ئایا حزبەکان ئەم پرسیارە لە خۆیان دەکەن؟

فارس نەورۆڵی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە کێشەی قوڵ و بەردەوام هێشتا زیهنییەتی یەکتر قبوڵکردن و دادگەری لە کێڵگەی سیاسی و ئاینی و مەزهەبی ناوچەکەدا گەشەی نەکردووە.

بۆیە بەردەوام کێشەکان لە بری گفتوگۆی نێوان گەلانی ناوچەکە بۆ چارەسەر و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی و میتۆدەکانی یەکتر، کە هەر گەلێک بەخواستی خۆی ڕێگای گەشەکردنی خۆی دیاریکات، بە پێچەوانەوە ئەقڵییەتی ڕەد کردنەوە و پیلانگێڕی دژی یەکتر ئیدارەی کێشەکان دەکەن و بەردەوام کێشە مێژووییەکان گەرم دەکرێنەوە.

بۆیە هەموو هێزە جیهانی و ناوچەییەکان کار بۆ نفوسی خۆیان دەکەن، جیهانیش بەرەو کۆتایی یەک جەمسەری دەڕوات.

دەکرێ بڵێین ئێستا جیهان لە ڕووی نفوسەوە جیهانی دەساڵ پێش ئێستا نییە، لەم نێوەندەدا دەوڵەتانی ناوچەکە بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک لە ئەقڵی سیاسی و کۆمەڵایەتییاندا بۆ چارەسەری کێشەکان هەر دەوڵەتێک  دەگەڕێتەوە بۆ تەماحە مێژووییەکەی، لەم گێژاوە سیاسییەدا هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوری عێراق و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان خاوەندارییەتی گەلی کوردستان دەکات.

ئێستا هەرێمی کوردستان وەک کۆی ناوچەکە لە دۆخێکی نادیاردایە و ناتەبایی ناوخۆیی هێندەی دیکە ئایندەمانی ناڕوون کردووە، ئەمەش وایکردوە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە بە شێوازی جۆراوجۆر  بۆ سەر حکومەتی کوردستان زیاتر ببێت، بۆ دەربازبوون لەم گێژاوە پێویستە هێزە سیاسییەکان پێداچوونەوە بە بیرکردنەوەی خۆیاندا بکەن، ئامرازەکانی ململانێی ناوخۆ بگۆڕن، دەبێ هێزی بیرکردنەوەیان دەمارگیری و خودپەرستی تێپەڕێنێت. 

دەبێ ئەوەش بزانن، کە هەرێمی کوردستان بە خەباتی سەدساڵی گەلی کوردستان بەرهەمهاتووە، واتە هەرێم موڵکی تەنها هێزێک نییە سەرکەوتنی هی هەموو لایەکە و کەوتنیشی کەوتنی هەموو لایەکە.

بۆیە ناکرێ لە جێگایەک فشار و شەڕ یەخەی هەرێم بگرێ هێزەکانی دیکە لە بەرپرسیاریەتی ڕاکەن، ناکرێ لە سلێمانی و هەڵەبجە شەڕ یەخەی حکومەت بگرێ، پارتی بڵێ ئەوە شەڕی یەکێتی و گۆڕانە. وەک چۆن ئێستا لە هەندێ سنور شەڕ یەخەی حکومەتی گرتووە، هەنێ هێز دەڵێن شەڕی پارتییە، لە ڕاستیدا ئەمە تێنەگەشتنە لە فەلسەفەی حوکمڕانی، تۆ هەرێمێکت هەبێت لە دەستوری عێراقدا جێگای هەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵەی لەتەک بکەن، کەچی خۆت بێیت و لە ماناکانی بدەی، ئەمە کۆمیدیایەکە کەس نایەنێتە پێکەنین.  ئەوەی پێویستە هەموو لایەنەکان بزانن جوڵە دبلۆماسییەکانی ناوچەکە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ململانێکان و بەریەککەوتنی پرۆژەکانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی گۆڕانکاری نوێ لەتەک خۆیان دەهێنن، دەبێ هێزەکانی کوردستان بەهۆش خۆیان بێنەوە بۆ ئەوەی لە نێوان ئەو بەرداشانەدا نەهاڕێین و بڕیاری بوێرانە بدەن بێترس لە هات و هاواری فەیسبوکچییەکان،  ئەقڵانی مامەڵە لەتەک ئەو دۆخەدا بکەن،  چونکە لە سەدەیەکداین لە چاوتروکانێکدا گۆڕانکاری نوێ دێتە پێش، ئەمەش پێویستی بەو پرسیارەیە لە خۆمانی بکەین  ئێمە بۆچی دەستمان پێکرد گەشتوینەتە کوێ و چی بکەین ؟ نازانم حزبەکان ئەم پرسیارە لە خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی ئایندەمان نەکەوێتە گێژاوەوە؟

28/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر