لەمە ملكەچیتر بووە لە مێژووی گەلی كوردستاندا ؟

عیماد عەلی
دەوڵەتی توركی داكیركەر ئەوەی راگەیاند كە بەرپرسێكی پە كەكەیان لە شاری سلێمانی نەك هیچ شارێكی نزیك لە سنورەكەیان دەستگیركردووە و بردویانەتەوە بۆ توركیا. جاوەرە بە ئاشكرا و بێ حساب كردن بۆ هیچ یاسا و رێسایەكی پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەتی جیا و مەرجەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە و گرفتەكانی نێوانیان ئەو كارەیان كردووە، بۆچی تا ئێستا هیچ كاردانەوەیەكمان لە هیچ لایەكەوە نەبینی، نە حكومەتی هەرێم و نە حزبێكی كوردستانی خاوەنی خۆی بێت لە باشوری كوردستان و نە داواكاری گشتی و نەش هیچ رێكخراوێكی سیاسی و مەدەنی.
 ئەوا پێشتر ئەگەر بە فرۆكە درۆنەكانیان یان بە  دارودەستەكانیان زۆر پرۆسەی تیرۆركردنیان ئەنجامدا و كەس نقەی لێوەنەهات ، لەوێدا گوتمان هیچیان لەدەست نایەت و ناچارن و ئەو دەستدرێژیانە بێ رەزامەندی ئەمان دەكەن و ململانێی ئەم دوو حزبە لەسەر ئەوە وەستاوە كە كامەیان زیاتر ملشۆرٍی دەكات بۆ رازیكردنی دوژمنەكانمان ، بەڵام دەستگیركردنی كەسێك لە ناوەرٍاستی شارێكدا كە سەدان كیلۆمەتر لە سنوری وڵاتەكەت دوور بێت و پرس بەكەس نەكەیت و بێ هیچ رێگری و نارەزایەتیەك بیبەیتەوە بۆ ولاتەكەی خۆت، لەمە ملكەچیتر و سەرشۆریتر شتی ماوە ؟.
خۆت بە دەسەڵاتێكی ئازاد و سەربەخۆ بزانیت، بۆ ململانێی حزبی هیچ هێڵێكی سورت نەهێشتبێتەوە، بەكەمترین نرخ  تەنازولی سیاسی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیی هەمەجۆر ت بۆ دەژمنەكەت بكەیت، پابەندی هیچ تەناەت هیچ زەرٍەیەك لە عورف و عادەتێكی كوردەواری نەبیت و تەنها كارت هەڵلوشینی سامان و سەروەتی ولاتەكات بێت، لەولاشەوە شۆرٍەسواری مەیدانەكە بیت و خۆت بە ئازاد و بەرگریكاری پرسی گەلەكەت لەقەڵەم بدەیت. لەمە سەرشۆریتر لە مێژووی گەلی كوردی هەرچوار پارچەكەی كوردستاندا بینراوە ؟ كوا شەرەف ، كوا ئەخلاق، كوا دابونەریتی رەسەنی كوردەواری، كوا میواندۆستی و رێزی غەریب، كوا و كوا و كوا هەموو سیفەتە رەسەنایەتیەكانی كوردەواری. بەڵێ دەبێت دان بە باڵاترین ملكەچی و سەرشۆرٍی و ملپانی و تەنانەت بێ غیرەتی خۆیان بنێن و بڵێن هیچ شتێكی نامۆ نەماوە نەیكەین و ئێمە وەكو هیچ شتێكمان بە ناوی بەهای ئەخلاقی و سیاسی و فكری و فەلسەفی نەماوە.  


28/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر