هەم صادق بوو هەم كەلامیشی زیبا بوو

عیماد عەلی

ئەوەی لێرەبێت و بەدواداچونی هەبێت و لە ماوەی ئەم حوكمرٍانیە قسە و كوفتاری خەڵكی دیبێت و خوێندبێتەوە،دەزانیًت كە قسەكانی صادقی زیبا كەلام وەكو قسە و روكەش هیچ تازە نەبوون و و شتێكی نەوتراوی ئەوتۆی نەوت بەدەر بێت لەوەی چەندین جار گوتراوە، بەڵام كەسێكی بەدەر لەساحە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكەی كوردستانی باشوورجوانتر لە خۆت وەزعەكەت بۆ باس بكات و راستیە خەفەكراوەكانت  وەك خۆی بەدوور لە هیچ مەبەستێكی سیاسی و بەرژەوەندی كەسی  روون بكاتەوە ، كارێكی ناوازە و  جێگەی دەستخۆشی و سوپاسكردنە.

دەیان جار باسی ئەوە كراوە كە تەلار و باڵەخانە و بەدوبەی كردنی شارەكان لە رۆژگاری رەش و تەنگانە دادت نادات و بەر بە پیلانگێرٍی دوژمنان ناگرێت و بەهیچ شێوەیەك پێشت ناخات، بەڵێ تەلار و شتی روكەشی كاتی تەنها لەبەرچاو جوانە و هیچ سودی بۆ ناخ و جەوهەر نیە و گۆرٍانكاری لە عەقڵ وكانگای راستەقینە و فكر و بیروبۆچونی خەڵك ناكات. هەر شتێكی رەسەن و راستەقینە و جێگیر پێویستی بە گۆرٍینی ناوەرۆكە نەك روپۆش. مێشك و عەقڵی گەلی كورد و كوردستان ئەوەندە خەڵتەی نێوخۆ و داگیركەرانی دەرەوە و زەبری زەمانەی لەسەر نیشتووە كاتی زۆری دەوێت سرٍینەوەی، تاوەكوبیركردنەوە و عەقڵ و ئەندێشەی خەڵكدەگاتەوە سەر كانزا راستەقینەو بیروبۆچونە رەسەنەكەی خۆی.

بەڵًێ قسەجوان لەوەشدا راستی فەرموو كە وتی بە پەروەردە  و گۆرٍینی راستی ئەم سێكتەرە دەگەیت بە مەرام. ژاپۆن و جێرمەن و فەرەنسا و ئیتالیا و نەمسا و روسیاش یەكەمین هەنگاوی لە پاش جەنگ و ماڵوێرانیەكانی مێژووی خۆیان بۆ دووبارە خۆ رێكخستنەوە و سەرەتای دەستپێكردنی ژیانی گەلەكانیان، لە پەروەردەوە دەستیان پێكرد، بەڵی ئەگەرجاپۆن وەكو وڵاتێكی رۆژهەڵاتی لە هەمووان  سەركەوتوتربوو، لەبەر ئەوەی چاولێكەر نەبوو و بەجوانی هەڵسەنگاندنی  لە سەرجەم بوارەكانەوە بۆ خۆی كرد و ئەخلاق و ئەدەب و كەلتوریشی وابەستەی پەروەردە كرد، بەڵام چری گرنگیدانی و ئەولەویەتی كاری پاش دارٍمانی لە جەنگ و شێواندنی باری وڵاتەكەیان بە رێكخستنەوە و گۆرٍانكاری كاروباری پەروەردە دەستی پێكرد نەك بەرزكردنەوەی تەلار و رێكخستنی دیمەن و روپۆش و جوانكاری .
ئەوەی لە وتنی قسەكانی زیبا كەلام گرنگ بوو ، راستەوخۆ بێ پەردە و ترس و خاترگرتن و مەرایی و وەكو خۆی بە پوختی و كورتی و بێ ئەملاو ئەولای بەرژەوەندیخوازانە لەناخی بابەتەكەی  دا و خستە بەردەم دەسەڵاتی ئەمرۆی كوردستان. ئەوەی دەمێنێتەوە، هیچ متمانەیەك لە لای خەڵك نەماوە بۆ ئەوەی باوەر بكات ئەم دەسەڵاتە كوێبیستی كوتە و هەڵویٍَست و رای جوان و سودبەخش بێت و كاری لەسەر بكات، بۆیە هاوكاری خەڵك زۆر زەحمەتە و ئەمەش زەرەری خۆی دەبێت و سەركەوتن لەو بوارە بە بێ متمانەی خەڵك و بە بێ هاوكاری ناكرێت. بەڵكو ئەم جارە قسەی قسەجوان كاریگەری خۆی هەبێت، چاوەرێین بە كوێ دەگات. 


21/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر