بۆ ؟

دلاوەر سۆفی

ئەوەی ئەمڕۆ لە سەر سنوری پۆڵەندا و بیلاڕوس ئەگوزەرێ هیچی لە کیمیا بارانەکەی ئەنفالی بەدناو کەمتر  نیە ، ئەتوانین بڵێین ئەم پرسە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لەسەر سەرجەم گەلی کورد هەیە ، بۆتە مانشێتی ڕۆژنامەکان و هەواڵی سەرەکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی جیهانی و ناوخۆ ، لێرەو لەوێ بەرپرسان  پەیوەندی دارو ئەوانەی لە دەسەڵاتدان قسەی فەرمیو نافەرمی لە بارەوە ئەکەن ، ئەوەی بوەتە مایەی واق وڕمانو سەرسوڕمان ئەوەیە ئەو ڵێداونانەو ئەو هەوڵانە بۆ ڕزگار کردنیان ، یان گێڕانەوەیان بۆ هەرێم  چارەسەرێکی ستراتیژو بنەبڕ نیە بۆ پرسی کۆچ ، ئەگەر ئەم پرسە لە هەر وڵاتێکی دنیا ڕوبدا و ئەو نەهامەتیە بە سەر هەر گەلێکدا بێت ،  ئەوا پێویستە سەنتەری لێکۆڵینەوە  توێژینەوەی  لە سەر بکات، دەیان زانکۆو شارەزای بۆتەرخان ئەکرێت ، من لێرەدا ئەمەوێت هەندێ ڕاستی بخەمە ڕو لە گەڵ هەندێ پرسیار کە ئەکرێت بکرێتە بنەمایەک بۆ توێژینەوەیکی زانستی لەو بابەتە، ئایا دەسەڵات بە گشتی یاخود زانکۆیەک یاگروپێک یاخود دەزگایەکی لێکۆڵینەوە یا هەر وەزارەتێک کە خۆی بە بەرپرس بزانێت تەنانەت هەوڵێکی تاکە کەسیش ، ئەکرێت بپرسین بۆ؟  گەنجان بۆ بیر لەکۆچ ئەکەنەوە ،  لە شێوەی فۆرمێکدا پرسیارەکان بکەین ، وەک    تەمەن ، خێزاندار یا تاک ، بڕوانامە ئەگەر هەبێت  پلەی خوێندن  ، کاری هەیە یان بێکارە ،  ئاستی کۆمەڵایەتی ، داهاتی مانگانەی چەندە ، پەیوەدی سیاسی یان حیزبایەتی هەیە یان نا ، کەسی نزیکی لە دەرەوەی هەرێم ئەژی ،ئەمانەو سەدان پرسیاری تر کە ڕنگە کەسی پسپۆرو شارەزا پرسیارەکان دەست نیشان بکات باشتر بێت، وە توێژینەوەی لە سەر بکات ، ئەو کاتە ئەنجامی توێژینەوەکە بخاتە بەردەست  لایەنی پەیوەندی دار کە بە پلەی یەک حکومەتو دەسەڵاتە ، تا ئەو هۆکارانەی کە وا لە گەنجی کورد ئەکات سەری خۆی هەڵگرێتو ڕێگەی هاتو نەهات بگرێتە بەر بۆ ؟ ئێستا کاتی ئەوە هاتوە ڕەخنەو پرسیارەکان ئاڕاستە بکەین، مافێکیش بدەین بەو گەنجانەی ڕوەو چارەنوسێکی نادیار سەری خۆیان هەڵگرتوە بۆ؟

بەڕێزان ئەوانەی لە دەسەڵاتدانو دەسەڵات دارن ، بەڕێزان ئەو لایەنو حیزبانەی لە حکومەتدان ، بەڕێزان ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆندان ، بەڕێزان هەرکەس خۆی بە خاوەن ویژدان ئەزانێو گیانی ئەو خەڵکەی لا مەبەستە ، کاتی ئەوە هاتوە ڕۆڵی تەماشاکەر جێبهێڵنو بێنە سەر ستەیجەکەو هەڵوێستو قسەی خۆتان هەبێت ، بۆیە بە مافی خۆمانی ئەزانین بپرسین کوا عەدالەتی کۆمەڵایەتی؟ بونی نیە بۆ ؟   مناڵی بەرپرسان بە نمرەی کەمەوە ئەتوانن لە بەرزترین کۆلێجی ئەهلی بڕوانامە بکڕن  بۆ ؟ پێش   تەواکردنی خوێندن  دامەزراندنیان بە پلەی باڵا مسۆگەرە بۆ ؟  تێچوی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکانیان دەنگ ئەداتەوە بۆ ؟  ئۆتۆمبێلەکانیان ئەبێت پۆرشو مایباخ بێت  بۆ ؟ ساڵانەش بیگۆڕن بۆ ؟  کاتێکش مناڵی هەژارێ بڵێ بەری چاوتان کلی پێوەیە ئەوا بە گولە وەڵامی ئەدەنەوە بۆ ؟ دیوەخان جێگەی بە دادگا لەق کردوە بۆ ؟  سوڵحی عەشایەری باڵادەستەو دادگا ئیفلیج کراوە  بۆ ؟  لە پێش ڕاپەڕیندا لە کورداستاندا زیاتر لە سێ هەزار کارگەی بچوک لە کاردا بوە ، کە لانی کەم هەلی کاری بۆ سی هەزار کەس دەستەبەر کردوە ، نەبەر پرسێک نە لایەنێک نەی پرسیوە بۆ ؟  ئەم بوارە ئێستا وەستاوە ؟ بۆ ؟ وە قۆرغ کراوە بۆ چەند حیزبێک  بۆ ؟ لە ناو ئەو چەند حیزبەشدا بۆ چەند کەسێک بۆ ؟ ئەزانن کەرتی تەندروستی لە چ داڕمانێکدایە گەنجێکی ئەم وڵاتە نەخۆش بکەوێت ئەگەر پارەدار نەبێت ئەبێت چاوەڕیی مەرگ بکات  بۆ؟  ئەوەتا بەرە بەرە کەرتی گشتی تەندروستی بە مەبەست ئیفلیج ئەکرێت بۆ ؟  تا بازاری کەرتی تەندروستی تایبەت بازاڕی گەرم بێت بۆ؟ 

باوەڕ ناکەم کەسێک هەبێت نەزانێ هۆکاری ئەمە چیە ،هەمو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە باش ئەزانێت کە ئەم وڵاتە لە سەر دەریایەک نەوتە خاوەنی چ سامانێکە ، لە کاتێکدا زۆر بە باشی چاوی لێیە ئەو سامانە بۆ کێیەو بۆکوێ ئەچێ ئەویش لە ملاوە زەقەی چاوی بێت بۆ ؟  ئەو گەنجەی شەش  بۆ حەوت ساڵە خوێندنی تەواو کردوە بەدوای کارێکدا ئەگەڕێت دەستی نا کەوێت ، لەولاشەوە چینێک دروست بوە لە بەرپرسانو حوتەکانی بازاڕ ، کە مناڵەکانیان لە بەرزترین ئاستدا ئەژین ، بە دڵنیاییەوە  گەنجی چینە هەژارەکەش بە هیچ جۆرێک ئینتیمایان نە بۆ نیشتیمان و نە بۆ نەتەوە نامێنێت محەمەد ماغوتی گەورە نوسەری سوری ئەڵێت ( تاکە شتێک کە بە نیشتیمانەوە ئەمبەستێتەوە پێڵاوەکانمە ) دیارە ئەو قسەیە ی ماغوت بێ بنەماو بێ بێهۆ نیە ، خۆ ئەگەر ناعەدالیتی نەبوایە نوسەرێکی وا گەورە هەرگیز وای نە ئەوت ، ئەوەتا بەبەر چاوی هەمو دنیاوە ئەبینین وڵاتەکەی ماغوت لە ئەنجامی نا عەدالەتیدا بە کوێ گەشت  جا بەڕێزان ئەوەی باسمان کرد مشتێکە لە خەرواری نا عەدالەتی  ئێستا ئەزانن گەنجان بۆ  سەری خۆیان هەڵئەگرن ؟ جا خۆزگە  کارێکتان بکردایە هەرێمەکەمان بەدەردی وڵاتەکەی ماغوت نە چوایە .

15/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر