو پەیامەی هەڵیگرتبوو بوە ئۆپۆزسیۆن و توانی دینامیکیەت و جولەیەکی باش بخاتە پرۆسەی سیاسیەوەو ئومێدوو هیوای خەڵکی گەشاندەوەو پرۆسەی سیاسی لەو بێ ئومیدی و چەقبەستوە ڕزگار کرد بەتایبەتی ئەودروشم و بەڵێنانەی کە بەگویی خەڵکی دەدا لە ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕینی سیستمی سیاسی و بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەت ی و هەلی یەکسان و سەروەری یاساڕەنگدانەوە خواستی ڕاستەقینەی زۆرینەی جەماوەری پەراویز خراوبون وەتوانی ببێتە فشاری جدی و ڕاستەقینە لەسەر دوو حێزبی دەسەڵات و لەناو خود دوو حیزبەکەشدا دەنگی بەخۆداچونەوەو ئەنجامدانی چاکسازی بەرزبوونەوە ، لەهەمووشی گرنگتر لە ئەنجامی هەڕەشەو فشاری جدی هاوبەش بۆسەر هەردوو حیزب و هەردوو دەسەڵات ووردە وردە لێک نزیک دەبوونەوەو خەریک بوو دیواری دوو ئیدارەی ڕۆژبەڕۆژ کاڵ دەبۆوەو واتە خەریک بوو یەک دەسەڵاتی یەکگرتوو لە هەریمی کوردستان لە زاخۆ تا خانەقین درووست دەبوو. لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆنیکی نیشتیمانی لە زاخۆ تا خانەقین درووست دەبوو کە ئەگەر ئەمە بەردەوام بوایە بە تێپەڕبوونی کات و لە ژێر ئەو فشارەدا هەرێم بەرەو یەک دەسەڵاتی یەکگرتووی نیستیمانی هەنگاوی دەنا

لادان لە ستراتیژ ،هەنگاوێک بۆ دواوە

گۆڕان لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ ی پەرلەمانی کوردستان جیاواز لە دروشمە ستراتیجیەکەی کە لەسەرەتای دروست بوونیەوە هەلی گرتبوو درووشمی چونە ناو دەسەڵاتی بەرزکردوە . سەرەڕای ئەوەی دەرەنجامی هەلبژاردنەکان بۆ ئەو جیاوازیەکی ئەوو تۆی لەگەل هەلبژاردنەکانی ٢٠٠٩ نەبوو، بزوتنەوەی گۆڕان نەیانتوانی نە خۆیان بەتەنها یان لەگەڵ حیزب و ئیئتیلافی تردا زۆرینە پێک بهێنن و حکومەتی خۆیان دروست بکەن. ڕازی بوون بچنە ئەو دەسەلات و سیستمەی کە تا دوینی دەیانووت ئێمە ناچینە دەسەڵاتێک کە گەندەڵ بیت و دامەزراوەیی نەبیت ئێمە ناچینە دەسەڵاتێکەوە خۆمان دروستی نەکەین و ئەزموونی حیزبەکانی تری پێش خۆمان دوبارە ناکینەوە، بەڵام بە پێچەوانەوەو بە پشت گوی خستن و لەبیرکردنی هەموو ئەو دروشمانە و بی ئەوەی هیچ شتێک گۆڕبیت دەیانویست بەهەر نرخیک بوە بچنە هەمان ئەو دەسەلاتەوە کەچەند ساڵ بوو ڕەخنەیان لێدەگرت. کە من پێم وایە هەڵەی ستراتیژی گۆڕان لیرەوە دەستی پێکرد و ئیدی موبادەرەی لەدەست داو سیحرەکەی بەتاڵ بۆوە( ئێمە وەک شەخسی خۆمان زۆر نەیاری ئەو چونە ناو دەسەڵاتە بوینو پێمان وابو هیچی لێ سەوز نابیت جگە لەوەی حیزبەکانی دەسەڵات دەیانەویست بەهەرنرخیک بێت گۆڕن بەشدار بکەن لە دەسەڵات و نەشهێڵن هیچ بکات بۆ ئەوەی سیحرەکەی بەتاڵ بکەنەوەو بڵێن گۆڕانیش هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئێمە.! من چەندین جار ئەمەم بە بەڕێز ڕێکخەری گشتی ووت، بەڵام سودی نەبوو . دەبوایە گۆڕان ئەو دروشمەی بەرزی کردۆوە لەسەری سوور بێت ئەگەر زۆرینەی خۆی نەهێنا هەر بە ئۆپۆزسیۆنی بمایەتەوە جا گرنگ نەبوو چەندی بخایاندایە ٤ ساڵ یان ٨ یان ١٢ یان ١٦هتد تا ئەو کاتەی زۆرینەی خۆی دروست دەبوو، نەبوەو لە جیهاندا هێزێکی سیاسی بەیەک خولی پەرلەمانی دەسەڵات بگریتە دەست من پیم وابوو سەرکردەکانی گۆران لایان وابوو لەیەکەم هەلبژاردن زۆرینەی دەنگەکان دەهێنن و خۆیان دەسەڵات دەگرنە دەست کە ئەمە ڕووی نەدا ئیتر پشوو کورت بوون من خۆم هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کە سەرکردە بڕیار بەدەستەکانی گۆڕان کە تا دوێنی یەکێتی بوون لەوەتای هەن لەدەسەڵاتابوون چ لە شاخ و چ لەشار و هەمیشە دەسەلات و نفوزو پارەیان هەبوەو خەڵک لییان ترساوە بۆیە پشوو حەوسەلەی ئۆپۆزسیۆن بونیان نەبوو، بۆیە کە بوونە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و نفوزی جاراناین نەماو ئیتر وەک جاران شتەکان بەدەستیانەوە نەدەهات خەڵک وەک جاران بەقسەی نەدەکردن بێزار بوون، بۆیە نەفەسیان کورت بوو دەیانویست هەرچی زوە بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات وەلایان وابوو ئەگەر نەچنەوە دەسەلات کەسیان بەدەورەوەوە نامێنێت، ئەوە جگە لە فشاری زۆرێک لە کادرەکان کە بەتەمای پۆست بوون دەهاتن وێنایەکی وایان لای ڕێکخەری گشتی و کەسە باڵاکانی گۆڕان دروست دەکرد کە ئەگەر گۆڕان بچێتە دەسەڵات باشترەو پێچەوانەکەی بەزیان دەشکێتەوە، بۆیە بەو شیوازە لاوازە چونە دەسەڵاتەکەی حکومەتی پارتی، بەمەش یەکەم گورزی کوشندە بەر هێزوگوڕو تینتی بزوتنەوەکە کەوتو لەبەرامبەردا هێزو گوروتین و شەرعیەتیکی تازەی بەخشیەوە بەدەسەڵات و یەکێتیش توانی زۆر جوان بۆ بەرژەوەندی خۆی بیقۆزیتەوەو وای پیشانی خەلکی خۆیدا کە بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەکی چاکسازی ئۆپۆزسیۆن نیە، کە خۆی بانگەشەی دەکات بەڵکو تەنها بزوتنەوەیەکە دەیەوێت یەکێتی لەناوبەریت و پیلانگیڕی لێبکات و ئامادەیە بۆ ئەم مەبەستە هەموو شتێک بکات و لەگەڵ هەرلایەک ڕێک بکەویت ، توانیشیان سۆزو هەستی جەماەر بۆلای خۆیان ڕابکێشن و تا ڕادەیەکی باشیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پاریزگاکان باری لاری خۆیان پێ راست بکەنەوە ئا لێرەوە بزوتنەوەی گۆڕان ستراتیجی لەدەستداو لە گەڵیشیدا دنیابینی خۆشی لەدەستدا لە کارەوە بوو بەکاردانەوە ئیتر لە بکەرێکی بەهێزی سیاسی ساحەی کوردستان بوە یاری پێکراو

ڕیکەوتن لەگەڵ یەکێتی هەنگاوی دوەم بۆ دواوە

لەئەنجامی ئەو شیوازەی بەشداری کردنی دەسەڵات و نەتوانینی یان ڕێپێنەدانی بۆجێبەجیکردنی لانی کەمی دروشم و بەڵێنەکانی بە دەنگدەرانی تووشی ئیحراجیەکی گەروەبوو و نەیدەزانی چۆن خۆی لەو هەڵوێستەی کە تێی کەوتوە ڕزگار بکات بۆیە بیر لە کشانەوەی تەکتیکی لە حکومەت دەکرایەوە وەک ئەوەی کە وەزیرەکانی بە قۆناغ بکشێنێتەوە تا ڕوداوەکانی ١٩-٨-٢٠١٥ ی بەسەردا هاتوو ئیتر گۆڕان جارێکی تر کەوتەوە هەڵوێستێکی ترکە بەسەریدا سەپێنرایەوە چونکە پارتی بواری وەرگرتنەوەی موبادەری پێنەداو پێش ئەوەی خۆی پاشەکشێ بکات پاشەکشێی پێکرد و دوبارە توشی ئیحراجی کردەوە بۆیە بۆ دەرچوون لەو هەڵوێستە نەخوازراوەی کە تێی کەوتوەو وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو کارەی پارتی لەگەڵی کرد پەنای برد بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێیتی، کە من پێم وابوو یەکێتی چ لەبەر سروشتی ناوخۆی یەکێتی و چ وەک سروشتنی حیزبی دەسەڵاتدار مومکین نیە تاپێی بکریت خواستی حیزبی نەیاری جیبەجی بکات و ڕێگا بدات دەسکەوت بچێتە سەبەتەکەیەوە کە ئەمەش مافی رەوای هەر حیزبیەکە بەلکو تاپێی دەکریت ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان بۆ بەرژەوەندی خۆی یان یەکیک لە بالەکانی بەکاردینی و دوایش لیناگەڕی گۆڕان هیچ دەسکەوتی لیی هەبیت '

گۆڕان هەستانەوە یان پوکانەوە ،حیزبی داهاتوی جەماوەر یان حیزبەکەی کاک (ق)

جاریکیان و لەسەرتای ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان هەندێ لەبرادەرانی مەکتەب سیاسی کۆنی یەکێتی فشاری زۆریان بۆ بەڕێز نەوشیروان مستەفا دەهێنا کە نەرمی بنوێنیت و بەپیر بانگەوازی حیزبەکانی دەسەڵاتەوە بچیت وئەو بارگرژیەیەی هەیە کەمێک بڕەوێنێتەوە و لێیان نزیک بێتەوە ئەوکات خۆی باوەڕی بەوە نەبوو ووتی ئەگەر بە قسەی ئەو برادەرانە بکەم وەک کاک (ق) م لی ئەکەن و هێندەی حیزبەکەی ئەومان لێ ئەمێنێتەوە .

چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان خۆی ڕابەرو پێشەنگ بوو خۆی دروستکەرو بکەری سیاسەت بوو هەمیشە کاربوو نەک کاردانەوە حیزبەکانی دەسەڵات لە هەموو هەنگاوێکیان دەیەها حیسابیان بۆ هەلوێستی گۆڕان دەکرد وهەموو هەڵویستەکانیان وەک کاردانەوەی کارەکانی گۆڕان بوو فشاری جدیان لەسەربوو کە ئەگەر بەردەوام بوایە ئێستا دەرەنجامی گەورەی بۆ دیموکراتی و خەڵکی کوردستان لی دەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەفەس کورتی ئۆپۆزسیۆن بوونی برادەرانی بڕیار بەدەستی گۆران و هۆکارەکانی تر بایەخی ئەو هەموو فشارو رۆلە کاریگەرەی کە گۆڕان لەماوەیەکی کورتی چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆنبوندا گێڕانی نادیدەگیراو بە بەشداریکردنیکی لاوازی دەسەڵات لەدەستیاندا، ئێستا هەست ئەکەم گۆڕان لەوپەڕی لاوازی و بیدەسەڵاتیدایەو جارێک لەلایەن پارتیو جاریکی تر لەلایەن یەکێتی یاری پێ ئەکرێت و ئەویش جگە لە پاڕانەوەو سکاڵاکردن بۆ لای قاپی خوا هیچی لەدەست نایە.! چونکە حیزبەکانی دەسەڵات دەزانن گۆڕان بەم مەوقیعەی ئێستای شتێکی ئەوتۆی پیناکریت و ترسی جارانیان لیی نەماوە ، ئێستا گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکدایە یان دەبێت ببێتە حیزبەکەی کاک (ق) بەبەشە بودجەی خۆی لەحکومەت ڕازی بێت و ببیتە ژمارەیەک لەحیزبە زۆرو بۆرەکانی کوردستان کەبونەتە مشەخۆرو باگرانیەکی گەورە بەسەر قوتی خەڵکەوە و چاوەڕیی کەرەم ولوتفی دوو حیزبی دەسەڵات بێت، یان ببێتەوە بە خۆی و لە پاشکۆیەتیەو سیاسەتی کاردانەوە دەرچێت و بچێتەوە سەر دروشمە ستریتجیەکەی خۆی کە ئۆپۆزسیۆن بونە، بەڵام ئەمجارە قۆڵی لێ هەڵماڵێ و گوێ نەداتە چەندایەتی، بەڵکو چۆنایەتی بەنەفەسێکی درێژەوە تا ئەوکاتەی خۆی زۆرینەی خۆی بەدەست دێنێ کۆڵ نەدات. لە هیندستان لەساڵی ١٩٤٩ کە شۆڕسی هیند کرا حیزبی فەرمانڕەوا تاساڵی ١٩٧٩ هەمان حیزب بوو دوای ٣٠ ساڵ بۆ یەکەم جار دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ڕویدو ئۆپۆزسیۆن توانی بیتە سەر دەسەڵات. لە تورکیای دراوسێ جەهەپە تاساڵی ٢٠٠٢ لەسەر حوکم بوو، ئەوە ١٤ ساڵە ئۆپۆزسێۆنە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٥ سەرەڕای ئەوەی حیزبی دوەم بوو ئیغرائی زۆریش کرا لەلایەن ئەکەپەوە بۆ بەشداربوون لەحکومەتی ئەکەپە، بەڵام ڕەتی کردەوە چونکە پێی وابوو ناتوانیت لە حکومەتی لایەنی تردا هیچ بۆ بەرنامەکەی خۆی بکات من جارێکی تر ئەمە بەبڕیار بەدەستەکانی گۆڕان دەڵێمەوە ( ساڵی ٢٠١٣ ڕوبەڕو چەند جارێک پێم وتون ) ئێوە وتتان ئێمە بۆ پلەوپۆست لەیەکێتی نەهاتوینە دەرەوە، چونکە لەوێ هەمانبوو. ووتتان بۆ گۆڕان و چاکسازی لە حکومەت هاتوینە دەرەوەو ئەم بزوتنەوەیەمان پێک هێناوە وتیشتان باوەڕمان بەگرتنەبەری میکانیزمی سیاسی مەدەنی و دیموکراتیە بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانمان لەدانیشتنێکدا سالی ٢٠١٠ لەگردەکە بەڕێز ڕێکخەری گشتی گۆڕان ووتی من ئەم بزوتنەوەیەم بۆیە دروست نەکردوە کە پلەو پۆستیکی لە حکومەتی هەرێم یان حکومەتی بەغدا پێ وەرگرم بەڵکوو بۆ ئەوەم دروستکردوە کە چاکسازی بکەین، ووتی من نیو سەدەی ژیانی خۆم تەرخان کردوە بۆ خەباتی سیاسی و چەکداری بۆ ئەوەم نەکردوە لە نیوەیا بەجێی بهێڵم و حاکمێکی زاڵمی عەرەب بگۆڕمەوە بە حاکمێکی زاڵمی کورد. ئەگەر وام بکردایە بەرپرسیار ئەبووم بەرامبەر میللەت، چونکە من ڕۆڵم هەبووە لە هاتنە سەرحوکمی ئەم دەسەڵاتە بۆیە بڕیارمدا لە نیوەیا جێی نەهێلم و کار بکەم بۆ بەدیهینانی حوکمڕانیەتێکی باش، لە سیستمێکدا ناڵیم دیموکراتی بەڵکو نیمچەیان چارەکە دیموکراتی هەبیت، دەبی لایەک دەسەلات بیت و لایەک ئۆپۆزسیۆن با گۆڕان ئەو لایەنە بێت تا ئەوکاتەی دەتوانیت درەنگ یان زوو ئەم واقیعە بگۆڕیت، ئۆپۆزسێۆن بوون تاقە ئامڕازی مەدەنی و دیموکراتیە بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئامانجە هەر سیستمێک ئۆپۆزسێۆنی تیا نەبێت مەحاڵە چاک ببیت بۆ یە دەڵیم تازوە شەقێک لە کورسیە شڕەکانی دەسەڵات هەڵدەن و وەرنەوە ببنەوە بەخۆتان وەرنەوە بەرەی میللەت وەرنەوە لە پاشکۆیی و سەرلیشیواویەوە ببنەوە بە بکەرو دروستکەری سیاسەت ئەوکات بۆتان دەردەکەویت هێزووقورساییتان چەندە هەروەها مێژوش بۆ خۆشتان و گەلەکەشتان تۆمار دەکەن ،وانەکەن دەبنە حیزبەکەی کاک هین و ئەوکات نەک وەک ئەندامی مەکتەب سیاسی بەلکوو وەک ئەندامی سەرکردایتیش وەرتان ناگرنەوە لەباشترین حاڵەتدا دەتان کەنە ڕاوێژکاری سەرۆک یان ڕاویژکاری مەتکەب سیاسی


22/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر