دیسان كەمتەرخەمی و نەزانیخۆمان ؟!

عیماد عەلی

لەم چەند رۆژەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق، كورد وەكو نەریتی هەمیشەیی خۆی هەڵوێستی راستەقینەی بەو عەقڵیەتە ناسراوەی لای هەمووان پیشاندا و ئەوەی هەرزەكاركرد و سیفەتی ناخ و جەوهەری سادەیی و نەزانی خۆیانە، نەك بۆ لایەنە عیراقیەكان بەڵكو بۆ جیهانیان سەلماند كە سەركردایەتیەكی یەكگرتووی دەركەوتەی ئەو هەموو قوربانیانەی خۆی نیە و لەسەر قەدەر و گۆرٍاناكاریەكانی رۆژانە سیاسەتی تەسكبینی دەرٍوات و هیچ ستراتیجێكی نیە و ئەم هەموو خەباتە  هیچ سەركردایەتیەكی مێژووكردی بۆ ئەم كاتەی بەجێنەهێشتووە, ئەمەش كۆمەڵێك پرسیار دەوروژێنێت، ئایا كورد لە جەوهەردا بێ مێژووی بێ سەكردەی هەڵكەوتووی راستەقینەدایە یان كۆن و ئێستاش و هەمیشە كاربەرێكەر بووە و مێژووەكەی هیچ سەركردایەتی و خەڵكی بەتوانا و ژیری بەرهەمنەهێناوە، بەڵكو بە پێی گۆرٍانكاریەكانی رۆژ سەركردایەتیان كردووە و رۆژیان بەسەربردووە، لەوێشدا ئەوەمان دێتەوە یاد كە ئێمە خاوەنی قازی محەمەد و شێخ مەحمود و مەلا مستەفا و قاسملۆ و شەرەفكەندی و ئۆجەلانین، ئەی بۆچی لەم چركەیەدا كەسێك نادۆزرێتەوە قۆناغەكە و پرسە سەرەكیەكەی خۆمان وەكو خۆی بخوێنێتەوە و برٍیاری راست ودروست و كوردانە و خۆنەویستانەی خۆی بدات.

بە تایبەتی لەم رۆژانەدا، رەفتار و مامەڵەی هەردولایەنی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی لە ئارادایە و چۆنێتی كاركردنیان و وردەكاری پاراستنی بەرژەوەندیە كەسی و حزبیەكانیان، بۆ هەمووانی دەرخست كە نەك كێشەكانی خۆیان بەخۆیان چارەسەر نەكرد بەڵكو كێشەشیان بۆ خێرخوای دڵسۆزی گەلی كورد و پرۆسەكەشی دروستكردووە. ئەوەی روونە كە تەنانەت كاری حزبی و ستراتیجی خۆیانیشبە یەكجاری سپارد بە بەغدا و كێشەكانی خۆیان گواستەوە بۆ ناوەندی عیراق و پەرتەوازییان لەبەردەم لایەنە عیراقیەكان بە كردەوە پیشاندا و عیراقیەكان  بوون بە دەمراستی پرسێك كە ئەو هەموو قوربانیەی داوە و سەركردەیەكی هەلًَكەوتوی لە دووتوێی ئەو شۆرشە نەماوەتەوە كە ببێتە مەرجەعی كورد و پرسەكەی و خەریكی شتە بچوكەكان نەبێت. ئەو هەڵوێست و سەردانە مەكوكیانەی هەردولایەن وئەو تەنازولە شەرمهێنەرەی هەردوولا بۆ زۆر لایەن و كەسی عیراقی بۆ شتی بچوك و تا ئێستا كەمتەرخەمبوون لەمەر شتە گرنگ و بنەرٍەتیەكان بۆ  كورد و پرسەكەی و تەنانەت لە شتێكی بچوكی هیچ نەبوو لەچاو پرسە سەرەكیەكەی كورد وەكو رێكنەكەوتن بۆ دیاریكردنی پۆستی بێ بەها لە بەغدا، جێگەی شەرمە. 

پەشمە كە سەركردەی لایەنێكی عیراقی بێت و بڵێت؛ لە پاش روخانی دكتاتۆریەت ، كورد ناوەندی چارەسەری زۆرینەی كێشەكانی عیراق بوو ئێستا خودی كوردكێشەیە بۆ ئێمەی عیراقی، كەسێكی وا بلێت سەركردەیەك لەناو كورددا نەماوە برٍیاری یەكلا كەرەوەی بەدەستەوە بێت و خاوەن پەیمانی خۆی بێت، هەروەها بڵێت: سەركردە كوردەكان ئەمرۆ قسەیەك دەكەن و  وەعدێك دەدەن سبەینێ لێی پەشیمان دەبنەوە. هەروەها بڵێت: بەداخەوە ئەو هەموو خەباتەی كورد سەركردەیەكی تاریخی بەرهەمنەهێناوە كە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین. شەرمە  بڵێت ئێمەی لایەنەكانی ناوەندی عیراق لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەیەكی كورت دەبێت ئازادی راستەقینەی تەواوی خۆمان دەستەبەركردووە و ئەزمونمان لەچاو ئەوان كەمترە و ئەوان زووتر لەدیكتاتۆر رزگاریان بوو، كەچی ئێمە خاوەنی قسەو كردەوە و برٍیاری خۆمانین و سەرەرای كێشەكانمان گرفتی بەریوەبردنی كاروباری خۆمان بە ئاسایی رایی كردووە و لە ناوخۆماندا لەگەڵ دەستوەردانی دەرەكیشرای تایبەتی خۆمان سەلماندووە، كەچی كوردەكان لە بچوكترین پرسدا بە بێ پرسی ئەم و ئەو بریار نادەن و ئەوەمان بۆ دەركەوتووە كە بە ناراستەوخۆش بێت لە هەوڵی قرٍكردنی یەكتر و نەهێشتنی قورسایی و پێگە و كاریگەریی یەكترن.

 زۆر حەیفە مێژووی خەباتی كورد و ئەو هەموو قوربانیدان و ئەو هەموو كەڵە سەركردەیەی كە خاوەنی پلانی گەورەبوون بە نەزانی و بێ سەروبەری و كاڵفامی و نەرجسیەتی ئەم و ئەوی خەڵكی دەركەوتووی سودفە و كەم رۆشنبیری و بێ پێگەی سیاسی و جەماوەری، شوێنیان بسرێتەوە و خوێنیان بەفیرۆبدرێت و كورد بێ باوك بمێنێتەوە. 

ئەوەی جێگەی پرسیار و سەرسورهێنانە، كەسێكی توندرەوی رەگەزپەرستی هەمیشەناسراو بە دژە كورد و پرسەكەمان بێت و بڵێت كەمتەرخەمی كورد نەك هەر بۆ خۆیان بەڵكو بۆ ئێمەش بونەتە گرفت، عیراقی عەزیم رێگە بەو جاهلانە نادات بۆ خۆیان وئێمەش وابن و  حەقەلەمەودوا قبوڵی نەكەین و دوور لەوان بەخۆمان كاری خۆمان بكەین و چارەنوسی عیراقی مەزن نەدەینە دەستی ئەم و ئەوی كەمتەرخەم  و نەزان.


01/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر