کاک شاسوار ستۆپ!

رێبوار كەریم وەلی


پەیامەکەتم خوێندەوە. نازانم لە روانگای ئێوەوە لە کام کاتەگۆریم، بەڵام مادام رووت لە ئەھڵی قەڵەمە، ئەو ھەققە بە خۆم دەدەم منیش دوو قسە بکەم.

یەکەم: سەرلەبەری پەیامەکەی جەنابت ئەوە دەگەیەنێ کە تۆ دەتەوێ پێمان بڵێی بۆچی بۆ ئەوان رەوایە رێککەوتن بکەن بۆ من رەوا نییە! کەس نەیگوتووە جەنابت و حزبەکەت بۆی نییە رێککەوتن بکات، بەڵام تو ویژدانت ئەو کەسەی ئەلف و بێی سیاسەت بزانێ، بڕوا بەوە دەکات کە ئەو ١٧ خاڵەی ئێوە بە پەرلەمانتارێکی سەدری و سوننە ئیمزاتان کردووە موعتبەرترە لە سەنەدەکانی سلێمان ھەڵشۆیی!؟
دووەم: نەوەد لەسەدی مەتالیبەکانی ناو ١٧ خاڵەکە رووی لە پارتییە کە حاکمی ھەرێمە، بە قەولی جەنابت پارتی حیسابی تورێکی قوڕاویشی بۆ نەکردن کە لە حەقیقەتدا، دەبوایە ئەو رێککەوتنە ١٧ خاڵییە لەگەڵ پارتیدا بکەن نەک سەدر و سوننە! پارتی تەنانەت بە وشەیەکیش سوپاسی نەکردن.

سێیەم: بەڵێ کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارتان ھەبووە و دەتوانن بڵێین لەبەر ئەوە چووینە کۆبوونەوە و ١٧ خاڵیشمان پێ ئیمزا کردبوون. ئەو تەبریرە کاتێک رەوایە کە کاندیدەکەتان ١٪‏ شانسی دەرچوونی ھەبوایە و فەوری لە کاندیدی سەرۆککۆمارە خۆی بە لیژنەی داراییدا نەتەقاندبایەوە!

چوارەم: کاک شاسوار گلەیی دەکەی بۆ لە ئاستی رێککەوتنی پارتی و دروستکردنی بەرەی ئینقاز بێدەنگ بووینە. ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە، وەختێک من نووسیومە کە ئەو ھاوپەیمانیەتییەی پارتی کوردی لە پێکھاتەوە کردە حزب لە بەغدا و، تەنھا سەدر و سوننە لێی سودمەندن ھێشتا رەنگبێ ئێوەمانان بیریشتان لێ نەکردبۆوە. 

پێنجەم: ئەوەی ئێوە کردووتانە ھیچ ھەڵوێست تۆمارکردن نییە. وەک رۆژی رووناک دەزانی کە کاندیدەکەت دەرناچێ، ئەگەر بەشدار بی بۆ تەواوکردنی نیساب، سەید موقتەدا لەو کێکەی بەردەمی(کە نەگوتراوە کێکی چ بۆنەیەکە!) قاشێکتان دەداتێ و دواییش سوپاستان دەکات. ئینجاش دەڵێی ھیچ پۆست و پلە و پایەیەکمان داوا نەکردووە، بەڵام خۆزگە کردباتان. چونکە وەک کابراتان لێ ھاتووە کە دەچووە میوانی دەیگوت تو خوا خۆتان عەزییەت مەدەن، من حەزم لە گۆشتی مریشک نییە، بەس حەزم لە چەلاوەکەیەتی نانی تێبوکشم!
باقی وەسەلام


05/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر