قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە ئەگەر...

چاودێرێک
لە ئێستادا فاكتەری هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاترە و هۆكارەكەشی سیاسەتی بەڕێوەبردنی كوردستانە. ئێمە دەزانین بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، كە ژمارەی ئەوان لە ژمارەی پەنجەی دوو دەست كەمترە كوردستان ئیدارە دەكەن. لەبەردەم ئەوان دوو هەڵبژاردە هەیە:
1.بەرژەوەندی كوردستان و دروست كردن و ئامادەسازی بۆ بوون بە دەوڵەت، بۆ ئەوەی قەیرانی ئێستا بۆ داهاتوو بەجێ‌ نەهێڵدرێ‌ و خەڵكی كورد بە بەختەوەری بژین.
2.بەرژەوەندی بنەماڵە لە خۆدەگرێ‌ و پارەی پترۆدۆلار، لە دەسەڵات بمێنن بۆ تا هەتایە، سستەمی كوردستان ببێت بە بنەماڵە نەوە دوای نەوە.
ئەوەی ئێستا دیارە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دووەمیان هەڵبژاردووە، هەموو هەوڵ و خەباتی ئەوان بۆ بنەماڵەیە نەك بۆ بوون بە دەوڵەت، بەڵام ئەوان حیسابی ئەوەیان نەكردووە، كە لەم وڵاتە هاوڵاتی ئازاد هەیە، حیزبی دیكە هەیە، فاكتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە، لەبەر ئەم هۆیە، ئەم ویست و بەرژەوەندی بنەماڵەیی ئەوان دەبێتە پێكدادان لەگەڵ هۆشیاری ئیرادەی ئازادی هاوڵاتیانی ئازادی كوردستان، ئەگەر ئەم وەزعە باش ئیدراە نەكرێ‌ دەبێتە هۆكارێكی جدی بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان. پێویستە بارزانییەكان و تاڵەبانییەكان لەوە دڵنیا بن خەڵكی كوردستان ئاڵای بەرخودانی و دژایەتی زوڵمییان بەرز كردووەتەوە، بە خوێنیش ئەم خەڵكە تەسلیم نابن.
بیرۆكەی هەنگاوی خەتەرناك....
ئێستا رێككەوتنێكی نهێنی لە نێوان هەردوو بنەماڵە دروست بووە لەسەر چەند مەسەلەیەكی چارەنووس ساز:
1.ئەگەر لە هەڵبژاردنی عێراق پارتی و یەكێتی دەنگەكانیان زۆر دابەزی، ئەوا هەڵبژاردنی كوردستان دوادەخەن. دیارنەكردنی رۆژی هەڵبژاردن لە كوردستان بۆ ئەم هۆیە دەگەڕێتەوە.
2.هەر كاتێك هەڵبژاردن كرا، دوای ئەوە لە پرۆسەی دروست كردنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گۆڕان، كۆمەڵ، جەماعەتی بەرهەم بەشداری پێنەكەن، دۆخێكی وا دروست دەكەن تا ئەوان بەشدار نەبن.
3.پارتی دیموكراتی كوردستان (بنەماڵەی بارزانی) پۆستی سەرۆكی هەرێمیان بە رەسمی ئێستا هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام لە واقیعدا مەسعود بارزانی هەر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوان دەیانەوێ‌ ئەم دۆخە وەكو ئێستا بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەزانین ئێستا سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان، وەزیری ناوخۆ، وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ئاسایش، وەزیری سامانە سروشتییەكان هەمووی لای بنەماڵەی بارزانییە، بە پێی ئەو رێككەوتنە، لەو پۆستانە پشكێكی كەم دەدەنە ماڵی تاڵەبانی و ئەم واقیعە وا بەردەوام دەبێت.
4. بارزانییەكان و تاڵەبانییەكان ئامادەن لەمە زیاتر تەعویز بدەنە تاران و ئەنقەرە و بەغدا بۆ بەرداوام بوونی ئەم حكومی پاشاییەتییەی ئەوان لە كوردستان.
چارەسەری ئەم دۆخە...
1.پێویستە خەڵكی كوردستان بەس بۆ مەسەلەی موچە دەرنەكەونە سەر جادە، لەسەر مەسەلەی ئازادی و دیموكراسی و سستەمی بنەماڵەیی و گەندەڵیش بەرخودانی بكەن.
2.پێویستە ئەو حیزبانەی دەرەوەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، دەبێت جەبهەیەكی فراوان دروست بكەن و خەباتێكی جدی دەست پێبكەن دژی ئەم رێككەوتنە نهێنییەی بنەماڵەكان.
3.پێویستە بە رێگای ئەنجوومەنی ئاسایشی یوئێن و یەكێتی ئەوروپا و مەحكەمەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی بە رێگای دادگای فیدراڵی عیراق رێگا نەدەن مەسعود بارزانی و هێرۆ خان هەڵبژاردن دوا بخەن و بە دڵی خۆیان حكومەت دروست بكەن و لە گۆڕ باڵای خۆیان پۆست و دام و دەزگای كوردستان دابتاشن.
4.حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان پێویستە نەك لە كاتی پێش هەڵبژاردن وا بكەونە جوڵە، پێویستە هەموو كات وابن، جگە لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، دەرەجەی دوو گۆڕان و كۆمەڵیش بەرپرسیارن كە بە جدی وەكو پێویست دژی ئەمانە دەرنەچوون.
5.كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان هەموو لایەنە سەرەكییەكان تێیدا بەشدارن، بەڵام تا ئێستا رۆژی هەڵبژاردن دیاری نەكراوە، ئەوانیش بێدەنگن، واتە خەڵكی كوردستان دەبێت تێبگات، شەریكایەتییەكی ناشەریفانە لەسەر حیسابی ئەم میللەتە هەیە.
كوردۆ ئازاد


29/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر