كرٍۆكی كێشەكە ململانێیە لەسەر مەرجەعیەت

عیماد عەلی

پاش قسە و باس لەسەر نزیكبونەوەی مردنی سیستانی و دیارنەبونی جێگرەوەی كە هەمووان دانی پێبنێن و بەردەوام بوونی ئەو ململانێ دوورودرێژەی نێوان مەرجەعیە سەرەكی و لاوەكیەكانی نەجەف و قوم و یەكتربرٍی بەرژەوەندیەكان و  دواجار لێدوانی حائری لە قومەوە بە فەرمانی دەسەڵاتی ئێران بەوەی مەرجەعیەتی سەرەكی شیعە خامەنئی بێت و ئەو توانای بەرێوەبردنی كاروباری مەرجەعیەتی نیە. هەموو پرسەكە وەكو خۆی دەركەوتن و خوێنی عیراقیەكان لەو نێوەندەدا بە فیرۆ دەچێت و هیچ سوودێكیان بەرناكەوێت و لە هەر لایەكیەوە بیخوێنیتەوە تەنها جمهوری ئیسلامی ئێران بەرەكەی دەچنێتەوە.

هەموو دەزانن دەرگای ئیجتهاد لای شیعە كراوەیە و كەس ناتوانێت بەتەواوی و میراتی قۆرخی مەرجەعیەت بكات و ئەویتر رەتبكاتەوە. حائری لە لێدوانی ئیدعای نەخۆشی و گەرٍانەوەی مەرجەعیەت بۆ خامەنئی، بەشێوەیەكی ناراستەخۆ رەخنەی لە موقتەدا صەدر گرت و بەوە تۆمەتباری كرد كە دەیەوێت بە ناوی محەمەد باقر صەدر و محەمەد صادق صەدرەوە ریزی یراقیەكان و شیعە بترازێنیت و موقتەدا هیچ شەرعیەتێكی نیە و توانای ئیفتا و ئیجتهادی نیە و مەرجەكانی مەرجەعیەتی پێنیە، بەڵكو ئەو هەرچەند بڵێت بەخۆی صەدری نیە.
صەدریش لە تویتێكدا وەڵامی حائری دایەوە و وتی زۆر كەس و تێیاندا حائری منەت دەكەن و وا دەزانن خێری ئەوانە ئەم سەركردایەتیە هەیە، بەڵكو ئەمە بە خێری خوا و چاكەی باوكم محەمەد صادق ئەلصەدرە كە وازی لە عیراق و گەلەكەی نەهێنا. ئەوەشی وت كە وازهێنانی حائری بە ویستی خۆی نەبووە، ئەو باسی عصمەت و مەرجەعیەتی نەكردووە ، بەڵكو فەرمانی بە چاكە و نەهی لە خراپە دەكات.

بەو شێوەیە صەدر وا دەیبینێت كە وازهێنانی حائری كۆتایی بە مەرجەعیەتی صەدریەكان دێنێت و رادەستی ئێران و قومی دەكات و دەستی صەدریەكانیش لە ینی هەمبانەكەوە دەردەچێت، ئەگینا حائری بەخۆی قوتابی صەدری بووە.

وەك دەزانین زۆر مەرجەعیەت هەن ئەوەی جیایان دەكاتەوە باوەربون و نەبوونە بە ولایەتی فەقێ و ولایەتی حەسبی، هەمووانیش دەزانن كە سیاسەت رۆڵی خۆی هەیە لە دیاریكردنی مەرجەعیەت، ئەگینا لە رووی زانستی ئاینییەوە هەموان دان بەوەدا دەنێن كە محەمەد بەشیر ئەلنەجەفی بلیمەت و توانایەكی باڵای هەیە لە حەوزەی نەجەف، واتە لە یەعقوبی و حائری و سیستانیش پر زانیاری و زاناترە، كەچی لە ململانێكە سیستانی لە خوئی نزیكتر بوو و هەروەها ململانێی ابوقاسم ئەلخوئی لەگەڵا محەمەد صادق ئەلصەدر وایكرد لەدواجاردا سیستانی جێگەی خۆی بگرێت و صەدریەكانیش وەكو دەسەڵات و توانای زانستی لە حەوزە و رۆڵی ئایینی و سیاسی پاشەكشەیان پێكرا، هەرچەند لەم بارەدا لە سەرەتاوە صدام پشتگیریەكی ناراستەوخۆی محەمەد صادق صەدری كرد و دواتر تیرۆریشی كرد.

ئەمرٍۆش ئەوەی دەبینرێت لەسەر ساحەكە پاشماوەی ئەو ناكۆكیە بەردەوامەیە، بەڵام  ئەمرۆ بە ئاشكرا وراستەوخۆ و بە ئازادانە بەو شێوەیە دەریدەبرٍن نەك وەكو پێشتر بە نهێنی و ژێربەژێر بێت، كەچی هەمیشە هەژار و داماو سوتەمەنیەكەیە چی ئایینی بێت یان سیاسی. زانینی حەقیقەت و هۆشیاریی ئایینی و سیاسی و عەقڵ ئەو خەڵكە رزگار دەكات و هیجیتر .

ئەوەی زۆر گرنگە، كورد وەكو هەمیشە زیانی كردووە ئەمجارە خۆی نەخاتە نێو ئەم گێژاوە و ئەگەر عاقڵانە بجوڵێت دەتوانێت بێ زیان لێی دەرچێت و بەڵكو رەوشی پرسەكەشی بەرەوپێشەوە بەرێت.


30/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر