هەڵەی خۆخزاندنە نێو ململانێ توندەكەی بەغدا

عیماد عەلی

ئەوا سەرتاكەی دەركەوت و پەنجە گەزین دادی كەس نادات. هەمووان دەزانن ئەم دوو حزبەی كوردستان بە وردی مامەڵەیان لەگەڵا رووداوە نوێكاندا نەكرد و تەنها تاكە هەنگاوێكی تولە رێگەی بەرچاوی خۆیان دەبینن و تەنها لە چوارچێوەی قۆناغێكی زەمەنی كورتمەودا بیردەكنەوە و ئەوەی بەلایدا ناچن ئەو پێویستی و بەرژەوەندی و هەنگاوە راست و دروستانەیە كە بۆ كورد بە قازانج دەكەوێتەوە، بیركردنەوەیان هەنگاوێك لە دەرگای بیر و رێباز و ئایدیۆلۆجیای تەسكی حزبەكەی خۆیان دوور ناكەوێتەوە .

بە خۆخزاندنە نێو جەمسەربەندی باوەكانی كارلێكی ململانێی سیاسیی عیراق گەورەترین هەڵەی سیاسی ئەو دوو حزبەیە و لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆیان دەردەكەوێت چیان بە خۆیان و میلەتەكە كردووە و چەند كورتبینن لە ئاست پرسی كورد و پێویستیەكانی و هەردوولاش باش سەریان لە ئەلهەدی رەفتاری نابەجێ و بیركردنەوەی دوژمنانەی توركیا و ئێران وەكو سەرجەمسەری دەرەكی و موقتەدا و مالكی وەكو سەرجەمسەری ناوەكی دەدات و، كورد لە كارلێكەكە كارتی دوا سازانی گەیشتنە دواچارەسەری لەدەست دەدات و تەنها وەكو لایەنێكی لاوازی عیراق بەدوور لە پرسە سەرەكیەكەی دەردەكەوێت.

ئەمە نەك هەر زەرەری بۆ كورد لە عیراقدا دەبێت بەڵكو جگە لە بەغدا لە نێوخۆی كوردستانیشدابەكارهێنانی سەرجەم كارتەكانیان لە مانەوەیان وەكو لایەن و حكومەتی سەربەخۆ لە ئاست بەغدا دەسوتێن و وای لێدیت كە ببنە پاشكۆی كتومتی لایەنە عیراقیەكان و نەتوانن هیچ بریارێك بە بێ رەزامەندی هاوپەیمانەكانیان چی لە پایتەختی وڵاتەكانی ناوچەكە یان لە بەغدا بدەن و تۆزە نوزەیەكیان هەبوو ئەویش قری تێبكەوێت .

سەربەخۆیی و بێلایەنی بە هەڵوێست  و رەفتار دەردەكەوێت، هەركەس و لایەنێك خۆی بە بێلایەن بزانێت، دەبێت لەم كاتانەدا ئەوە بسەلمێنێت،  تەنها هەنگاوێكیش بكەوێتە سەبەتەی لایەنێكی عیراقی كاریگەری لەسەر رەوتی هەمەجۆری سیاسی لە كوردستاتندا دەبێت, بێلایەنی بە رەفتار و قوربانیدان بە بەرژەوەندیی تەسكدەبێت نەوەك بە قسەیرووتی هەرەمەكی و پوچەڵ و هەڵقوڵاوی بەرژەوەندیی كەسی و حزبی...بۆ كەس و لایەنەكانی تریش، ئەوەی لەم كاتەدا ورد نەبێت و تەنها رەخنە لە پارتی بگرێت جا بەهەر شێوەیەك و بۆ بەهەر مەبەستێك بێت و بە ناراستەوخۆش بێت بە تەنها دەچیّّتە خانەی بەرژەوەندیە حزبی و كەسیەكانی یەكێتیەوە و ئەوەی ئەو كارانە بەرامبەر بەكێتیش بكات بە ناراستەوخۆ دەچێتە گیرفانی پارتیەوە. بەڵام ئەمرۆ پارتی لە ژێر فشارێكی شۆفینی و توندرەوی عەربی و مەزهەبی زیاترە و ئێران رۆڵێكی گەورە لە جوڵاندنی سیاسی لە شەقامەكانی بەغدا هەیە و هەر چركەیەك واتەوات و پروپاگەندە و قسە و قسەلۆكێك دەخاتە بازارەوە و زۆر سیناریۆ و بابەت بۆ مەبەستی سیاسی دەخولقێنێت و مەبەستی سەرەكی ئێران ئەوەیە كە عیراق لەژێر تەوژمیدا بمێنێتەوە و ئامانجەكانی بپێكێت و وەرەقەیەكی قورس و كاریگەری بۆ دانوستاندنەكانی ڤییەنا  لەبەردەستدا بمێنێتەوە، جگە لە دابینكردنی بەردەوامی بەرژەوەندیە ئابووریەكانی كە لە روخانی صەدامەوە تا ئەمرۆ لە عیراق فەراهەم بووە. لەولای ترەوە توركیا بە هێمنی و تەنانەت راستەوخۆش لە رێگەی پاشكۆكانیەوە سەرجەم داواكاری و بەرژەوەندیەكانی كتومت فەراهەم كردووە و بێ خەم لێی دانیشتووە و زۆر وەرەقەی سیاسی بۆ خۆی دابینكردووە. بۆیە لێرەدا دەكرێت بڵێین كە دەرئەنجامی جموجوڵە سیاسیەكانی بەغدا هەرچۆنێك بێت كورد گەورەترین زەرەرمەند  دەبێت كە تا دێت قورساییەكەی كەمتر دەبێتەوە و كارتە سیاسیەكانی دەسوتێن و بە بێ هیچ بەرهەمێك و دەستكەوتێك دەستی لە بنی هەمبانەكەوە دەردەچێت.


29/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر