ئەمە چیە و چی پێئەڵێن

دلاوەر سۆفی
ئەرێ ئێمەی میلەت خۆش باوەڕبوین ؟  یاخود ئەوان زۆرزان بونوسیحریان لێکردین؟  ئەوە تۆی خوێنەر بڕیار بدە . کاتێک لە ساڵی( ١٩٩٢ ) دا سەرەمان گرت تا بەشدار بین لە یەکەم  پرۆسەی دەنگدانێکدا کە کورد خۆی خاوەنی بێت ،  هێشتا خەوبەری نەدابوین ، ئەو خەوەی ساڵەهای ساڵبو چاوەڕوانی ئەوە بوین بێتەدی ، کاتێکیش ڕژێمە سەرەڕۆو سەرکێشەکەی بەعس هێزی ئەوەی تیا نەما بە زەبری ئاگرو ئاسن دەسەڵاتی خۆی بە سەرمانا بسەپێنێ .دەست لە دەستو هێز لە میلەت نیمچە ئیدارەیەکمان پێکەوناو. ڕێگەی ئەوەمان بۆ ئاوەڵا بو کە خۆمان بەڕێوە بەرین ، ئەم خۆ بەڕێوە بردنە بەهیمەتو خۆ ڕاگری خەڵک بو ، نەک بە لێهاتویی حیزبە کوردستانیەکانو دەروێشو موریدەکانیانوئەو دیماگۆگیەتەی کە وەک پەتا سەراپا حیزبە کوردیەکان تیاغەرق بون ، پێمان بە قەد بەڕەشڕەکەی خۆمان ڕاکێشاو پەرلەمانۆکەیەکمان پێکەوە ناو هەمو متمانەیەکمان دانێ، کلیلی عەمارو دەسەڵاتمان لەسەر سینیەکی زێر ڕادەست کردن ، ئێمەی میلەت ئەوەندە خۆش باوەڕبوین وامان ئەزانی ئەم برادەرانە لە ئەستێرەیەکی ترەوە بۆ ئێمە باریون هەمویان بە نێرو مێوە پاکیزەنو جێگەی گومان نین ، بەڵام مەخابن پێچەوانەکەی ڕاست دەرچو هەمو ئەو کەسانەی بە کورسی پەرلەمان شادبون ، ببونە کارمەندی حیزبەکانیان کە ئەوکاتە لە نێوان کەسکو زەردا وەک برا بەشکرابو، نیشتمانوگەلو خاکو داهاتو گومرگو دەسکەوتی وڵاتیان کردە سیستمی فیفتی بە فیفتی ، جا ئەبێت چەند ئەشهەدوبیلای ناهەقیان کێشابێ بەگەردنیانداو ئێمەش بێئاگا و بێخەبەر لە و کڕینو فرۆشتنەی پێمانەوە کراوە ،کاتێکیش لەسەر ئەو غەنیمەتە چەورو شیرینە  ڕێکنەکەوتن ، شەڕێکی نەگریسیان دامەزران، بەهەزاران کوڕو ڕۆڵەی هەژارانی ئەم خەڵکەیان بە کوشتدا ، خۆشیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچون، بێشەرمانە ئەیان فەرمو ئێمە تاونباروبەرپرسیار نین لەم خوێنڕشتنە ، هەر ئەوە مابو پێمان بڵێن ئێوە میلەتێکی نمەک بە حەرامن خوا غەزەبی لێگرتون بۆیە یەکتری دا ئەپاچن، ئیتر لەو ڕۆژەوە ئەو هەستە لە ناو خەڵکدا چەکەرەی کرد ، کە ئەم پەرلەمانە لە ئاست داوکانی هاووڵاتیاندا نیە ، تا کار گەیشتە ئەوەی سوکایەتی کردن بە پەرلەمان لەلایەن ئەندامانی حیزبەکانە بوە دیاردەیەکی نۆرماڵ ، وەک ئەوەی کە پێیان ئەوترا پەرلەمان ئەتوانێ لە ( مەیدانی حەیوانان ) کۆبونەوە ئەنجام بدا ، یا لە ڕقی ڕەشی حیزبایەتی فەرمو لە دەبابەکانی سەدام حسێنی پاڵەوانی ئەنفالو کیمایی و دەیان تاوانی جینۆسایدی گەلێک بکرێت بۆ ناو حەوشەی پەرلەمان ، دوا سوکایەتیش کڵۆم کردنی دەروازەی پەرلەمان بوو ، ئیتر لەدوای ئەم بێڕێزی کردنەوە بەهایەکو پیرۆزیەک نە بۆ خاکو نە بۆ نیشتیمانو نە بۆ گەلونەتەوە ،نە بۆ دیموکراتیو ڕای ئازاد بونی نەما . بەڵام ئەوەی لە هەموو ئەم مێژوەی پەرلەمان ناشرینترو تەڵخترە ئەوەیە خودی پەرلەمانتارەکان وەفایان نەبێت نە بۆ خەڵکو دەنگی خەڵک نە بۆ خۆشیان، کاتێک کەوتنە ئەوەی هەمو هەوڵو کۆششێکیان بۆ بەرژەوەندیو دەستکەوتی خۆیانو کەسوکاریان بێت ، وەک ئەوەی هەمویان لە فڕکان فڕکانی وەرگرتنی ئۆتۆمبێلو شوقەی لۆکس لەهەولێری پایتختدا ،یا وەگرتنی پارچە زەوی لەشوێنی باشی شارداو ڕوکنو ڕوبەری پانوپۆڕ  بێت  ، هەروها بەدەست هێنانی بڕوانامەی باڵا لە ماستەرو دکتۆرا ، لەکاتێکدا زۆر لە هەڵگری ئەو بڕوانامە فەلانە نە جەدوەلی زەربیان لەبەرە نە توانای نوسینی دو جوملەی موفیدیان هەیە ،یا جگە لە زمانێکی کوردی تێکشکاو هیچ زمانێکی تر نازانن لە گەڵ میوانێکی غەیرە کوردا دو دایەلۆکی دیبلۆماتیانەی پێ بکەن ، کاتێکیش لە نامەی بڕوانامەکەیان بڕوانی نەک ناوەرۆکەکەی پوچە تەنانەت ڕێنوسو ئیملاکەشی پڕە لە هەڵەی زەق زەق، ئەمە جگەلەوەی پەرلەمانتار هەیە بەدرێژایی تەمەنی ئەو خولەی تیایدا ئەندام پەرلەمان بوە نقەی لێوە نەهاتوە بەپێی ئەو فەلسەفەیەی کە ئەلێن بێدەنگی زێڕە ، بەڵام ئەوزێڕە بۆ پاوانەو بازیبەند نەک بۆ ئەتەکێتی دیبلۆماتی ،  بۆیە لەم کاتەدا بۆمان دەرئەکەوێت بەدەستخستنی ئەو بڕوانامانە بۆ خۆپێگەیاندن نەبوە لەڕوی ڕۆشنبیریو زانستەوە ، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەرماڵەزیادەیەبوە کە بۆ پەرلەمانتاری خاوەن بڕوا نامە خەرج ئەکرێت ، یا ئەوەندە لەگەلەکەی خۆتان ئەمینن بێ چەکو بێ حیمایە بە ناو بازاڕدا ئەگەڕێن ، ئەزانن کەس لەگوڵ کاڵترتان پێ ناڵێت، ئیتر حەرام نیە یەکی موچەی چەند  حیمایەک نۆش ئەکەن ؟خۆ ئەگەرڕۆژی لەڕۆژان تۆماری ئەو دانیشتنانەی پەرلەمان بکەوێتە دەست خەڵکومیدیا ئەوا ئەبێت چێ ببینین ؟ ڕەنگە خۆزگە بخوازین کە هەر نەمان دیایە ، کاتێک بەچاوی خۆمان بینیمان هۆڵی پەرلەمان ببوە شوێنی پشو وحەوانەوە بۆ سەرخەوشکاندنی هەندێک ئەندام کە لەماڵەوە خەوی لێحەرام کراوە، یا ئەبوە شوێنی کات بەسەر بردن یا چاوەڕاوانی کردن وەک جێ ژوان بە ڕەسمکردنەوە بەسەر ببرێت ، بە خۆ پیشاندانیش بڵێت قیژەقیژ ،ئەبێت ئەو خەڵکەی دەنگی داونەتێ لەجیاتی کاڵەک چی بەئەژنۆی  خۆی بشکێنێت ؟ سەیرە لە پەرلەمان بۆ یاسای جگەرە کێشانو خەتەنەی مێینە چەند خوێندنەوەی بۆ کرا چەند خەڵکتان پێوە سەرقاڵ کرد؟ یا فراکسیۆن هەبوە ژمارەی ئەندامەکانی پر پاسێکی پۆڵۆنی قەیم ئەبو لە بڕیارێکی چارە نوسسازدا خۆیان ئەکرد بە دوو بەشو نیوەیان لەمبەرو نیوەکەی تریان لەوبەر ئێمەش وەک شێخەکەی تاڵەبان واقمان وڕمابو نەمان ئەزانی لەمبەرین یا لەو بەرین ، بەڵام کاتێک  بۆ خانەنشینی خۆتان بە چوار ملیۆن، بە کۆی دەنگو بە چوار خولەک دەنگتان دا ، ئەی نەتان پرسی ئەم هاوسەنگیە کۆمەڵایەتیەتان لەکوێوە هێنا خەڵکێک بە سێسەد هەزاردینار بژی یاخود ئەو مامۆستایانەی ئێوەیان پێگەیاند موچەکەیان لە هەشتسەد هەزار دینار تێنەپەڕێت ، زۆربەی زۆرتان کە لە ژیانتاندا لە فەرمانگەیەکی حکومیدا نوسراوێکتان واژۆ نەکردوە ، ئێستا لە سەر حسابی ئەم خەڵکە خێەرنەدیوە ئەبێت موچەی خانەنشینیەکانتان بگاتە چەند ملیونێک دینار زیاتر، یا کاتێک هەندێکتان لافی ئۆپۆزسیۆنتان بەسەرماندا لێئەداو هەڵوێستتان بە خەڵک ئەفرۆشتەوە ئامادەبون لە هۆڵی پەرلەماندا تەپڵ بکوتن ، ئەبوایە بۆ دەرکردنی ئەم یاسای خانەنشینیەی خۆتان  نەک هەرتەپڵ بەڵکو زوڕناشی لەگەڵ بوایە ، بەڕێزینە ئێمە ئێوەمان نارد ببن بە ڕەقیب بەسەر دامو دەزگاکانی حکومەتەوە، یا ناردمانن خۆتان دەوڵەمەند بکەن ؟ ئەرێ پێمان ناڵێن کام وەزیرتان دا بە دادگا؟ ئەرێ پێمان ناڵێن چەند کەیسی گەندەڵیتان ئاشکرا کرد ؟ چەند پارچەزەوی موڵکی گشتی داگیرکراوتان گێڕایەوە بۆ دەوڵەت ؟ کەی جەختتان لە حکومەت کردوە بۆ کردنەوەی چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی ؟ چەند هەلی کارتان بۆ گەنجانی خێر نەدیوی ئەم گەلە فەراهەم کرد ؟ پێش هەڵبژاردنەکان هەندێ بەڵێنتان ئەدا کە لە هیچ وڵاتێکی دنیادا جێ بەجێ نە ئەکرا . بەقسەی ئێوە بوایە لە پارەو داهاتی نەوت پشکی هەمو تاکێکی کۆمەڵ ئەچوە سەر حساب بانکیەکانمان ، کابانی ماڵ موچەی بۆ ئەبڕرایەوە ، هیچ جادەو ڕێگایەک تاسەی تیا نەئەما، بە بەڵێنو قسەی ئێوەبوایە کارەبا لە بری بیستو چوار سەعات ئەبو بە بیستو شەش سەعات ، بە قەولی جەنابتان  بوایە ئەوەندەتان مەکتەبو قوتابخانە ئەکردەوە هەچوار خوێندکار پۆلێکیان بەر ئەکەوت ، بەڵینتان ئەدا بۆ دانکێشانو هەڵامەتێ بمانبەن بۆ نەمساو ئەڵمانیا ، خۆ کەمئەندامانتان هەر بەکۆڵو باوەش ئەگێڕا ، لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا کردبوتانە بەهارێک گیاڕەشو قەرسیل یەک ئەژنۆ هەڵسابوو ، ئێمە چاوەڕوانی ئەومان لێئەکردن ئەوەی دەرگای پەرلەمانی خڕداخست ئێوە لێپیچینەوەی لەگەڵ بکەن، کەچی نەمان دی بۆرەگلەییەک لەو چەکدارانەش بکەن کەڕێگایان نەدان بچنەوە بۆ پایتەخت، بۆمان دەرکەوت ئەوقسانەش کەلە میدیاکانەوە ئەتان کرد بۆ خۆڵکرنە چاومانو ونکردنی ڕاستیەکان  بون، دوریش نیە هەرخۆتان لەگەڵ دەزگاکانی جێبەجێکردندا هامئاهەنگیتان نەبوبێ بۆ چاوپۆشی لە گەندەڵی ، هەر لەمێژویەکی نزیکدا کاتێک لە دوای دوساڵ کە پەرلەمان بەقوڕگیرابو ، وەک مەئمورو کارمەند برانەوە بۆباڵەخانەی پەرلەمان تا ریفراندۆمتان لە عەشایەریەوە پێبکەن بە شەرعی ، بۆ سواغدانی ئەو قەڵبەیە باسی ئەوەتان ئەدا بە گوێماندا کە گوایە یەکەم ئیشتان و یەکەم دانیشتنتان چاکسازی گۆڕینی قوتو بژێوی خەڵک ئەبێت ، ئەرێ بەڕاست نەتانفەرمو ئەو مەسەلەیە بە کوێ گەشت؟ بەڕێزان ئەوندەتان بەڵێنی ناڕاست داوینەتێو ئەوەندەتان ناهەقی کردوە بەرامبەر تاکی ئەم کۆمەڵگایە هەمو شتێکتان لە بەر چاو خستین ،هەموتان بون بەخاوەنی سەرمایەو ڤێلاو ئۆتۆمبێلی گرانبەها ، دڵنیابن نەک هەر پەرلەمانتاران بەڵکو هەمو ئەوانەی ناویان پلەباڵایە لەبەردەم مێژووی ئەم گەلە غەدر لێکراوەدا  قەرزارن ،  ئەگەر قیروسیا لە پارەو بە تاڵان بردنی سامانی گشتیش بکەین ، خۆ جیاکردنەوەی تاکی کۆمەڵگاو پۆڵینکردنی کارێکی زۆر دوا کەوتوانەو نابەجێو نا شارستانیە ، عەیبەیەکە لە عەیب عەیبتر، ئەوا بەهەر سورەت  بەڕێزتان پلە باڵان ئەلحوکمولیلا، ئەی ئێمە کە خەڵکی ئاسایین ناومان ئەنێن چی ؟ ئەوا بەندە ئەپرسێت ئەی چ ناوو ناونیشانو دەستەواژەیەک بۆ مامۆستاکانتانو  کرێکارانو پێشمەرگە  بەکاردەهێنن؟ ئەوا ئێمە بڕیارمان دا لەجێێ ( بەڕێز ) یا (کاک) یا( ئەفەندم ) لەمەو لا کە گەشتینە ئاسستتان بانگتان ئەکەین یافەرموتان لێئەکەین( پلەباڵا )گیان .....!کورد ئەڵێت (ئێوە ئاون ئەڕۆن ئێمەی میلەت زیخین ئەمێنینەوە ) ،ئەوا ئێمە عەمر باقی بێت خەریکین  چوار خولی پەرلەمانسەروخوار ئەکەینەوە ، بەڵام با بێینە سەر خولی نوێی پەرلەمان ئایا ئێوە چیمان لەگەڵ ئەکەنو چ بەڵێنێکمان ئەدەنێ ؟ ئێوە بەڵێنمان ئەدەنی پەرلەمانتار بە خۆبەخش ببێتە نوێنەری گەل ؟ بەڵێن ئەدەن داوای موچەی پلەباڵاو خانە نشینی نەکەن بەڵێنمان ئەدەنێ سەرۆک وەزیرانی تازە بێننە پای هەقو حساب ؟ بەڵێن ئەدەن هەر وەزیرێکی کابینەی نوێ ڕاستو ڕەوان ڕێی نەکرد پەلکێشی پەرلەمانی بکەنو متمانەی بکەنە تورەکەوە ، هەر هەمو ئەوانەی بەنیازن ببنە پەرلەمانتار بۆ خولی پێنجەم . ئێوە کاتێک لە هەڵبژاردندا سەرکەوتو ئەبن بەڵێن بدەن کە موچەو خانەنشینیتان نەوێ، ئەم یاسایەش کە لە خولی پێش ئێوەدا دەرچوە هەڵیبوەشێننەوە ، کاتێک سەرکەوتو ئەبنو ئەبنە جێگەی شانازی گەلێک هەمو فایلەکانی گەندەڵی ئەم بیستو حەوت ساڵە بهێننە دەرەوە، گەندەڵ کاران بدەنە دادگا ئەودەمەمتمانەی زۆرینە بەدەست ئەهێنن پێش دەست بەکاربونتان کەشفی حسابەکاتان لە موڵکو ماڵو حساب بانکیو ئۆتۆمبێلەکەنتان ئاشکرا بکەن کاتێکیش چوارساڵەکەتان تەواو ئەکەندیسانەوە ئاشکرای بکەن تا بەر لەعنەتی جەماوەر نەکەون ، ئێستا لە هەر چوار خولەکەی پەرلەمان ئەپرسین ئێوە چێتان بۆ ئەم خەڵکە کرد جگە لە خۆتان ئەمەی ئێوە لەم دوا بڕێارەدا کردتان لە بەرژەوەندی خۆتان ( چیەو چیپێئەڵێن ) و ناوی چی لێئەنێن . پەرلەمانتارانی کوردستان ئەم گوڵەیان دەرکرد ، ئەبێت ئەوانەی لە بەغدان دور لە چاوی خەڵک چیبکەن ؟ هاکا ئەوانیش کەوتنە بەر ڕۆشنایی وسەرەیان هات ! ئەمڕۆ ئەوڕۆژەیە کە دەمامکەکان کەوتنە خوارەوە بە بێ بوار پاشڵیڕەشو سپیمان بۆ دەرکەوت .


04/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر