مامی بچوک براوەی یاریی کورسییەکەیە

رێبوار كەریم وەلی


عاجباتییە ئەگەر شتێک لەو دنیایە روو بدات"بە دڵی پارتی بێت و دەستی پارتی تێدا نەبێ!"
*
لەوش عەجیبتر ئەوەیە کە خەڵک وا بزانێ ئەوەی لەناو یەکێتی رووی داوە ھەمووی لە بن سەری بافڵ تاڵەبانی بێت..
*
ھەمووی چەند ھەفتەیەک پێش ئێستا، قوباد تاڵەبانی و تیمی حکومەتی یەکێتی رێستیان بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی کێشا، تەنانت کاک قوباد بە توڕەییەوە کۆبوونەوەی بەجێھێشت و دوایی خۆی چوو لە دوکان کۆبوونەوەی پێکردن و دڵنیایی دا کە ئەو بڕیار لەسەر مان و نەمان لەناو حکومەتدا دەدات.
*
لە سەرەتاشەوە ھەموو تەنازول و بگرە و بەردەکە لە پێناوی ئەوە بوو کە پێگەی مامی بچوک لە حکومەتدا پارێزراو بێت.
*
مامی بچوک کە ئێستا زۆر لێزانانە ئیدارەی قەیران دەدات و زۆر جار وەک نێوەندگیریش دەردەکەوێ، تا ئەم دەقەیە براوەی ھاوکێشەکەیە؛ دەستێک چاکەتوپانتۆڵی حکومەتیشی پێیە کە لەکوێ پێویست بوو دەتوانێ بیکاتە بەر ھەموو بڕیارەکانی بنەماڵەکەی.
*
ئەوە قەراری حکومەتە و تەواو..
*
دەرکەوتنی لەگەڵ بەرپرسەکانی دەزگای دژە تیرۆر و زانیاری(کە تا ئێستا سەرۆکی حکومەت شتی وای نەکردووە) بە ھیچ شێوەیەک عەرزی عەزەڵات نییە! چونکە ھێزە ئەمنییەکان نابێ لە ململانێی سیاسیدا بەکار بھێندرێن! 
*
قوباد تاڵەبانی یارییەکی زۆر زیرەکانەی کرد؛ ھەم بۆ پێگەی خۆی و ھەم بۆ پوکاندنەوەی ئەو رەوتە دژە حکومەتەی لە سلێمانی ھەبوو. 
*
ئەو خۆی ویستی سەرکردایەتیی دانوستانەکانی بەغدا بکات و بەوەش بۆ پارتی بووە واجیھەیەک کە دۆڕان و بردنەوەی قازانج بوو. 
*
بۆ خۆیشی کارتی بەغدای لە دەست ھاوسەرۆک دەرھێنا و گوریسی شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتەکانشی بۆ ناو بیری ناکۆکییە بنەماڵەییەکەی یەکێتی لە پارتی وەرگرت..شۆڕی کردەوە..
*
قوباد تاڵەبانی پێگەی لە ھەولێر مسۆگەرە. ئەگەر لەو قومارەی ئێستا بافڵ تاڵەبانی کردویەتی واش دەرنەچن کە تێکڕای یەکێتی کۆنتڕۆڵ بکەن، ئۆباڵەکە دەخرێتە ملی براکەی و وەک ململانێیەکی خێزانی وێنای دەکات. لێرەش لە شکست و بردنەوەدا، ھەر قوباد تاڵەبانی براوەیە.
*
کورت و موختەسەر، عەڕابی ئەو وەزعەی ئێستای ناو بەرەبابی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد، مامی بچوکە.

15/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر