ڕایەکی یاسایی لەسەر ڕاپرسی.. ئایا ڕاپرسی یاسای دەوێت یان نا؟

د. لەتیف مستەفا
ئێستا لە کوردستان جەدەلێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئایا دەکرێت ڕاپرسی ئەنجام بدرێ بەبێ بوونی یاسایەک یان نا؟ دوو ئاڕاستەی سەرەکی هەیە لەم بوارە یەکەمیان پێی وایە ڕاپرسی پێویستی بە یاسایەکی تایبەت هەیە لە پەرلەمانەوە دەربچێت ئەوەی دوەمیان دەڵین نەخێر پێویست بەیاسا ناکات و کۆمسیۆن دەتوانێت بە دەرکردنی نیزام بیکات ، بۆیە بە پێویستم زانی دیدی خۆم لەڕوی یاساییەوە بلاوبکەمەوە.
ڕاپرسیی گشتی بۆ سێ مەبەست یان ئامانج  دەکرێت: 
١-ڕاپرسی لەسەر دەستور لەو وڵاتانەی کە دستور بە ڕاپرسی دەردەچێت جا لە کاتی دەرکردنی دەستوریکی تازە یان هەموار کردنی هەندێک لەدەقەکانی دەستور. 

٢- ڕاپرسی لەسەر یاساکان لەو ولاتانەی بۆ هەندێ لەیاساکان ڕاپرسی لەسەر دەکەن.
 
٣- یان ڕاپرسی بۆ مەبەستیکی سیاسی وەک ڕاپرسی لەسەر بڕیاردانی چارنوسی گەلێک یان ڕاپرسی لەسەر ئەوەی دەوڵەتیک بچیتە ڕیککەوتننامەیەکی نیودەوڵەتی. 

سەبارەت بەوەی ئایا پرۆسەی گشتپرسی بۆ هەرمەبەستیک لەو مەبەستانەی سەرەوە بێت ئایا پرۆسەیەکی یاساییە یان سیاسی ، کۆدەنگی هەیە لەسەر ئەوەی کە پرۆسەی ڕاپرسی پرۆسەیەکی یاساییە تەنانەت لەو حاڵەتانەی بۆ مەبەستی سیاسیش ئەنجام دەدریت وەئەگەر یاسایی نەبێت پێی ناوترێت گشتپرسی یان ڕاپرسی لەوانەیە پێێ بوترێت ( ئیستیتلاع ) 
تەنانەت ئەوانەش کە دەڵین پیویستی بەیاسا نیە ناتوانن بڵێن کە پرۆسەکە یاسایی نیە بە بەڵگەی ئەوەی دەڵین دەکری بە نیزام یان تەعلیمات بکریت چونکە ئەو کۆمسیۆنەی کە سەرپەرشتی دەکات دەبی نەخشە ڕیگایەک هەبی بۆ ئەوەی کاری پێبکات سەبارەت بە پرۆسیجەرەکانی ئەنجامدانی ڕاپرسی کە پیویستە لەسەری بڕوات هەروەها شیوازی دەنگدان و هەژمارکردنی دەنگەکان ڕیژەی یاسایی پیویست بۆ سەرکەوتنی ڕیفراندۆم وئەوانەی مافی دەنگانیان هەیە لەگەل مافی چاودێری و سکاڵاو سزادان وتانەلیدان و ئەو لایەنەی بەرپرسە لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و پەسەندکردنیان هەموو ئەمانە دەبێ بە یاسا ڕێک بخرین.

بەلام کام یاسا ؟ ئایا دەکریت بە نیزام یان تەعلیمات بکریت بەو پییەی نیزام و تەعلیماتیش جۆرێکن لەیاسا؟
ئەلف بای یاسا ئەوەیە کە نیزام و تەعلیمات بۆ شیکردنەوەو ڕونکردنەوەی یاساکان دەردەچیت ، وەناکریت بابەتیک هەرچیەک بێت تەنها بە نیزام و تەعلیمات دەربکرێت بەڵکوو پێویستە لە پێشەوە یاسایەکی بۆ دەرچێت بەڵام ئەگەر لەکاتی جێبەجێ کردنی یاساکە دەرکەوت ناڕۆشنی هەیە دەکریت ئەو لایەنەی یاساکە دەسەڵاتی دەرکردنی یاساو تەعلیماتی پێ بەخشیوە  نیزام و تعلیمات دەربکات بەلام ناتوانێ بێ بوونی یاساکە تەنها بە نیزام و تەعلیمات بابەتەکە ڕێک بخات ، بەڵێ کۆمسێۆنی هەلبژاردن و ڕاپرسی ئەتوانێ نیزام و تەعلیمات دەربکات بەلام بۆ ڕونکردنەوەو شیکردنەوەی دەقە ناڕٶشنەکانی یاسای ڕاپرسی. 

بۆ سەلماندنی ئەوەی کە  ڕاپرسی بۆ هەر مەبەستیک لەو مەبەستانەی سەرەوە پیویستی بە یاسایە لە پەرلەمانەوە دەربچیت من نموونە ی پراکتیزەیی لەسەر هەرسێ بابەتەکە دەهێنمەوە: 

١- ڕاپرسی لەسەر دەستوور  باشترین و تازەترین و نزیک ترین نمونە ئەو ڕاپرسیە بوو کە لەسەر دەستوری عێراق بەڕیوەچوو لە ساڵی ٢٠٠٥ بەڕیوەچوو بە یاسای ژمارە 2 ی ساڵی ٢٠٠٥ بەناوی یاسای ڕاپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوور لەپەرلەمانی عێراقەوە دەرچوو لە رۆژنامەی فەرمی ( وەقایعی عیراقی ) ژمارە ٤٠٠٣ لە ٣٠ ئابی ٢٠٠٥ بڵاوکرایەوەو لە ١٥-١٠-٢٠٠٥ ڕاپرسی دەستور بەو یاسایە ئەنجام درا.

2-ڕاپرسی لەسەر مافی چارەنوسی گەلیک بۆ نمونە ڕاپرسی باشوری سودان بە یاسایەک بەڕێوەچوو کە لەپەرلەمانی دەوڵەتی سودان دەرچوو نەک هەریمی باشوری سودان یاساکە ناوی یاسای ڕاپرسی گشتی باشوری سودان کە ساڵی ٢٠٠٩ لە پەرلەمانی سودان دەرچوو ئەوەبوو ریفراندۆمەکە ساڵی ٢٠١١ بە چاودێری نیودەوڵەتی ئەنجامدرا. هەرەوەها وڵاتەکانی ئەفریقای ڕۆژئاوا کە لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسادا بوون بە یاسایەک کە پێێ دەوترا یاسای چوارچیوە (الاگار) لەساڵی ١٩٥٨ سەربەخۆییان پێ بەخشرا .
سەبارەت بە بەریتانیا لەساڵی ١٩٧٥ ەوە کە بۆیەکەم جار ریفراندۆم لەو وڵاتە کاری پێکراوە دەبێ بەیاسا بێت لە پەرلەمانەوە یەکەم یاساش کە بەیاسای ڕیفراندۆمی ١٩٧٥ Referendum Act 1975  
دەرچوو تا دەگاتە دوا یاسای ڕیفراندۆم ساڵی ٢٠١٥ کە بەناوی European Union Referendum Act یاسای ریفراندۆمی یەکێتی ئەوروپا تایبەت بەدەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەو یاسایە ئەنجام درا. 

هەروەها هەرێمی کاتالۆنیای ئیسپانی کە لە زۆر ڕوەوە لە ئێمە دەچێت لە ساڵی ٢٠١٢ سەرۆکی  هەرێمی کەتەلۆنیا ئەرتەر ماسنەک هەر پەرلەمانی پەڕاویز نەخست بەڵکوو داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیکی نوێی کرد بۆ ئەوەی یاسای ڕاپرسی دابنێت چونکە کاری ڕاپرسی کاریکی جیایە لە کاری یاسادانان بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢ هەڵبژاردن کراو پەرلەمانی کەتەلۆنیا ساڵی ٢٠١٣ بەزۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی ٨٤ بەڵی ٢١  دژ یاسای ڕاپرسیان کرد و سەرۆکی هەرێمی کاتالۆنیا رۆژی ٩-١١-٢٠١٤ دانا بۆ ڕاپرسی بەڵام دادگای ئیسپانیا هەڵی وەشاندەوە بەبیانوی ئەوەی کاریکی پوچەل و نایاساییە. دەیەها نمونەی تر هەن ئەگەر بمانەویت باسیان بکەین وەک نمونەی ئیرلەنداو هەرێمی ئیبیی سودان و هتد ئەگەر پیویست بکات باسیان دەکەم.

٣-ڕیفراندۆم بۆ دەرچواندنی یاساکان هەندێ لەو وڵاتانەی کە سیستمەکەیان  دیموکراتی نیمچە نوینەرایەتیە واتە گەل بەشدار دەکەن لە بڕیاردان لە ڕیگای راپرسی میلی لەسەر یاساکان مەرجە دوای تیپەڕاندنی یاسایەک لە پەرلەمان بخریتە ڕاپرسیەوە بۆ ئەم مەبەستە یاسایەکی پێش وەخت لە پەرلەمان دەرچوە سەبارەت بە ڕاپرسی یاساکان باشترین و کۆنترین نمونە سویسرایە کە لەدەستوری ئیستای ساڵی ١٩٩٨ و دەستورەکانی پێشوتریش ئەوەی تیابوو. هەروەها فەڕەنساش بۆ هەندێ یاساو بۆ هەمواری دەستوریش دەیانخاتە ڕاپرسیەوە بە بڕیاری پەرلەمان وڵاتی تری وەک ئیتاڵیاو دانیمارک و ئەلبانیا و ڕوسیاش سیستمی ڕاپرسی بۆ هەندی لە یاساکان پەیڕەو دەکەن. 

بۆیە شتیکی حاشا هەلنەگرە کە ڕیفراندۆم لەهەموو ولاتان بڕیارو ڕەزامەندی پەرلەمانی دەویت لە ڕێگای دەرچواندی یاسای ڕیفراندۆم بۆ مافی چارەی خۆنوسین یان مۆڵەت دانی لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ڕاپرسی لەسەر دەستورو یاساکان.

جگە لەوانە بەگویرەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە گرنگترینیان بڕیاری ساڵی ١٩٦٠ کە ناسراوە بە بڕیاری پاکتاوکردنی کۆلۆنیالیزم وە بریاری ساڵی ١٩٧٠ و دواترینیان بڕیاری ڤیەننا ساڵی ١٩٩٣ بۆ ئەوەی ڕاپرسی لە ڕوی نیو دەوڵەتی شەرعیەتی هەبێت و دانی پیا بنرێت لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان پێویستە بەسەرپەرشتی و ئاگاداری نەتەوە یەکگرتوەکان بێت.

دواجار باشترە کە کورد ئەگەر بەڕاستی ریفراندۆم دەکات بۆ سەربەخۆیی هەول بدات لەگەل حکومەتی عیراق ڕێک بکەویت و تەنانەت خودی ڕاپرسیەکە لەلایەن کۆمسیۆنی عێراق و بە چاودیری و سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان ئەنجام بدریت کە ئەم ڕێگایە زۆر کێشەی یاسایی و سیاسیمان لەکۆل دەکاتەوە.
دەستخۆش برا


12/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر