چ دۆزەخێك بوو ٢٠٢١ ؟

ئارام سەعید
‎رۆژان دەڕواو هەفتە کۆتایی دێت، مانگ بەسەردەبەین و ئەوا ساڵیش کۆتایی هات، بەڵام ئەوەی کۆتایی نایەت ستەم و دزی و گەندەڵیی و نادادپەروەریە...مۆدێلی خراپ بەریوەبردن..

‎لەساڵی ٢٠٢١ دا مامۆستایەکمان هەبوو بەناوی بەدەل بەرواری لەسەر داوای رەوای مامۆستایان و موچەخۆران ساڵێک زیندانی کرا و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی وتی بەقۆپیە دەرچووم کرایە کاریگەرترین کەسایەتی ساڵ، ئەمە ئەو گەمە ناشرینەیە کە دەسەڵات لەرێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە دەیکات، دەیان سەیرو سەمەرەی لەوجۆرە هەیە لە میدیاكاندا، رۆژانە باس لە دەیان و سەدان گەندەڵی و دزی دەکرێت و هەزاران مەلەفی راستەقینەی دزینی سەروماڵی هاوڵاتیان باس دەکرێت و هێشتا میدیاکان لایکی زۆریان بۆ نایەت ئەگەر مۆدێلێک یان گاڵتەجاڕێک نەهێنن و باس و خواسێکی بێتام نەکات..

‎ساڵ دەڕوات و قەرزەكانی سەرهەرێم زیاد دەكات و ئاوڕنادەنەوە لەم كارەساتە!

‎خودایە لە چ دۆزەخێكدا دەژین! ئەم هەموو نەهامەتیە هەیە و خەڵک سەرقاڵ دەکەن بە هەواڵیی پوچ و بێ مانا، سوپایەكی ئەلیكترۆنی داواو مافەكان ئەشێوێنێت، ئەڵێن خدر بێگەڵاسی بێتاقەتەو فڵانە مۆدێڵ لەسەر هاوسەرگیری قسە دەكات،  ساڵ رۆیشت و نادادپەروەری بەردەوامە، چ ئومێدێک باس بکەین بۆ ساڵی ئایندە کە هیچ ئاسۆیەک نەبێت بۆ داهاتوو، مەترسیە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بەرۆکیان گرتوین و تادێت ژیان ئاڵۆزتر و ناشرین و ناخۆش دەبێت و خەڵک لەسەر سنوری بێلا روسیا رەق دەبێتەوەو لە دەریای ئیجەدا دەخنکێت و لە خۆپیشانداندا گازی ژەهراوی پێدا دەکریت ولەبەر سەرما بە گازی خەڵوز دەخنکێت، ناچن بۆ دەنگدان، و  متمانە نابەخشن بەڵام ئەوان هەر حوکمڕانن و هەمان دەموچاو دێنەوە سەر تیڤیەكان و بێ شەرمانە باس لەخەبات دەكەن و كوردایەتی ئەفرۆشنەوە، یاری بەعەقڵی هاوڵاتی ئەکەن و خستویانەتە ناو چاڵێکەوە و پێی ئەڵێن ئازوقەی خۆت بخە و ئایندەت نیە هەر لەو چاڵەدا بە جارێ، وای حاڵی دەكەن دەرەوەی چاڵەكە دۆزەخە، بێ ئاگان لەوەی کە لە چاڵەکە هاتە دەرێ ئەو رێگای خۆی ئەبڕێت و ئەو دونیا جوانە دەبینێت كە شایستەیەتی، دەڕوات ئاوڕ ناداتەوە و ئەوکات ئەوانە دەکەونە چاڵەکەوە كە خۆیان هەڵیان کەندوە بۆ هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە. 
‎چ هیوایەک بخوازین بۆ ٢٠٢٢ لەم دۆخەدا؟ کامیان هەڵبژێرین مردن لە چاڵەکەدا یان هاتنە دەرەوەو ڕێکردن بەرەو ئاوات و هیوای نوێ؟
‎تۆبڵێی ٢٠٢٢ ئەو ساڵە بێت لەو خەوە ناخۆشە بێینە دەرێ یان ئەو خەڵكە لەو چاڵە دێنە دەرێ و ڕێگایان ڕۆشن بێتەوە؟ گۆڕانیی ڕیشەیی بێت؟

یان ژیان لەدۆزەخی چاڵەكەدا بەردەوامە؟

31/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر