چەند پرسیارێک بە تامی وەڵام بۆ قسەکانی خاتوو مونا قەهوەچی

ئارام جەمال
@ ئەگەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەو ئازایەتییە بنوێنێت و ئەوە ئاشکرا بکات کە لە چ ناوچەیەکی جوگرافی و لە چ رۆژێکی هەڵبژاردندا و چەند دەنگدەری تورکمان دەنگی پێداویت، ئەوە یەکلادەبێتەوە تا چەند نوێنەری راستەقینەی تورکمانیت..؟!

@ ئەگەر هاوپەیمانێتیتان لەگەڵ پارتیدا هەیە بۆچی تا ئێستا یەک ئەندامی پارتی لە هیچ بۆنەو نوسراوێکدا باسی لەو هاوپەیمانێتییەتان نەکردووە، خیرە ئێستا کەشفی دەکەیت..؟

@ ئەگەر بەڕیزتان بەو رادەیە بڕواتان بەوە هەیە کە پارتی داکۆکی لە مافەکانی تورکمان دەکات، بۆچی لە هەردوو هەڵبژاردنی رابوردوی خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەماندا لەناو لیستی پارتیدا خۆت کاندید نەکرد یان پێکەوە بە یەک لیست دانەبەزین..؟

@ دەزانیت هاوپەیمانێتی ئێوە و پارتی ئەوکاتە مانایەک پەیدا دەکات کە پێکهاتەکان تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان هەبێت و تەنها دەنگدەرانی پێکهاتەکان بۆیان هەبێت دەنگ بە کاندیدەکانی خۆیان بدەن..؟ 

@ ئەوە نازانیت کە شیوازی (تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی بۆ پێکهاتەکان) لە هەڵبژاردندا بە یەک تۆماری دەنگدەرانی گشتییەوە رێگرە لەوەی نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکان دەربچێت..؟

@ چۆن رێگە بە خۆت دەدەیت یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی ناو کۆبوونەوەکانی بلاسخارت و حزبە کوردییەکان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی نوێنەری پێکهاتەکان بێت، خیرە بەڕێزتان بێدەنگن و هیچ رەخنەیەک ناگریت لەو پەراوێزخستنەی پێکهاتەکان..؟

بەڵێ خاتوو مونا قەهوەچی، گومانت نەبێت لەوەی کە هاوڵاتیانی پێکهاتەکان زۆر لە میژە نوێنەرانی راستەقینەیان لەدەستداوە و لە قەیرانی نوێنەرایەتیدا دەژین، ئەو یانزە کورسییەشی بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە، بەو شێوەیەی هەتا ئێستا هەیە، نەک هەر نەبۆتە مایەی دەستەبەرکردنی مافی سیاسی پێکهاتەکان بەڵکو بۆتە رێگر لەبەردەم گەشەی دیموکراسیش لە هەرێمی کوردستاندا..

20/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر