دەس بە جوێنەوە بگرن

فارس نەورۆڵی
یەکێک لە جوانییەکانی کۆمەڵگای کوردی زمانشیرینی و زمان پاکی بووە، بەڵام ئێستا بۆتە زەلکا و ڤایرۆس بەرھەم دەھێنێ وەبەرھێنان لە جوێندا دەکەین بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، کە دەکرا جیاوازتر سودی لێوەربگرین، چونکە ھەموو شت دوانەیە چاک و خراپ کەچی ئێمە بۆ خراپە بەکاری دەھێنین، ھەتا وایلێھاتووە ھەموو بەھاکانی کورد لە ژێر ترسی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندایە، چونکە ئەوە مرۆڤە مانا بە شتەکان دەداو بەھایان دەداتێ، ئێمە لەبری بەھادان بە جنێو ھەموو شتمان بێ بەھا کردووەو باشترین چالاکوان و میدیاکار لامان خراپترین جنێو فرۆشەکانە و جنێو فرۆشەکان بوون بە سیاسی و بیرمان بۆ دەکەنەوە. ھەر کارێکی باشیش ئەنجامبدەی کۆمەڵێک ھەن ھەر جنێو دەدەن، لە کاتێکدا سیاسەت واتە ئەخلاق و شەرەف و بە دەسھێنانی ناوبانگی جوان و مێژووی جوان واتە ھونەری قسەکردن و پەروەردەکردنی کارەکتەرە نەک دروستکەری جنێوفرۆش، ئەوەی کارەساتە حزب لە کوردستان لەبری گەیاندنی پەیام و پەروەردە گروپی جوێندان دروست دەکات و وەھا فەزاکەمان وێران کردووە ھیچ ھاوبەشییەکمان نەھێشتووە، بۆیە ناتوانین ھاوکاری یەکتربین.

کانت دەڵێ( ئەو شتانەی ھیچ ھاوبەشییەکیان نەما لە نێواندا ناشتوانن ببنە ھاوکاری یەکتر) ئێستا ئێمە ھەم جەستەمان بریندارە ھەم ڕۆحمان، چونکە گروپی جوێن فرۆش وەک قاز ڕیزکراون بۆ جنێودان.  چۆمسکی باس لەو جۆرە کەسانە دەکات و دەڵێ( قاز ئاسا ڕیزکراون ئەو دروشمانە دەڵێنەوە کە لێیان چاوەڕوان دەکرێ بیڵێنەوە و کۆمەڵگاش لە ناوەوە دەڕوخێنن) ئەمە دەقاودەق لەم فەزای کوردستانە دەچێت ھەندێ لایەن بیانەوێ خەڵکی چاک بشکێنن بە کۆمەڵێک زمان و قەڵەم قاز لە فەیسبوک وێرانی دەکەن، ڕێگری لەم پەتایە یان بە پەروەردە دەکرێ یان بە یاسا، ھەرچەندە ئێمە لەتەک ئەم دوو چەمکەشدا کێشەمان ھەیە، بۆیە مرۆڤە باشەکان دەبێ لە کاری خۆیان بەردەوامبن لەکاری چاکەو گوێنەدەنە جنێوفرۆشان و پەیامەکەی مەسیح بکەنە دروشمی خۆیان کە دەڵێ ( خودا لێیان مەگرە نەفامن) ئەگەر وانەکەن ئەوا لە کاروان دوادەکەون.

وەک وینستۆن چەرچڵ دەڵێ( بە ئامانجەکانمان ناگەین بەرد لە ھەر سەگێ بگرین کە دەوەڕێ)چونکە جنێو فرۆشەکان کێشەی پەروەردەو ئەخلاقیان ھەیە، ڕێز لە باوک و دایکی خۆیان و حزبەکانیشان ناگرن، چونکە ئەوەی سمبولی ھەبێ  پەیامی ھەبێت جوێن بە کەس نادات بۆ ئەوەی جوێن بە سیمبولەکەی نەدەن. باشتریشە جوێن فرۆشەکان دەس بە جوێنەوە بگرن، چونکە ڕۆژێک دێت جوێنیان پێنامێنێ ئیتر ئاغاکانیان ئیشیان پێییان نامێنێ و بەرەڵایان دەکەن، ئەوکات سفر ھیچ بەدەس دەمێنن و بەر نەفرەتی مێژوو دەکەون زۆریش بە داخەوە کۆمەڵگای کورد ی گەشتە ئێرە  بەشێکی زۆری ھیچ فەلسەفەیەکی نییە جگە لە جوێن.

17/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر