راستە ماکی گەلی کورد لە خۆیدا ئیسلامییە ؟

عیماد عەلی
لەم چەند رۆژەدا، ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر جێندەر هاتە ئاراوە زۆر شتی دەرخست، بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئەوەبو کە دەوترا ئەم گەلی کوردە لە ماکی خۆیاد ئایینیە و لە نێو ئایینەکانیشدا ئیسلامیە و نابێت هیچ سیفەتێکی تری مرۆڤایەتی تێیدا پەیدا بێت، لەو قسانەش مەبەستیان تەنها ئەوە بوو کە نابێت یەکسانی نێرو مێ لە ناو کورددا هەبێت. کە دەمی هەر ئیسلامییەک دەکەیتەوە، پێت دەڵێت: بۆ پیشاندانی ناخی گەلی کوردستان و ئیسلامبونە سروشتیەکەی هیچ پێویست بە بەڵگە ناکات، تەنها تەماشای رەفتار و تەنانەت ماکی گەلی کورد بکەیت جگە لەوەی سروشتەکەی  ئیسلامییانە بێت هیچ مۆرکێکی دیکەی پێوە دیار نیە. باشە با خاتریانە بگرین و بڵێین وایە، بەڵام با ئێمەش ناخی ئەم ئایینە هەڵخەین و پرسیاررگەلێک لەو بارەوە بوروژێنین، بۆ ئەوەی راستودروستی ئەم بۆچونە و حەقیقەتی ماکی گەلی کورد بە وور لە جەوهەری راستەقینەی ئایین و ئەم ئایینی ئیسلامەش شیبکەینەوە و حەقیقەتی ئەم بۆچونە بۆ هەموو لایەک دەرخەین.

دەکرێت باوەر بەم بۆچونە بکەین و زۆر بە راستی بزانین، ئەگەر لە ناوەخنی ئەم ئایینە سیفەتە دورگەییەکان و ئەخلاقی دەشتەکیی داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەویتر و هەڵگری دابونەریتی بیابانی تێدا نەبێت، بۆ ئەوەی بۆمان بسەلمێنرێت کە لە رەوتی کاروانی ئەم ئایینەدا  ئەوە پشت راست دەکرێتەوە کە ئایینێکی گشتگیری هەمەگی  مرۆڤایەتیە و تایبەتمەندی جەزیرەی عەرەبی تێدا نیە و کوردیش لە بنەچەدا هەڵگری ئەو سیفەتانەیە.

 ئەوەی راستی بێت، نەک تەنها هەر کورد وەکو گەلێکی رۆژهەڵاتیی ناوچەی دەرپەرٍینی ئایینە ئاسمانیەکان ، بەڵکو  هیچ مرۆڤێک لەسەر ئەم زەویە نادۆزیتەوە لە پێش پەرەسەندنی باری فکری و دروستبوونی ئایین، لە ماکیدا ئایینی بێت نەک ئیسلامییش بێت. ئەمە لە لایەک، لەلایەکی ترەوە، لەوانەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا و پاش دروستبوون و دەرکەوتنی ئایینەکان و گرنگیدانی هەر کەسێک بە ئایینی دڵخوزای خۆی کە ئاسمانی بێت یان وەزعی کە  سروشت و بیرکردنەوەی خۆی لەگەڵ سروت و بنەماکانیدا بگونجێت یان بگونجێنێت .

ئەوە لە بارودۆخێکی تایبەتدا جەوهەری ئایینداری بەروخساریەوە دیار دەبێت، نەک ماک و مۆرکی کەسەکە بگۆرٍدرێت. 

ئەگەر وابوایە و کورد بەخۆی لە ناخیدا بە سروشت ئیسلامی بوایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو شێخ و مەلاو واعیز و فەقێ و بانگخواز و سەیدانە کوردستانی تەنیوەتە و هەر یەکە و زانیاریەکی ناکۆک لەگەڵ ئەویتردا بڵاو دەکاتەوە و کوردیش بەحۆرێک باوەرٍی رەسەنی خۆی لە کیاندیا جێگیر بووە و تەنها بۆ خۆهەڵخەڵەتاندن نەبێت لە جەوهەری خۆیدا  باوەری بە هیجیان نیە، جگە لەوەی لەگەڵ رەسەنایەتی نەتەوەیی خۆیدا نەگونجێت. ئەگەر وا بوایە چی پێویستمان بە قوتابخانە و مزگەوت و دەرس و راڤە و شیکردنەوەی ئایینیمان دەبوو. ئەی داری فەتوا و وەزارەتی ئەوقاف و دامودەزگای ئایینی و کۆمەڵە و گردبونە و حزبی ئایینی ئیسلامی بۆچیمان بوو. ئەگەر ئایین ئیسلامی ماکیی ئەم کەلەی داگیرکردبێت بۆچی ئەو بەرنامە و  پەیرەوی ئیسلامیە تەنانەت خۆی دەکات بە ژووری نوستنەکەیدا و لێی نابێتەوە.
ئەگەر ئیسلامی پەیوەست بە کورد لانکەی خۆشی و چاکە و خێر بێت و کوردیش ماکی سەرەکی ئیسلامگەرا بێت و ئەو سیفەتە خۆی بەسەروسیمایدا چەسپاندبێت، بۆچی شەر و کوشتن و ماڵوێرانی و  خرابە،  رەوشتی زۆرێک لەم خەڵکە بێت.  کەس هەیە ئەو هەموو گەندەڵیە لەبیر بکات کە زۆرینەیان بە بەرگی ئیسلامی داپۆشراون و دەیانەوێت بە ناوی ئایینەوە پەردەپۆشی بکەن و خۆیان لێی پاکبکەنەوە. تۆ تەماشای ئەو هەموو مزگەوتە دەکەیت کە چەندین ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و لەولاشەوە خەڵک هەیە برسی دەیکوژێت و لە چەقی نەداری و نەبوونیدایە و زەرەیەک دادگەری لەم کوردستانەدا بوونی نیە.

ئا بەم شێوەیە ماکی کورد ئیسلامگەراییە و ئەوەی پێناسەی ئیسلام بە دادگەری و یەکسانی و خێر و خۆشی دەکات و بە ئایینی مرۆڤایەتی لەقەلەم دەدات، کە ئەمانەش سیفەتەکانی بێت، چۆن دەبێت ماکەکەی ئەو شێوە ئایینە بێت کە خێری بەو شێوەیە بۆ جیهان هێنابێت. بۆیە ماکی کورد و هیچ مروڤێکی دیکە هیچ پەیوەندیەکی بە ئایین و ئیسلامییەوە نەبووە و نیە.

05/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر