هەستی خۆ بەكەمزانی لای سەركردەكانی كورد

عیماد عەلی

كە رەفتاری سەركردەی هەڵتۆقیوی كورد دەبینیت، یەكاوكە دەزانیت كە هەستی خۆ بەكەمزانی لە ناخیدا چەكەرەی كردووە، گەر ئەو كەسەشبە خۆی بزانێت یان نا. ئەوەی لە پرٍێكدا دەبێتە سەركردە و لە ناكاودا بە قودرەتی قادر هەڵدەتۆقێ و دەبێتە دەمرٍاستی كورد، هۆكاری زۆرە و هەر لە دەرئەنجامی رەفتار و هەڵویست و بیركردنەوەی زۆرێك لە ڤیگەرەكانی كوردە لە دیاریكردن و هەڵبژاردن و پشتگیری كردنیسەركردەی نوێ بە پێی بەرژەوەندی تەسكی شەخسی و حزبیدا خۆی دەبینێتەوە ، بۆ نمونە ئەوەی دەركەوتووە تەنها بۆ زیاتر دەنگهێنانی حزبی بووە نەك زانایی و توانا و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و زانیاریی هەمەجۆری هەبێت، وەكو بەرزكردنەوەی خەڵكانیك بەدوور لە كەمترین زانیاری سیاسی و مێژویی و یاسایی بووە، بۆ نمونە  بێژەری ئاسایی و بەندبێژ و خەڵكی سادەی بێ سواد و كەسانی گاڵتەجار ، تەنها بۆ زەوتكردنی دەنگی خەڵكی بێئاگا لە رەوتی سیاسی و بەرژەوەندیەكانی كورد و لە دژایەتی ئەویتری ركابەر، بێ ئەزمون و بێ زانیاری لە مێژووەكەمان دەردەخەن، كە ئاگای لە بچكوترین كاری سەركردەبوون لە مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان نەبێت،بە پێی ئەو هەڵوێستە مێژوییانەی لایەنی بەرامبەر لە مێژوی دوور و نزیكمان هەیبووە. ئەمەش وەنەبێت كە تەنها لە بۆچون و رەفتاری فەریكە سەركردەكان  لە بەرامبەر نەتەوەی سەردەستدا ببینرێت، بەڵكو ئەمە رەفتار و سیاسەتی خەڵكە باڵاكەشە لەگەل َهەر لایەن و كەسێكی جیهانیشدا دەبینرێت، هەرچۆنێك بوبێت لە مێژوودا بەرامبەر نەتەوەكەمان، ئەگەر هەڵوێستی دوژمنكارانەیشی نواندبێت و ئایندەی كوردیشی لە قورٍٍ گلاندبێت.

ئەوا با قسە لەسەر ئەم بابەتە وەك رەفتار و كردەوە و سیاسەتی ئەو هەڵتۆقیوانە لە بەغدا نەكەین كە زۆرێك لە بێ ئاگایانە لە مێژووی نزیك و دووری كورد دەیكەن و هەندێكیان بیروباوەری رێگەی پێ دەدات هەرچیەك بكات و كوردستان بە موڵكی خۆی نازانێت و ئەویتر لە دژی لایەنی ركابەر خۆی دەخاتە خانەی نۆكەرایەتی یار و نەیارەوە و بە زەرە بۆ گەسەكەمان دەكەوێتەوە ، ئەویتریش بۆ خۆ دەرخستن و وەكو كەسێكی بە هەڵكەوت هەڵكەوتووی دەستی قەدەر بوبێتە دەمراستی كورد لەم كاتەدا، بۆیە وا دەجوڵێتەوە.

با لە بەغدا دوور بكەوینەوە وتەماشای چۆنێتی رەفتاری سەرانی هەرێم لەگەڵ ناشتنی تەرمی شاژنە ئەلیزابیسی بەریتانی بكەین كە لە ئاستی باڵا بەشداریان كرد و ئەوەندە توشی زهایمەر بوون وتەنانەت یادگەیان بەتاڵە لە رەفتاری چەند ساڵێكی كەمی پێش، نەك بیر لەو كارەساتە بكەنەوە كە ئەم بەریتانیا بەسەر كوردی هێنابێت، بەڵكو بیر لە جەوهەری سیاسیەتی ئاشكرا و نهێنیی ئەمرۆی بكەن كە چۆن مامەڵە لەگەڵا بەرژەوەندیەكانی كورد دەكات، هەڵوێستی بەریتانیا لە 16ی ئۆكتۆبەر گەواهی سیاسەتەكانیەتی لەمەرٍ كورد دا. 

ئەمە تەنها هەست بە خۆكەمزانیە و بۆ دەرخستنی كەسیە بەدوور لە پێویستی سیاسەتی گشتی نەك ئەتەكێتی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكان بێت, ئەمە لەژێرپێ خستنی بەرژەوەندیەكان و ئامانجەكانی گەلی كوردستانە، تۆ بینیوتە ئەوەندە خۆت بە كەمبزانیت بەم شێوەیە بەرامبەر وڵاتێك و سەركردایەتیەكەی رەفتار بكەیت كە خەونی تۆی لەگۆرنابێت و، تا ئەمرۆش لە سەر ئەوهەڵویَِستە بەردەوام بێت و رەفتاری بەریتانیای پاش 16 ی ئۆكتۆبەر لەمەرٍ كورد و بیرەنەوتەكانی كەركوك و زیانگەیاندنیان بە كورد و پشتتێكردنی و گرنگیدان بە عیراق و یەكگرتوویی خاكەكەی لەپێناو بەرژەوەندیە تەسكە كۆن و نوێكەی خۆیان ئەوە سیاسەتیان بێت. ئای كورد كە هەمیشە یادگەت بەتاڵە لە روداوەكانی مێژووی كۆن و نوێ، یان چانسی كوردە تووشی سەركردەیەك دەبێت كە ئاگای لە مەحموی بێزەوانی مێژوەكەت نیە. با باش بزانن كە ئەم رەفتارانە وا ناكات كە ئەو وڵات و كەسانە رێزت زیاتر لێبگرن و سیاسەتیان بگۆرٍن بەڵكو ئەوان زیاتر لەوە یەكلایی دەبنەوە كە ئەمانە لەو ئاستەدان كە گوێ بەهیچ نادەن و ئەوان هەرچیەكیان بوێت جێبەجێی دەكەن، ئەگەر لەسەر حسابی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكشەمان بێت.


24/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر