هەڵسەنگاندنی دۆخەکەو ستراتیژیەتی تورکیا

چاودێرێک

 
دەوڵەتی تورک، ١٥ی تەموز کوردانی ئێزدی (قوڕبانیانی دەستی داعش) و هاوڵاتیە مەدەنیەکانی مەخموور کە بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکەوە هەڵهاتوون بۆردومان کرد. کاتێک ئێزدیەکان لە بەرانبەر هێرشی دڕندەی داعش بە تەنها مانەوە، یەپەگە و پەکەکە ڕێگریان لە کۆمەڵکوژی ئیزدیەکان کرد و بەسەر داعشدا سەرکەوتن. ئەمڕۆش دەوڵەتی تورک ئەوەی بە دەستی داعش نەیتوانی ئەنجامیبدات، خۆی دەیکات. لە لایەکی ترەوە هێرشی سەر مەدەنیەکانی مەخموور بە واتای هێرشی بەرانبەر هەموو گەلی کورد دێت. پێویستە ئەمەش لەبیرنەکرێت کە ١٢ هەزار کەسی مەدەنی ساڵێکە لەژێر گەمارۆی پەدەکەدان. هەموو پێویستیەکی سەرەتایی و خزمەتی تەندروستی بۆ گەلی مەخموور قەدەغەکراون. بەهۆی ئەم گەمارۆیە بە دەیان نەخۆش ناتوانن سەردانی پزیشک بکەن و پێویستی دەرمان دابین بکەن. دەبێت سەرنجی ئەوە بدرێت کە هەم شەنگال و هەم مەخموور لەناو خاکی عێراقدان. لەبەرانبەر هێرشەکان بەرپرسانی عێراق و هێزە نێودەوڵەتیەکان هەڵوێستی پێویستیان دەرنەبڕیوە و تورکەکان بەم هۆیەوە دەرفەتیان بینی و ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، دەستی بە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر هەرێمی حەفتانینی باشووری کوردستان کرد. حکومەتی عێراق دوای ١٥ ڕۆژ، هێزەکانی پاراستنی سنوری بۆ دەرکارێ و باتوفا نارد کە زۆربەیان پێشمەرگەی نزیک لە پەدەکەن. دوای ئەوەی ژمارەیەک حزبی کوردی ڕایانگەیاند بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بەر گەلەکەمان دەکەوێت و پێویستە حکومەتی عێراق دەستوەردان بکات، دواتر ئەم هەنگاوە نرا و ئەم هەڵوێستەش بەهێز بوو. هەندێک زانیاری هەیە کە بەرلە هێرشەکان، دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەمریکا چاوپێکەوتنی کردووە و ڕێککەوتنی لەسەرکراوە. ئەمریکا دەوڵەتی تورک لەپێناو بەرژەوەندیەکانی بەکاردەهێنێت کە تورکیاش ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان لەسەر ئاسایشی خۆی وەک مەترسی دەبینێت و ئەم هاوکاریەش زەمینی ئۆپەراسیۆنی داگیرکەری خۆش دەکات و پشتگیری لێدەکات. سیاسەتی دەوڵەتی تورک، ئەمریکا و عێراق و بێدەنگی لایەنە کوردیەکانیش وایکردووە کە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئەم ئۆپەڕاسیۆنەوە لە هەندێک هەرێمی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان خۆی جێگیر بکات و دواتر داگیرکاری خۆی لە باشوور و ڕۆژئاوا فراوانتر بکات. بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک بە داگیرکردنی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، دەیەوێت سیاسەتەکانی بەسەر عێراق و سوریاش بسەپێنێت. ئامانجێکی تری ئەوەیە کە لەنێوان باکوور، باشوور و ڕۆژئاوادا هەندێک هەرێمی بێ کورد دروست بکات. ئەمەش ئاشکرای دەکات کە هێرشەکان بە تەنها لەدژی پەکەکە نین، بەڵکو لەدژی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد، سیاسەتی کورد، خاکی کورد، یەکێتی گەلی کورد، ئابوری کورد و هەبوونی کوردە. پێویستە هێرشەکان بەم جۆرە ببینرێن و گەلی کورد بەم پێیە بجووڵێتەوە.

 
وادیارە کە تا ئەمریکا لەبەرانبەر ئێران ئەنجامێک بەدەست نەهێنێت، پشتگیریەکانی بۆ دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بەردەوامی پێدەدات. دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەش سوود لەم سیاسەتە وەردەگرێت و هەوڵ دەدات پەکەکە لەناوببات. سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە ناوخۆ و دەرەوەدا لەسەر بناغەی لەناوبردنی گەلی کوردە. ئەمریکا پەکەکە لەبەرانبەر سیاسەتەکانی وەک ئاستەنگ دەبینێت و دەوڵەتی تورک بەکاردەهێنێت و دەیەوێت پەکەکە لاواز بکات و پشتگیری لە دەوڵەتی تورک دەکات. بەم شێوەیە دەیەوێت پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا لاواز بکات و لێی دووربکات. دەبینرێت کە لەم دواییانەدا تورکیا بەرەو سیاسەتەکانی ئەمریکا هەنگاو دەنێت و پەیوەندیەکانی پتەوتر دەکات. هەڵوێستی خۆسەری پەکەکە، تێکۆشان و سیاسەتەکەشی لەبەرانبەر سیاسەتی زلهێزەکان لە ناوچەکە ئاستەنگێکی گەورەیە.
دیارە ئەمریکا دەیەوێت پەکەکە لاواز بکات بۆ ئەوەی لەبەردەم سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی نەبێتە ئاستەنگ. ئەمریکا پێشتر سیاسەتێکی بەم شێوەیەی بەرانبەر بزوتنەوەی فەڵەستین بەکارهێنا. خۆی ماوەیەکی زۆرە لەبەرانبەر پەکەکە سیاسەتێکی بەو شێوەیە بەڕێوەدەبات. بەڵام ئەو شتەی کە توانیان لە عەرەفاتی بەدەست بهێنن، نەیانتوانی لە عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەدەست بهێنن. ئێستاش پلانێکی تریان داڕشتووە. دەیانەوێت ئەو هێزەی کە پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خوڵقاندوویەتی نەک بە تەواوی لەناوی ببەن، بەڵکو لاوازی بکەن و بۆ خزمەتی خۆیان بەکاری بهێنن.

 
ئەمریکا بۆئەوەی سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەببات، لاوازکردنی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران و ڕووسیا بە گرنگ دەبینێت. دەیەوێت بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی تورک و عەرەب بۆ بەشێک لە سیاسەتەکانی بەکاربهێنێت. بەم شێوەیە لە جەنگی سێیەمی جیهانیدا دەیەوێت ئاڵۆزیەکانی نێوان تورک و عەرەب نەهێڵێت و ئاستەنگەکانی بەردەوام سیاسەتەکانی بڕەوێنێتەوە.

 
هەموو ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکە سیاسەت دەکەن و بۆ بەرژەوەندیەکانیان هەوڵ دەدەن، هێزی سیاسەتی پەکەکە دەبینن. لە لایەک دەیانەوێت بێکاریگەری بکەن و لە لایەکیش دەیانەوێت بۆ خزمەتی خۆیان بەکاری بهێنن. لەسەر هەبوونی پەکەکە نەک تەنها لەبەرانبەر تورکیا، بەڵکو لەبەرانبەر عێراق، سوریا و ئیران و هێزە سیاسیەکانی تری کوردیش سیاسەت دەکەن. ئەمریکا بۆئەوەی سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکات بەتایبەتی دەیەوێت عێراق و تورکیا گەرەنتی بکات و بە تەواوی کۆنتڕۆڵیان بکات. ئامانجێکی ئەو ئاگربەستەی کە ئەمریکا دەیەوێت ڕابگەیەنرێت ئەوەیە کە لە تورکیا و عێراق بە ئاسانی سیاسەتەکانی بەڕێوەببات.
پێویستە بە وردی سەرنج بدرێتە سیاسەتی ئەمریکا و ڕووسیا لە سوریاش. ئەمریکا نایەوێت لە سوریا لەدژی ڕووسیا شەڕ بکات. هەبوونی خۆی وەک فشارێک لەسەر ڕووسیا و ڕژێم بەکاردەهێنێت. بەڵام بۆ دیزاینکردن و بەدەستهێنانی دەستکەوت لە سوریا، دەوڵەتی تورک، هەندێک ‌هێزی کوردی و چەتەکان بەکاردەهێنێت. ڕووسیاش بێ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا بکەوێتە ناو شەڕەوە، دەیەوێت لە سوریا کاریگەریەکانی زیاد بکات. لەگەڵ ئەوەی کە ئاشکرایە لەگەڵ ڕژێم لە هاوکاریدایە، بەڵام دەیەوێت بە پتەوکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ  کورد، خۆی بەهێزتر بکات. ئەگەر سیاسەتێکی بەم شێوەیە بەڕێوەببات، دیارە کە پێگەکەی لە ئەمریکا بەهێزتر دەبێت. بەڵام کاتێک دەتوانێت ئەوە بکات کە کورد و ڕژێمی سوریا بگەنە ڕێککەوتن کە ئەویش دەزانێت کورد سیاسەتی پێشووی شۆڤێنی ڕژێم قبوڵ ناکات. لەبەرئەوەی ڕژێمیش سوورە لەسەر سیاسەتەکانی پێشووی ناتوانرێت هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنرێت.

 
هەرچەندە ناکۆکی بەرژەوەندی لەنێوان ڕووسیا و ئەمریکادا هەیە، بەڵام نابێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە وەک شەڕی سارد شەڕێک لەنێوان ئەو دوو زلهێزەدا ڕووبدات. ئەمریکا هەندێک هێز بەکاردەهێنێت بۆئەوەی ڕێگری لە ڕووسیا بکات. دەبێت چاوەڕێ ئەوە نەکرێت کە ڕووبەڕوو هەردوولا لەدژی یەکتری کار بکەن کە بە پێچەوانەو لە شەڕێ سارددا ڕوویدا.

 
ئەو بانگەشەیەی دەوڵەتی تورک کە دەڵێت، بەهۆی پەکەکەوە هێرش دەکات، لەناو گەلی کورددا بە ڕاست نابینرێت و بۆیەش پەکەکە زیاتر ئەرێنی دەبینرێت. لە بناغەدا هەندێک لایەنی کوردی کە لەدژی هێرشی داگیرکەری نین، بە ڕاگەیەنراوەکانیان کە هێرشی داگیرکەری حەفتانین زیان بە گەل دەگەیەنێت، وا پیشانی دەدەن کە لەدژی هێرشی داگیرکەرین. هەتا بانگەشەیەکی واش دەکەن کە خۆیان لەدژی داگیرکەرین بەڵام عێراق بێدەنگە و هەڵویستی نییە. بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن کە هەڵوێست و تۆڕەیی گەل دابمرکێننەوە و هەمیش بەرەیەک دروست بکەن کە پێیان وابێ پێویستە پەکەکە لە هەرێمەکە بچێتە دەرەوە.

 
ئاشکرایە کە عێراق لاوازە، ئەگەری هەیە هەندێک سەپاندنەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ بکات. بەڵام ئایا پلانی لەناوبردنی پەکەکە بە گشتی قبوڵ دەکات یان نە، نازانرێت. هەرچەندە ئەمریکا و عێراق لەناو ئەم پلانەدان بەڵام ئاستی داواکاری دەوڵەتی تورک، لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەو دوو دەوڵەتەدا یەکناگرن. ئەگەری هەیە لەسەر پلانەکە ڕێککەوتبن بەڵام کاتێک دۆخەکە گەیشتە پراکتیزەکردنی پلانەکە، هەمان ئامانج بەدەستناهێنرێت. لە لایەکی ترەوە ئەو ڕێککەوتنە وابەستەی ئەو تێکۆشانەیە کە ئێمە بەڕێوەی دەبەین و ئەو هەڵوێستە کۆمەڵایەتیەیە کە لە ئەنجامیدا دروست دەبێت. ئەگەر تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەببرێت، ئەگەری هەیە درز لەنێوانیاندا دروست ببێت. بە پێچەوانەوە بەهۆی پشتگیری ئەمریکاوە، دەوڵەتی تورک تەئکید لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە دەکاتەوە.

 
ئەمریکا، دەیەوێت ئێران بە تەواوی گەمارۆ بدات، فشاری لەسەر دروست بکات و هەموو لایەنەکان لەدژی ئێران ڕێکبخات. دەیەوێت سیاسەتێکی دەمدرێژ لەسەر ئێران بەڕێوەببات و ئەنجام بەدەست بهێنێت. بەم شێوەیە دەیەوێت هەژموونی ئێران لە عێراق لاواز بکات، ئەو هێزانەی کە لەبەردەم خۆی وەک ئاستەنگ دەبینێت لاواز بکات و عێراق لەدژی ئێران بەکاربهێنێت. لە سیاسەتەکانی بەرانبەر ئیراندا کوردیش ئەکتەرێکی گرنگە.

 
دەبێت بزانرێت لەدژی ڕەوایەتیدان بە هێرش و داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک پێویستی بە هەڵوێستێکی وڵاتپارێزی و پاراستنی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان هەیە. پەکەکە لە کەسایەتی پەکەکەدا هەموو گەلی کوردی کردووەتە ئامانج و بەو تێگەیشتنەی کە ئەگەر پەکەکە لەناو بچێت، هەموو هێزەکانی تر بە ئاسانی لەناو دەچن دەجووڵێتەوە. بەوهۆیەوە گرنگە گەلی باشوور، ڕۆشنبیر و چینی وڵاتپارێز لەدژی ئەم داگیرکەریە هێزیان یەکبخەن و لەبەرانبەری بووەستنەوە. ئامانجی دەوڵەتی تورک بەتەنها پەکەکە نییە، دەیەوێت باشووری داگیر بکات. پەکەکە لەدژی داگیرکردنی باشوور لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە وەستاوەتەوە و لەبەرئەوەی لە هەموو جێگایەک مافی کورد دەپارێزێت و کورد لە قڕکردن دەپارێزێت، بووەتە ئامانجی هێرشی دەوڵەتی تورک. دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو کوردە و پەکەکەش شانازی هەموو کوردێکە، کاتێک دەوڵەتی تورک شەڕ دەکات، بۆ داهاتووی خۆی گەرەنتی بکات، هێرش دەکاتە سەر پەکەکە. بۆئەوەی گەلی کورد و لایەنەکان لەمە باش تێبگەن، پێویستە تێکۆشانێکی بەهێزتر بەڕێوەببرێت.

 
هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بەردەوامە. قەیرانی ناوخۆ و سیاسەتەکانی دەرەوەی پێویستی بەم شەڕەیە. بە هێرش و داگیرکاری، نەتەوپەرستی، شۆڤێنیزم و فاشیزیم بەهێز دەکات. بەم شێوەیە لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە. ئەمەش لەسەر دوژمنایەتیکردنی کورد بەڕێوەدەبات. لەبەرئەوەش درێژە بە هێرش و داگیرکەری دەدات. دەوڵەتی تورک لە شەڕدا پشت بە تەکنیک دەبەستێت. بۆیە زۆر پێویستی بە سەرباز نییە. باشترین تەکنیکی پێشکەوتووی لەبەردەستە. بۆ ئەوەی هێرشەکانی تا قەندیل بەردەوامی پێبدات، پێویستی بە هاوکاری سیاسیەکانی باشوورە.

 
لە ڕووی سیاسیەوە هەڵوێستی جددی وڵاتانی عەرەبی لەدژی داگیرکەری بینرا. لە بناغەدا زۆر وڵاتی جیهان و هێزی سیاسی لەدژی ئەم داگیرکەریەن. بۆیە هێرشێکی ڕەوا و یاسایی نییە و ناتوانێت لەبەرانبەر گەلانی جیهان هێرشەکانی بپارێزێت و هیچ پشتگیریەکیش بۆ هێرشەکانی بەدەست ناهێنێت. ئەگەر بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆبکرێت، لەسەر بناغەی ئاڤانتاژێکی بەهێزی سیاسی تێکۆشانێکی بەهێزی گەریلا ئەنجامدەدرێت و ئەنجامێکی باش بەدەستدەهێنرێت. لە ڕووی سەربازیشەوە، فراوانبوون و بڵاوبوونی هێرشی سەربازی تورک دەرفەتێکی گەورە بۆ ئەو هێزە ئازادیخوازەکان دەخوڵقێنێت. ئەم هێرشە داگیرکەریە، بۆ تەڤگەری ئازادی سەرکەوتنی سەربازی فەراهەم دەکات. لەبەرئەوەی ئەم هێرشە لە باکووری و باشووری پێکەوە بەڕێوە دەبرێت، دەرفەتێکی خوڵقاندووە کە لەدژی دەوڵەتی تورک بەرەیەکی گەورەی شەڕ بەرێوەببرێت. هەرچەندێک تاکتیک و دەرفەتی دەوڵەتی تورک هەبێت، بەڵام بە دەرفەتی سیاسی و ئەزموونی گەریلا دەتوانێت سەرکەوتنێکی بەم شێوەیە بەدەستبهێنرێت. پێویستی ئەم قۆناغە بە متمانە و بڕیارێکی بەم شێوەیە هەیە.

 
دەوڵەتی تورک خاوەنی پێگەیەکی وەک شەڕی سارد نییە. ڕاست نییە کە پەیوەندیەکانیشی وەک قۆناغی شەڕی سارد ببینرێت. لە قۆناغی شەڕی سارددا، دەوڵەتی تورک خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوو. لە ئیستادا هەڵسەنگاندنی'پێگەی تورکیا وەک ئەو قۆناغە'، دەمانخاتە ناو هەڵەوە.



25/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر