نیشتیمان بۆ تۆ من پێڵاوەکانی خۆم پێیە

رێبوار كەریم وەلی

پێموایە ئەگەر ئەمڕۆ ببینە دەوڵەت و کەس مانیع نەبێ، دوای پەنجا ساڵی دیکە رەنگبێ بگەینە ئاستی وڵاتێکی وەکو کۆسۆڤۆ, بێلاڕووس یان سلۆڤێنیا. بیست سی ساڵێک شەڕی ناوخۆ دەکەین، کودتا دەکرێ، خۆپێشاندەر دەکوژرێ، ئابڵوقەمان دەخرێتە سەر و ھتد! 
*
دنیا لە چ قۆناغێکدایە خوا دەزانێ! تا دە پانزدە ساڵی دیکە بەنزین و سوتەمەنیی کلاسیک لە بەشێکی زۆری دنیا دەچێتە مێژووەوە و رەنگبێ ھێشتا مرۆڤی کورد لەسەرەی بەنزین بێت، خەڵک بیتاقەی مەریخی بڕیوە و ھێشتا مرۆڤی ئێمە بەدوای ڤیزای ئەوروپا یان کڕینی پاسپۆرتی دۆمێنیکایە! مۆڵەتی شۆفێری نەماوە و عەقڵی دەستکرد سەیارە و فڕۆکە شەخسییەکان لێدەخوڕن و مرۆڤی ئێمەش خەریکی واستەیە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری. رۆبۆتەکان دەبنە ھێزی پارێزەری وڵات و ھێشتا لە دەوڵەتی ئێمە پۆلیس و سەربازی بندیواری ماوە...
*
تەسەوڕکردنی پەنجا ساڵی داھاتووی کورد زۆر ئاسانە، پەنجا ساڵ پێش ئێستا چۆن بووە، پەنجای دیکەش ھەروا دەبێ. ھیچ موعجیزەیەک روو نادات. موسایەکیشمان لێ پەیدا نابێ، وەک جولەکە گاڵمان بدات بۆ سەرزەمینێکی دیکە.
*
ئەوەی ئەمڕۆ وایکردووە بە ھەزاران گەنج و پیری کورد رێی ھات و نەھات بگرێتەبەر، نیشانەی ئەوەیە کە ئیتر درۆیە گەورەکە ئاشکرا بووە. یەک سەدە زیاترە کە بە ناوی شۆڕش و خەباتی نەتەوەییەوە، زومرەیەک فانتازیایەکی جەماعییان بۆ میللەت دروست کرد و دواییش ھەر خۆیان جیماعیان لەگەڵ کرد.
*
نە دەوڵەتتان پێ دروست کرا و نە ھێشتتان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا بژین.
*
دوای ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، ئەوەی پێیدەگوترا خەباتی نەتەوەیی گەیشتە دوا وێستگە یان دەبوو ببینە دەوڵەت و یان دەبوو واز لە دەوڵەت بێنین. کورت و موختەسەر دەوڵەتمان پێ دروست نەکرا و بڕایەوە. ئەی ئێستا چی دەیکەین؟ بە دوای چیدا دەگەڕێین؟ عێراق پارچە پارچە دەبێ؟ نەخێر ئەگەر عێراق لە ٢٠٠٣ پارچە پارچە نەبوو، تازە نابێ. کەواتا میللەتێک و خەونەکانی لە رەھنی ئەوەدان کە ھەندێک لە ھاوزمانەکانی خۆیان بە سەرابێکی دیکەوە حوکمیان بکەن. چۆن دەیکەین موھیم نییە، موھیم ئەوەیە ئەوان میللەتیان لە زوڵم و ستەمی داگیرکەر رزگار کردووە!!!
*
کۆتایی ئەم نەھامەتییەی ئێستا ئەوەیە کە کورد دوای ریفراندۆم بەخۆ ھاتبێتەوە و مەستی و نەشئەی ئەفیۆنی ناسیۆنالیزم بەری دابێت. لانیکەمی ئەوەی کە ھەیە ئەوەیە کە ئێمە ھەموومان ھاووڵاتیی عێراقین و کەسیش ناتوانی ئینکاریی ئەوە بکات. بۆ ناچین دەست بەسەر بەغدادا بگرین؟ ئازەرییەکانی ئێران لە دوای روخانی کۆماری ئازەربایجان و مھابادەوە وازیان لە ململانێی نەتەوەیی لەگەڵ فارسان ھێنا و لە جیاتی ئەوەی بۆ حوکمی سێ چوار پارێزگا ھەوڵ بدەن، دەستیان بەسەر تاران و ھەموو ئێراندا گرت. ئەمڕۆ حوکم و سەرمایەی ئێران لە دەست تورکی ئازەرییە و، تەنانەت لە مەسەلەی ئازەربایجان و ئەرمینیادا، پشتیوانیی ئەرمەنەکان دەکەن نەک ئازەرییەکان! کوردەکەش دڵی خۆشە کە گوگڵ زمانی کوردیی شێوەزاری سۆرانی! یشی بۆ وەرگێڕان زیاد کردووە.!!!
*
ھەڵبژاردنی ئەم دواییە نیشانی دا کە حزبەکانی کوردستان تێکڕای مەنزوومەی دنیابینی و حوکمڕانییان بەناوی ناسیۆنالیزمەوە، تووشی شێرپەنجە بووە و بە پارتیشەوە یەک لە دوای یەک دەمرن. بۆیە وەک ھەموو ئایدۆلۆژیایەکی دیکە ناسیۆنالیزمیش دەمرێ. 
*
لەم دنیایە پێشکەوتووەدا، ئیتر شەڕی ناسنامە شەڕی خۆتڕێنە. بە کڵاشینکۆف شەڕی درۆن ناکرێ، بە دۆشکەش موشەکی بالیستیکی ناخرێتە خوارەوە. ئەوە لەوە بگەڕێ ئەگەر شەڕی ناوەکی دەست پێبکات، کونە مشکمان لێدەبێتە قەیسەری!
*
کاری بەپەلە ئەوەیە کە کورد لە پێگەی ھاووڵاتی بوونەوە نەک ناسنامەی نەتەوەییەوە، دەست بەسەر حوکمڕانیی وڵاتی خۆیانەوە بگرن، لە عەرەبی شیعە و سوننە عێراقیتر بین، لە لاز و چەرکەسی تورکیا تورکتر بین و دەست بەسەر تورکیادا بگرین. ئەوە تەنھا رێگەی مانەوەیە وەکو تاک و کۆمەڵگا بۆ درێژەدان بە ژیان لە دنیای داھاتوودا. دەستپێشخەر بێن لە داھێنانی ناسنامەیەک بۆ گەلانی مێزۆپۆتامیا، دۆزینەوەی تەعریفێکی عادیلانە بۆ چەترێک کە ھەموان کۆ بکاتەوە. جیاوازیی نەتەوەیی و مەزھەبیی گەلانی ئەوروپا و ئەمریکا دەیان جار رەنگبێ لە جیاوازییەکانی کورد و گەلانی دیکە زیاتر بن، بەڵام ئەوان توانییان و ئێمەش دەتوانین. ئەگەرنا دەبێ تاقیامەت پێڵاوەکانمان ھەر لە بن ھەنگڵمان بێت.


11/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر