باڵی ژەھرخواردوو

رێبوار كەریم وەلی
راستییەکەی تا بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ھێشتا رەنگبێ ئومێدێک مابوو کە ئەگەر پارتی رازی بێت پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتیی نوێ بێت، بەرھەم ساڵحیش یەکێک بێت لەو کاندیدانەی جێگەی موناقەشە بێ. بەڵام پارتی بە ھەماھەنگی لەگەڵ باڵی ژەھرخواردوو نوقتەی دانا و سەری دێڕ! * لە ھەشتی تەمموز، بەرھەم ساڵح لە جیاتی حەکەم بێ، بوو بە تەڕەف و وەک جاری پێشوو، گەڕایەوە بۆ لای باڵی ژەھرخواردوو، ھەمان باڵی دەستڕۆیشتووی پێشوو. ئەگەر پێشتر پشتیوانیی کۆسرەت رەسوڵی لە دەست دا بووبێت، لەو تەڕەفگیرییەدا، لاھور شێخ جەنگیشی لە دەست دا. جاری پێشوو، بەرھەم ساڵح بە پشتیوانیی ئەو دوو لایەنە بوو بە سەرۆک، ئەو کاتیش باڵی ژەھرخواردووی ئێستا، ئامادەبوون بیخەنە مەزادەوە. * ئەوەندە گوتیان بەرھەم ساڵح چی بۆ یەکێتی کردووە، ئاخیرەکەی ناچار ویستی خێرێکی بۆ یەکێتی ھەبێ. راستییەکەی کوڕانی تاڵەبانی بە پەندیان برد. یەکەمجار دڵنیاییان دایە کە دەیکەنەوە سەرۆک کۆمار و شەڕی لەسەر دەکەن. ناردیانە شەڕە کورسی (وەک ئەوەی ئەگەر یەکێتی دوو سێ کورسیی دیکە زیاد بکات، شەقولقەمەر دەکات)، بەڵام کاتێک بەرھەم ساڵح کورسییەکانی لای پارتی ھێنایەوە، دیتی ئەوجارە کورسییەکەی خۆیان بردووە! * یەکێتیی نوێ ئەگەرچی ئەم رۆژانە پتر لەوەی خۆی وەکو دەباشانی و قەلاچوالانی نیشان بدات، دەیەوێ نمایشی سەرچناری و لالەزاری بێت لای پارتی، بەڵام ئەوەش باش دەزانن کە ئەگەر پارتی بێدەنگەی نەکردبایە، قەت نەیاندەتوانی سەرباری ئەو ھەموو ژەھرەی کە خواردبوویان تین و تاقەتی ئەو ھەموو کوشت و کوشتارەشیان ھەبێ! * باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی تەحویل بووە بۆ باڵی ژەھرخواردوو، کارەکتەرەکان ھەموویان وەکو خۆیانن وھەندێک لە کۆمبارسەکانی ئەو باڵەیان وەلاوە ناوە. * ئەم یەکێتییەی ئێستا، لە ھەقیقەتدا، بەرگەی یەک چاوسوورکردنەوەی پارتی ناگرێ، چ جای ئەوەی بتوانێ مل لەبەر ملی حزبەکەی مامیان بنێن. لای پارتی و دەباشان ئەوەی ژەھری نەخواردبێ، لالەزاری و قژلولە، تەنانەت ئەگەر یەک مووشی بەسەرەوە نەمابێت! بۆیە بەرھەم ساڵح دەکەنە گیسکی گوناھ و باجەکە لای پارتی بەو دەدەن. چونکە ئیتر لەوە دڵنیان کە دوای حزبەکەی و سەرنەگرتنی لیستەکەی، بەرھەم ساڵح ناتوانێ ئەو مەترسییە بێت کە جاران ھەیبوو. پارتی تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و یەکێتیش بەناوی یەكڕیزییەوە شەڕی لەسەر ناکات.

03/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر