جامەکەی لاهور زرینگا

رێبوار كەریم وەلی
کورد دەڵێ جام بشکێ، بەڵام نەزرینگێ!
*
ئەوەی ٨ تەمموز روی دا، رێک وەک ھەڵبژاردنە مەحەلییەکانی پێش کۆنگرەی سێی یەکێتیی بوو، تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفای پەڕوباڵ کرد و چاوەڕێ بوو دوای ئەوە وەکو تەیرێکی مەعقولی دەستەمۆ لەناو یەکێتیدا بەردەوام بێت.
*
جامەکەی نەوشیروان مستەفاش زرینگا.
*
ھەمووی چوار ساڵی نەبرد، لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ تەپڵی بە یەکێتیی ناو یەکێتی لێدا و نەک جام، دەرگا و پەنجەرەی بە یەکێتییەوە نەھێشت. ئەوجا نۆرەی ئەو بوو کە تێکڕای یەکێتی بکاتە تەیری مەعقول!
*
ئەوەی روی داوە کودتایەکە کە دەبوایە رۆژێک یەکێک لە ھاوسەرۆکەکان بەسەر ئەوی دیکەدا ھەر بیکات. کوڕەکانی تاڵەبانی پێگەی خۆیان لە ھەولێر بەکار ھێنا و دەسەڵاتیان بردەوە ناو بازنەی بچوکی خێزانی.
*
لە ھیچ شوێنێک ئەگەر باوک میراتگرێکی ھەبێ، رێگەی نەداوە ئامۆزاکەی لەسەر ئەو میراتە دانیشێت!
*
کوڕەکانی تاڵەبانی ئێستا سەرکەوتوون، بەڵام پێناچێ ئەوە درێژخایەن بێت. بە لابردنی (ھاو) کەس نەبووە بە (سەرۆک) چونکە بەو (ھاو)ەوە سەرۆک بوو!
*
ھا لێرە بەدواوەش چی پۆخڵەواتی جیھازی ئەمنی سلێمانییە ئیتر دەبێ لە ئەستۆی بگرن و کەس ناتوانێ خۆی لە قاچاغی و سەرانەستاندن بێبەری بکات.
*
ئەوی کراوە لە کورت ماوەدا، رەنگبێ بە دڵی پارتیش بێت، بەڵام نەوشیروانەکەی ناو یەکێتی زۆر لە نەوشیروانەکەی سەر گردەکە بۆ پارتی باشتر بوو. بە ھەموو لایەک نەوشیروانێکی کەللە رەق و سیاسییەکی تاڵەبانی ئاساتان لە خۆتان قیت کردەوە.
*
لێرە بەدواوە رەنگبێ (من)لەناو یەکێتیدا جێم ببێتەوە، بەڵام پێناچێ جێی لاھوری شێخ جەنگی ببێتەوە.


13/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر