خۆبەستنەوە بە كام شوناس زامنی مانەوەی كورد دەكات؟

عیماد عەلی
كاتێك بنیدێكت ئەندرسۆن كتێبی (كۆمەڵگە وێناكراوەكان) ی لە ساڵی 1983 بڵاو كردەوە، كۆمەڵێ پرسیاری لەمەر شوناسی نەتەوەییی كۆمەڵگاكانی هێنایە ئاراوە، بەڵام كرٍۆكی كتێبەكە ئەوەی دەردەخست كە شوناسی نیشتمانی هیچ گەلێك شتێكی ئەزەلی نیە و لە دەرئەنجامی بوونی رۆشنبیری  و تێگەیشتنێكی هاوبەش( بەرهەمی كاری چەند فاكتەرێك) بۆ خود و مێژوی نەتەوەكەت دروست دەبێت. 

من قسە لەسەر ئەوە ناكەم كە گەلی كورد ئێستا لەبەر گەندەڵی و خۆخۆری و نەزانی سەركردایەتی و نەبونی هیچ مقەوەماتێكی گەشەسەندنی بیری نەتەوایەتی لە كوردستان، لە هەموو شت و لایەك بێزارە و بێزی لە كوردایەتی دێتەوە و لەم بارەوە بە پێچەوانەی سەرجەم گەلانی ناوچەكەیە و چۆن قسە بكەیت بێزت لێدەكاتەوە و باوەرٍی وایە كە تۆ باسی و كورد و كوردستان و نەتەوە و نیشتمان بكەیت، بە شوێن كڵاوی بابردوودا دەگەرٍێیت. ئاگی لەوە نیە و نازانیًت ئەم وەزعەش هیچ گوناحێكی كوردی وەك نەتەوە تێدا نیە، بەڵكو ئەم گەلە بە خۆرٍسكیش بێت خۆی دەكاتە  قوربانی گەل و نەتەوەكەی خۆی و بە تایبەتی هەژار و كەمدەرامەت و زەحمەتكێش بە ماڵ و حاڵی خۆی گیانفیدای نەتەوەكەیەتی و ئەوەی تاوانبارە و هۆكارە لەم وەزعەدا تەنها بژاردە و سەركردایەتی و نەزانی و بێ ئەزمونی و دواكەوتویی و جەهل و كەلتوری نابەجێی هاوردە و پیلانی هەمەجۆری كاریگەری دوژمنانە وا بیركردنەوەی ئەم گەلەی گۆریوە و گەیاندویەتی بە نائومێدی و لاتەریكی و نەیارپەرستی.

عەرەب یەك نەتەوەیە و دیان نیشتمانی هەیە و  هەروەها تورك و ئینگلیز و فەرەنسی و لاتینی و هتد بەهەمان شێوەیە و هیچیان لە كورد زیاتر نیە، كەچی كورد نەتەوەیەكە بێ نیشتمان و تەنانەت ئەوەشی لەبیر نەماوە كە چی بكات و چۆن بگات بە مەقصەد. بێگومان هۆكاری ئەم واقعە زۆرە و ئەمە توێژینەوەی زانستی دوورو درێژی دەوێت، بەڵام لێرەدا من باسی سەرەقەڵەمی پێویست دەكەم كە زەرورەتە هەموو كەس و تەنانەت منداڵی سەرلانكەش بیزانێت، ئەوەیە كە چۆن شوناسی نەتەوەیی كوردی لە پشتخانی فكری ئەم گەلە دروست بكرێتەوە و چۆن رووبەرووبونەوەی پیلانی هەمەچەشنی  دوژمنان بۆ لەناوبردنی بیری راستی نەتەوەیی كورد بەردەوام كارابێت و كەس نەتوانێت لەناویبەرێت .

شوناسی نیشتمانی بە بوونی سنور و حكومەت و سروودێكی نیشتمانی و ئاڵا و چەكەرەكردنی خۆشەویستی زەوی و ئاووهەوای نیشتمان  ئەو كەرەستانەن خۆشەویستی نیشتمان دروستدەكەن و هیچی تر، نیشتمان ئەوەندە پیرۆز و ئایدیایەكی خەیاڵی نیە لە مێشكدا نەسرێتەوە و وەكو بیرێكی پیرۆز لە عەقڵی گەلدا بەرچەستە بێت.

شوناسی ئایینی  و مەزهەبی، ئەمەش لە لایەن ئەوانیدی زۆر لە پێناو مانەوەی نەتەوە و ئومەت بەكار هاتووە و لەم رێگەیەوە نەتەوە بە پیرۆز ناسێندراوە و تەنانەت زۆرجار زمانە تایبەتەكەی خاوەن ئایینەكەش پیرۆزێنراوە و بە زمانی خودایی لەقەڵەم دراوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەیان داستان و خورافە و مەلحەمە و درۆ و دەلەسەش وەكو تەونی بەرگری لە نیشتمان و نەتەو بەكارهێنراوە، لە بەرامبەردا هەولًدراوە شوناسی تیرە و و قەبیلە و عەشیرەتی لە ناو كوردا بسەپێنرێت بۆ لە بیرچونەوەی شوناسە نەتەوەییەكە.

ئەوەی دەربارەی میلەتی كوردە، جگە لەوەی دوژمنان هەزار و یەك پیلانی بۆ دەگێرن و بە هەموو جۆرێك رێگەی سەپاندنی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی پێ نادەن، بێ ئەوەی كەس لەو فرتوفێَڵانە ئاگادار بێت،  كەچی خۆیشی وەكو نەتەوە خەمسارد و خۆخۆر و بێ ئەزمون و نەزانە لەو بارەوە . ئەو كەموكورتیانەی كە رێگە نادەن تەنانەت كورد بە بیریدا بێتەوە كە  نەتەوەیە و دەتوانێت بە خۆی چۆن بەو فاكتەرانەی لە كیانەكەیدا هەیە نیشتمان دروست بكات .

كەموكورتیەكان:

*نەبوونی هێما و بەسەرهاتی مێژووی یەكگرتوو و داستان و تەنانەت نەبوونی هیچ خورافاتێكی نەتەوەیی كە وەكو پەتێكی بەتین گورزەی نەتەوەیی كورد بەیەكەوە ببەستێتەوە و تەنانەت ئەگەر چیرۆكی دێرینیش هەبوبێت كە راست بێت یان درۆ و یارمەتیدر و فاكتەری مانەوەی یەكگرتوویی كورد بێت، بە فیتی دوژمنان گومانی لەسەر دروست كراوە و كورد خۆی بەو گومانە فریوی نەتەوەیی خواردووە، بۆ نمونە كاوەی ئاسنگەر و زوحاك ئەگەر درۆ بێت و ئاواش نەبێت یان با پێەوانەش بێت، كە كۆی گشتی بیری نەتەوەیی كورد باوەری پێ بوو و فاكتەری یارمەتیدەر بوو بۆ یەكخستنی نەتەویی بۆ دروستبوونی نیشتمان، پێویستە پارێزگاری لێبكەیت، كەچی لەم ساڵانەی دواییدا بە فیتی دوژمنان و خۆشباوەرٍی زۆرێك لە تەناەت دڵسۆزان و رۆشنبیرانیش گومانی خرایە سەر ئەم داستانە  و كورد خۆیشی وەكو ئەوەی هەنگوینی لەدار دۆزیبێتەوە ئەوەی دووبارە دەكردەوە و چیرۆكەكەی وەرگەرا و لە موڵكی مێژوویی ئەم نەتەوەی دەركرد و هیچ قازانجێكی بە كەلتوری ئەم نەتەوەش نەگەیاند وبەڵكو بۆ ساردبونەوەی كورد لە باوەرٍبوون بە مێژوەكەی كاریگەر بوو و زیانێكی گەورەی كرد، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە كۆی گوشارەی بیری نەتەوەیی خەڵكی سادە و نەتوە پەروەر لە راستەرێگە بەردەوامە و بە خۆرٍسكانە پیلانەكان لەناودەبات.                            * نەبوون و نەهێشتن  و سرٍینەوەی  ئایینی تایبەت بە پاراستنی نەتەوە و ئەگەر لە مێژوشدا هەبوبێت هەزار گومان و قسەی لەسەر كراوە و لاواز كراوە و لە خەزێنەی كەلتور و ئایینی كوردیان دەرهێناوە.

* نەبوونی مەلحەمە و چیرۆكی یەكخستنەوە و تەنانەت نەبونی توانای بڵاوكردنەوەی درۆیەكی نەتەوەیی زەق كە هۆكار بێت بۆ رایەڵەی پتەوكردنی یەكگرتوویی گەلی كوردستان و كورد بەتایبەتی بە پێچەوانەی نەتەوەكانی دیكە كە هیچیان نەبووە و سەرجەم مێژوی كوردیان بە ئایین و ئایینزا و  مەلحەمە و داستان و چیرۆك و پێكهاتەكانیەوە دزیوە و روحی نەتەوەیی خۆیانیان پێ پتەو كردووە.

* نەبونی سنور و ئاڵا و سروودی نیشتمانی باوەرپێكراوی رەسمی جیهانی خاڵێكی سەرەكی نەبوونی شوناسی نیشتمانی كورد ە و بەردەوام وادەكات ئەو باوەر و روحیەتە سستر بێتەوە لە گیان و كیان و كۆی كوشارەی بیری كورد و هۆكاری باوەر نەبوون بە خۆ و بەكەمزانینی خودە.

بەم شێوەیە برٍوات و خەلًكی بژاردە و تەنانەت رۆشنبیران وا بیربكەنەوە و تەماشای كوردستان وەكو وڵاتێكی ئەوروپی خاوەن سنوور و ئاڵا و سروود و حكومەت بكەن و كالتە بە فكر و بۆچونی نەتەوەیی بكەن و ئینكاری نەتەوەیی بە پێشكەوتن دونیادیدەیی بزانن  و نیشتمان بە ئامانجێكی لاوەكی لەقەڵەم بدەن، رۆژێك دێت نە زمان و نە پێكهاتەو نە ئەم سروود و ئاڵا نافەرمیە و نە مێژوو و جوگرافیا و نەش ناو و نیمچە شوناس و زمانەكەی كوردیش دەمێتەوە و دەبێت خۆمان بە نەتەوە و نیشتمانێكی دوژمنەوە هەڵواسین. 

16/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر