بانگەشەكەی مالكی تەڵەیە بۆ كورد

عیماد عەلی
هەر لە دوورەوە دیارە كەبانگەشەكەی مالكی بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی عیراق  لە سلێمانی نیاز و مەرامی باشی لە دواوە نیە و ئامانج گەلێكی لە پشتەوەیە كە هیچ قازانجێكی بۆ كورد و رەوتی سیاسی كوردستان و پەیوەندیی لایەنەكانی تێدا نیە . بۆیە دەكرێت لەم جوڵە و هەڵوێستەی مالكیدا هەست بەم مەرامانەی بكرێت:

*ئەگەر ئەو كۆبونەوە لەم كاتەدا لە شارێكی وەكو سلێمانی بكرێت كە واتای خۆی دەگەیەنێت، مەرامی مالكی  یان سەرچاوەی بیرۆكەكە روونە ، لە كاتێكدا یەكێتی و پارتی لە هەنگاوی یەكەمی نزیكبونەوە و هەماهەنگین لەسەر مەسەلەكان و بەتایبەتی پەیوەندیە سیاسیە ئابووریەكان و هەلًَبژاردنی سەرۆك كۆمار،  بە دیاریكردنی سلێمانی نەك هەولێر لە روانگەیەكی حزبی تەسكی لایەنی عیراقیەوەیە، درزە گەورەكەی پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی گەورەتر دەكاتەوە، ئەمەش قورٍی بارودۆخە نالەبارە نێوخۆییەكەی هەرێم خەستر دەكات.
* درزی پەیوەندیەكانی نێوان رەوتی صەدر و یەكێتی و تەنانەت صەدر لەگەڵ هەرێم و كوردیش بە گشتی فراوانتر دەبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی هیچ كەسێك نیە، بەتایبەتی كورد.

* ئەم بیرۆكەیە تەنها بۆ دەربازبونی مالكی و سەركەوتنی بلۆكی ئێرانیە لە عیراق  و خۆرزگاركردنە لەو چەقبەستنە سیاسیەی كە خۆی و  چوارچێوەی هەماهەنگی تێی كەوتوون، ئەمەش لەسەر حسابی بەرژەوەندی كورد و  تەنها بۆ ئەوەی داشی ململانێی مالكی لەگەڵ سەدردا سوار بێت  و وەكو خۆی و ئێرانیش جوڵەیەكی سیاسی بكەن و لەوانەیە لە چەقبەستوویی وەزعەكەی رزگاریان بێت و زیاتر كورد  لە كێشەكانی بەغدا  بگلێنن.

ئەگەر ئەم بیرۆكەیە لە بنەرٍەتدا لە تارانەوە دەرچوبێت، ئەوا دەتوانێت بە ئاسانی فشار لەسەر یەكێتی بكات بۆ قبوڵكردنی و یەكێتی ئیحراج دەكات, بەڵام لە رێگەی مالكیەوە دەربچێت ئەوگومانە دوور دەخاتەوە و پێشنیارەكە بە نێوخۆییانە حساب دەكرێت.  بۆیە بۆ كورد خۆی زۆر باشترە بۆ یەكجاریش بووە بیری ستراتیجی خۆی بكاتەوە و خۆی لەقەرەی كێشە ئاڵۆزبووەكانی بەغدا نەدات، بۆ ئەوەی دەرئەنجامی ئەم هاوكێشەیە هەرچۆنێك بێت كورد بە سەركەوتوویی لێی دەرچێت و پێگەی خۆی قورستر بكات و بتوانێت قسەی خۆی هەبێت.

10/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر