ئاگربەستێك بە تامی پیرۆزترین سەركەوتن

عیماد عەلی

ئەوەی دەربارەی ئاگربەست زانراوە، لە نێوان دوو لایەنی شەرٍكەر و بە رێككەوتنی هەردوولا بۆ ماوەیەك و لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا دەبێت، بەڵام كە لایەنێكی شەرٍەكە توشی نەهامەتیەكی مرۆیی هات و نەیتوانی بەرگری لەخۆی بكات، ئەوا لایەنی بەرامبەر بە پێی باوەربونی بە باری مرۆیی و حەقیانەتی پرسەكەی بیر لە هەڵوێستی مرۆڤانەی جوانی خۆی دەكاتەوە ، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت كە شەرٍكردنی ئەو ناچاریە و لە پێناو مافێكی راستەقینەیە. ئەگەر لایەنی خاوەن حەق لاوازی بەرامبەرەكەی نەقۆزێتەوە و پێی رابگەیەنێت كە ئەو لەم كاتەدا بیر لە هیچ ناكاتەوە جگە لە بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەی،  بە رێگەیەكی پیرۆزی شەرەفمەندانە نەك بە فرت و فێڵ و ئیستیغلالكردنی لاوازی بەرامبەرەكەی، ئەوا بۆ سەرجەم جیهان پیشانی ئەوە دەدات كە پرسەكەی چەند رەوایە و ئەو دژی مرۆڤ نیە و رێز لەماف و ژیانی هەمووان دەگرێت بە دوژمنەكانیشیەوە. ئەم ئاگربەستەی پەكەكە لە بەرامبەر توركیای رەگەزپەرست و فاشی نیشانەی راستودروستی ئاراستەی فیكری حەقیانەتی پرسی كوردە. زۆر جاریش ئاگربەست درێژە دەكێشێتە و دەبێتە هۆكاری هاتنە ئارای ئاشتیەكی یەكجاری، هیوادارم تەنها جارێكیش بێت توركیا بیر لە جوانی بكاتە، هەرچەند بەدووری دەزانم.

پێشتریش لە كاتی شەرٍی فەلەستین و ا رادەیەك سەرقاڵبونی سوپای عیراق بەو شەرٍەوە، شۆرشی ئەیلول بریاری ئاگربەستی لە بەرامبەر سوپای عراق دا و  ئیستغلالی لاوازی باری ئەم دەوڵەتەی نەكرد. بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرامبەر ئەم هەلە و هەڵوێستە مەردانەی بۆ ئاشتی و ئازادی و مافی بەرامبەر  نەقۆستەوە، وەكو سیفەتی رەگەزپەرستانەیان نكۆڵیەكی بێ ئەمەكانەیان لە مافی كورد كرد و دووبارە شەریشیان دژی ئەم گەلە ستەمدیدەیە هەڵسانەوە. ئەم جارەش ئەوەی لە ئەدرۆگان وسوپا شۆفینیەكەی چاوەرٍوان ناكرێت كە وەڵامی راست و مرۆڤدۆستانە و حەقیانەی كورد بداتەوە و ئەم هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەی پەكەكە رەچاو بكات. هیوادارم جارێكیش بێت مرۆڤانە بیر بكەنەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەك بگاتە ئامانجی خۆی. ئەوەی دیارە كە بە كۆتایی هاتنی ئەم شەرو ململانێیە و ئەوناكۆكیانەی ئەم دوو لایەنە، ناوچەكەش دەكەوێتە سەر رێرٍەوی راستیی ئاشتیانە و كاریگەریی ئەرێنی خۆی لەسەر سەرجەم كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێت.
ئەوەی روونە كە هەمیشە لە پاش شەرٍ هەلی بیركردنەوە لە چارەسەر و دۆزینەوەی رێگەی راست زیاتر دێتەئاراوە.  هەمووان دەزانن چۆن ویدرۆولسن هەنگاوی پێكهێنانی كۆمەڵەی گەلانی لە پاش جەنگی دووەمی جیهان نا. بۆ نیازپاكی لەمەرٍ هەڵوێستەكەی پەكەكەش، پێویستە توركیا ئەمە لەبەرچاو بگرێت وهەنگاوی كردەیی  بهاوێژێت ... دەبێت ئەم كارانە بكات:

*جارٍی ئاگربەستی فراوانی گشتی بدات و هەنگاوی ئاشتیانە درێژخایەن بگرێتەبەر.

*بە هەردوولا لەسەر مێزێك دانیشن و ریرٍەوی ئاشتی دیاری بكەن وگفتوگۆی گشتگیر بكەن ، تا گەیشتن بە كۆتایی ئەم ماڵوێرانیەی چەندین ساڵە درێژەی هەیە.
* هەردوولا رێككەون لەسەر بەشداری هەر رێكخراوێكی جیهانی بۆ ناوەندگیری و كەوتنە سەر سكەی گفتوگۆ و بە سەركەوتوویی كۆتایهێنان بە شەرٍی بەردەوام نێوان ئەم دوو لایەنە.
* پرۆژەیەكی هەمەكیری ئاشتی بخرێتە بەردەستی هەردوال بۆ بریاردان لەسەر خاڵەكان و رێككەوتن لەسەر راوبۆچونە نزیكەكان.
* بە خۆیان داوا لە هەر وڵات و رێكخراوێك بكەن كە بە باشی بزانن بۆ یارمەتیدان و ناوەنگیری و هاوكاریان لە پێناولێكنزیكبونەوە و لێك تێگەیشتن.


11/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر