هەڕاجی ئیمان

دلاوەر سۆفی
لەوڕۆژەوە پەیامبەران باسی نامەکانی خودامان بۆ ئەکەن ، پێمان ئەڵێن خواوەند هیچ ناهەقیەک قبوڵ ناکات ،کورد واتەنی خوا هەقی بزنی کۆڵ بە سەر شاخدارەوە ناهێڵێ ، کەواتە ئەبێ هەمومان لە گەڵ هەق بین، دژی زوڵمو زۆر بین ،بەڵام ئاسۆی فکری مرۆڤ چەقی نەبەستوەو گەڕاوە بەدوای ڕاستیو هەقیقەتەکاندا ،کاتێک فەیلەسوفەکانو بیرمەندان لە ژیانو خودی مرۆڤ ورد بونەتەوە، پەییان بە زۆر نهێنی ناخی مرۆڤ بردوە توانیویانە نامەی پەیامبەران شیبکەنەوە و ڕەخنەشی لێبگرن ، بەڵام ڕێبەرانو پیاونی ئاین بەردەوام دژی لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی بون ، گەورەترین چەکێکیش کە بەکاریان هێنابێ ئەوە بوە کە ئەگەر دەست بۆ ئەو پرسە ببرێت ، ئەوا کوفرەو دەرچونە لە ڕێبازی ئاین ، بەڵام بیر ڕوناکەکان لێکدانەوەیان بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە کە ئەگەر زۆرینەی مرۆڤ لە سەر ئەم هەسارەیە درک بە ڕاستیەکان بکەن، ئەوا بازرگانانی ئاین ڕسوا ئەبن دەستو پێ سپی ئەوەستن ، بۆ بژێوی ژیانیان ئەبێ تورەکەی سواڵ بکەنە ملیان یا بەرەڵای سەر جادەو کۆڵانەکان بن ،هەرکاتێکیش داوای فەتوا لەم بەناو ئاین پەروەرانە ئەکەیت، بەپێی ڕۆژگارو کاتو شوێنو بەرژەوەندی دەسەڵاتدارنو خۆیان فەتواو بڕیار لە دار دائەتاشن چۆنیان بوێت وا بای ئەدەن، بەکار هێنانی تەکنۆلۆژیای غەیرەدین حەڵاڵە بۆیان! لەوڵاتی کافرانا ئامادەن شان دابدەن ببنە مشەخۆر لە سەر حسابی ئەوکرێکارانەی کار ئەکەنو باج ئەدەن بلەوەڕێن، لە پاداشتی ئەو ڕیزگرتنەشێان خۆیان بتەقێننەوە یا بیان کوژن ، ئەمە جگە لە نمەک بە حەرامی ناوێکی تری هەیە ؟ ئەوەتا هەندێکیان نازناوی شەهید بە کچە شەڕڤانێک کە بەرگری لە کەرامەتی گەلێگ ئەکات بە ڕەوا نابینن ، بە بیانوی ئەوەی نوێژ ناکات وەک ئەوەی نوێژ تاکە ئەرکی ئاینی بێت ، ئەوەی وەک خۆیان هەرچی خوا پێی ناخۆشە ئەیکەن دوایی بە نوێژێک لە ئاوی هەڵئەکێشن پاکی ئەکەنەوە، دروشمی ئەم بەناو ئاین زانانە ئەوەیە با هەژارانو ڕەشو ڕوت ببنە قوربانی دەسەڵات داران خۆشیان خاکوپای ئەوان پاسەوانی سەروەتو دەسەڵاتیان بن، بە ویستی زاڵم فەتوا ئەفەرمون، ئەم بابەتە بۆ بەرچاو ڕونیەکە کە لەم ڕۆژگارەداپیاوانی ئاینی لە سەری هەرەمەکەوە پیادەی ئەکەن، ئەودەمەی ڕێبەرانی دو ئاینی سەرکی لە ئاست جینۆسایدی گەلێکدا وەک ڕێوی دەمیان چۆتە کلیلە ، لەوش ناڕەواتر ئەوەیە شەرعیەتی پێ ئەدەن، ئەوتا ڤاتیکان پێشوازی لە و کەمالیستە ئەکات کە بڕیاری قڕکردنی گەلێکی موسڵمانی داوە، بە تەنیا وشەیەکێش باسی ئەو قەتڵوعامە ناکات کە لە عفریندا بەڕێوە ئەچێت ، ئەم هەڵوێستەی پاپای ڤاتیکان ئەوەمان بیر ئەخاتەوە غەدرو ناهەقی کلتورە لەلایان وەک ئەوناهەقیانەی کە لە (مایکڵ ئەنجیلۆ)ی هونەرمەندی کردوە ، لە کاتی دروست کردنی کەنیسەی سانپیترۆدا هەقدەستو کرێی ماندوبونەکەی خواردوە ، یا ئەو فێڵوفەرجەی لە سەدەی پازدەدا لە خەڵکی ئاینپەروەرانی مەسیحییان کردوەو( پسوڵەی لێبوردن)یان پێ فرۆشتون ،هەر بۆیە لە بەرامبەر پێنچ ملیۆن دۆلاریشدا قەداسەتی پاپا ئامادەیە پێشوازی لە هەمو زاڵمێک بکات ، بۆمان هەیە بڵێین ئافەرین ئەی پێشەوای ئاینی ئاشتیولێبوردن، ئەمانە پێشەوایانی ئاینی مەسیحن (د.خ) ! ، بەپێێ وتارێکی  ڕۆژنامەیەکی تورکی بەناوی (یەنیچاخ ) نوسیویەتی و ئەڵێ هەر سەرۆکێ بیەوێت پاپا  ببینێت ئەوا ئەبێت پێنچ ملیۆن دۆلار بخاتە سەر حساب بانکی ڤاتیکان ، جا ئەمە ئەبێ مانای چیبێت جگە لە ئیمان فرۆشتن ؟ یا دو مێزەری ئیسلام کە یەکێکیان ڕیشوسمێڵی غەرقکردوە لە خەنەو وسمەدا، کە وەک خۆیان ئەڵێن لە ئاینی ئیسلامدا نێرینە نابێت موی سەرو ڕوی ڕەنگ بکات، لەبەر ئەوەی حەرامە تەنها لەکاتی غەزادا ڕێگە پێدراوە ،بۆیە  ئەپرسین جەنابی مامۆستای داکۆکی کار لە بێچوە سوڵتانێکی تەزویر، تۆ بڵێ بڕیاری جیهادی دابێت دژی کورد کە وەک ئەڵێن گوایە خۆشی کوردە ،یا لە کوردستان بۆ ئێمە شتێک ئەڵێت لە لای برا قارداشەکانی مەقامێکی تر ئەڵێ ، جا چیبێ لە دو ڕوییو دوزمانی ناشیرینتر بێت بۆ پێاوێک کەبە فسکلو جبەوە ناوی زاناو ئاین زانی لە خۆی نابێ ،یا خود مەلایەک کە هەم شێخو هەم وتار خوێنی جومعەوجەماعەت بوو لە کیمابارانەکەی هەڵەبجەدا، لە شاری لەندەن بۆ داکۆکی کردن لە دیکتاتۆرە تکریتیە گۆڕبەگۆڕەکە لە پێناو بەدەست خستنی ئۆتۆمبێلێکدا، جگە لە سوێندخواردن بە خوداو بە قورعان سێبەسێ تەڵاقیشی خواردبو کە سەدام کیمیاوی نەکردوە بە هەڵەبجەدا ، بابپرسین ئەمانە دۆستی ئاینن یا دوژمن؟  ئەمانە جگە لە مشەخۆرانێک هیچی تر نین، ئەتوانین لە خۆیان بپرسین ، ئایا نەتەوی کورد لە بەنی ئادەمن؟ ،  یا وەک خەڵکی سەر ئەم هەسارەیە ئەوانیش دەسکاری خودان ؟ با دەنگ بەرز بکەینەوە و بڵێین ئەگەر مەخلوقی خودان بۆ کوشتنو جینۆسایدیان حەڵاڵ ئەکەن ؟ خۆ ئەگەر لە هەسارەیەکی تریشەوە هاتون یا لەبەنی بەشەر نین ئەوا باسێکی ترە، یا دەنگێکی نوساو لە مزگەوتێکی هەولێرەوە لە پاڵ داکۆکیکردنیدا لە فەریکە سوڵتانێکی بەجێماو لە دەوڵەتی عوسمانلی دوابڕاو و لە گوێی گادا نوستو ،باسی ئایفۆنەکەشی  ئەخاتە ڕستەوە بێئەوی لە یادی بێت کە ئایفۆن گاورکردە ناوهێنانی حەرامە، بەڵام بەکار هێنانی بۆ دەست برێنیو هەڵگێڕانەوەی ژنی مێرددار دەست ئەدا وعەیبی نیە، یا ئەوکاتانەی عەمامەیەکی شیعە مەزەب ببوە کلیل سازو کلیلی بەهەشتی بەسەر ڕۆڵەی هەژاراندا ئەبەخشیەوە نەقڵی ئەو دنیای ئەکردن ، بەڵام هەرگیز ئامادە نەبوو کلیلێك لەوکلیلانە بداتە  کوڕەکەی خۆی، وەک ئەوەی ئەو مردنە هەر بۆ هەژارن خولقابێت بێت ، ئەبێت ئەوە لەلای خەڵکی ڕون بێت ئەم جۆرە نمونانە مرۆڤ لە ئاین دور ئەخەنەوە ، هەرگیز ئەمانە ڕاستگۆ نین نە لە گەڵ خودادا نەلەگەڵ مەخلوقی خودادا ، ئەگینا بەڕێشی کێ ڕەوایە نزیکەی نەوەد هەزار مزگەوت بە بڵندگۆ دوعا بۆ قارداشێکی لە خۆبایی بکەنو پاکتاوی ڕەگەزی میلەتێک حەڵال بکەن لە ژێر بەیاخی موساڵمانەتیا ، ڕەنگە کەس گلەیی لە ئەمریکاو ڕوسو گشت وڵاتانی خاوەن هێز نەکات،  بەو هۆیەی کە ئەوان عەلمانینو حساب بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئەکەنو لە پێناویدا تەڕوشک ئەسوتێنن ، دنیا ئەکەن بە قەزاوەگێڕی چاڵە نەوتێک ، بەڵام ئەی ڕێبەرانی ئاینەکان . دڵنیا بن هەمو کەس ئەزانێت ئێوە نە ئیسلامن نە مەسیحین ئێوە هیچ نین جگە لە مشەخۆرێکی هەلپەرست بەولاوە ، ئەمەی ئێوە ئەیکەن ئیمانداریو خواپەرستی نیە  نیە بەڵکو (هەڕاجی ئیمانە ) .  


04/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر