کورد ئەڵێ ( دۆستم ئەوەیە ئەمگرێنێ و دوژمنیشم ئەوەیە بۆم پێئەکەنێ ) ، بۆیە بەوە دەست پێئەکەم ڕەخنەکەم دۆستانەیە و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە، ئاشکرایە ئێمە بندەستی دەوڵەتی عوسمانی بوین بەشێک بوین لەوانەی کە باجو خەراجمان داوە بە سوڵتانی عوسمانی لەدوادواییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەکەدا ومایە پوچبونی دەوڵەت و تەشەنە کردنی گەندەڵیدا ، دەستیان داوەتە سەپاندنی باجی سەیرو سەمەرە بەسەر خەڵکدا، یەکێ لەو باجە سەیرانە بزنانە بوە ، باجگرەکانی ئەوزەمانە گەڕاون بەسەر دێهاتەکاندا، مەڕوماڵاتەکانیان ژماردوە لە هەر چل سەر ئاژەڵ دانەیەکیان بە باج وەرگرتوە ، لادێ نشینەکان بۆ ئەم پرۆسەیە ناوێکی پڕ بە پێستی خۆیان بۆ دیوەتەوە ، ئەویش ( بزنانە ) یە ، ئەوەی کە پیرە پیاوانی ئەو ڕۆژگارە گێڕاویانەتەوە هەندێکیشی لێرەو لەوێ یاداشت کراوە ئەوەیە ، ئاغا و شێخەکانو پیاوەکانی دەوڵەت ئەو باجەیان نەداوە ، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت ، بزنانە هەر بۆ چینە هەژارەکە بوە ، هەروەها لە کاتێکدا دەسەڵاتی تاجی فەرەنسا خەزێنەکەی بەتاڵ بوەتەوە باجی لەسەر خوێ داناوە لە ساڵی ( ١٣٦٠ )ی زاینیدا.
باجگریشی بەرداوەتە گیانی خەڵک بۆ کۆکردنەوەی باجەکە کە پێیان وتون ( جابیلۆس) ئەم دەستەواژەیەش لە بنەڕەتدا بۆ فەرمانبەرە بەرتیل خۆرەکان بەکار هاتوە کە زەبرو زەنگی زۆریان کردوە لە گەڵ خەڵکی هەژارداو ، ئەوەی جێی نیگەرانی خەڵکەکە بوە ئەو باجە دەوڵەمەندەکانو نەجیب زادەکانی نەگرتۆتەوە ، هەر ئەمەش وای کردوە لە شۆڕشی فەرەنسادا (١٧٨٩ ) زۆرێک لەو جابیلۆسانە خراونەتە بەر مەقسەڵەکەی رۆبسپێر و سەریان پەڕاندون ، ئەم دو نمونەیە ئەوەمان بۆ ئەگێڕێتەوە باج ئەرکەو ئەبێت بەجێبهێنرێت ، بەڵام لە بەرامبەردا ئەبێت باجگر کە دەسەڵاتە مافیش بپاریزێت ، ماوەیەکە لەکابینەی نوێی حکومەتەکەماندا ، ئەرکەکانی باجدەر بەجۆرێک زیادی کردوەو زیاد ئەکات خەریکە ئەبێتە ئەرکێکی تاقەت پڕوکێن ، با لەو پەندەوە دەست پێ بکەین کە ئەڵێت ( بار لە باج ناناڵێنێ ) ، بەڵام کام بار ؟ با بپرسین ؟ کاتێک هەرکەسێک بدوێنین دادو بێدادیەتی لە دەست بێ بازاڕی ، قەیرانەکانی کە بەرۆکی هاووڵاتی ئەم هەرێمە ئەگرێت لە ژماردن نایەت ، کارەبا بە نەبونیەوە گران ئەکرێت ، سوتەمەنی لە نەوتو بەنزین و غاز ، لە من مەپرسن خۆتان سەیری دۆکۆمێنتو مێژووی دووساڵی رابوردو ئێستا بەراورد بکەن، موچە ئەوە حاڵیەتی کە خۆتان لە ئێمە باشتری ئەزانن ، دووسێکتەری گرنگی خزمەت گوزاری لەجێی نەبوانە ، خوێندنو تەندروستی ، لە لێواری داڕماندایە وا بڕوات ڕەنگە نەمێنێت ، ڕسوماتی مامەڵەی هاوڵاتیان ئەمەندە زۆر بوە لە توانای کەسدا نەماوە ، وایلێهاتوە ڕو لە هەر فەرمانگەیەک بکەین جوابی سڵاوێش بەبێ ڕسوماتو بە بەلاش نادەنەوە ، پارەی خۆڵانە سەندن بەجۆرێکە هیچ هاوسەنگیەکی تیا نیە ، شار خەریکە ئەبێتە تاریکستان بەهۆی پارەی تابلۆوە.
باج بە خەمڵاندنو گۆترەیە لەبری لیستو دۆکۆمێنتی فرۆشو داهات ، پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش لەسەرو هەمویەوە کە کەس نازانی لە بەرامبەر چی وەر ئەگیرێ ،لە کاتێکدا دەنکێ حەبی سەریەشە بۆ کرێکارێک دابین ناکەن ، بەڵام ئەوەی مایەی واقوڕمانە گەورە کۆمپانیاکان باج نادەن بەڵام دوکاندارێکی بچوک ساڵی دە جار وەک مەڕ ئەبڕنەوە ، هیوادارم پەرلەمان کاتێک کە مەزاجیان فول بو ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، چاوێکی ڕەحمەتیان لە خەڵک بێت چاوێک بەو پرسانەدا بخشێننەوە ڕێگەنەدەن بەڕێنمایی لە بری یاسا پاروی دەمی هەژاران ببرێت . هەرچەندە دوو دڵم کە هیچیان لە دەست بێت.