کامیان دروستە عەقڵ یان سۆزداری

ئارام سەعید
فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان

بەشی شەشەم

رەنگە زۆربەمان فیلمی هانیباڵ The Silence of the Lambs (1991)مان بینیبێت،کە یەکێکە لەبەرجەستەترین وێنەی کەسی سایکۆپات بەڵام لە شێوەی تاوانباردا، کەچۆن بەپلانەکانی لەچەندین زیندان خۆی رزگار دەکات و تاوانی گەورە و توندوتیژ ئەنجام دەدات، تەنانەت دەگاتە ئەوەی قوربانیەکانی بخوات، ئەم فیلمەو دەیان فیلمی تری هۆلیود لەسەر سایکۆپاتەکان بەرجەستەی ئەوە دەکەن کەسایکۆپات مانای توندوتیژی و خۆمەڵاس دانە بۆ قوربانیەکان، بەڵام ئایا سایکۆپاتەکان هەمویان دڕندەن؟ یان نەخۆشن و ئەوانیش قوربانی عەقڵێک وبیرکردنەوەیەکی شێواون؟ چەند زنجیرەیەکی تری تەلەفزیۆنی هەیە کە باسی سایکۆپاتەکان دەکات و پالەوانەکانی تەواو سەرنجی بینەران رادەکێشن، بەم دواییە نێتفلێکس دۆکیومێنتاریەکی لەسەر تێد بوندی بڵاوکردەوە کەچوار زنجیرەیە و یەکێکە لەسایکۆپاتە بەناوبانگەکان و تاوانبارە بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆری کچ بەشێوەیەکی دڕندانە، بەڵام کاتێک گوێ لە تۆمارە دەنگیەکانی دەگریت زیرەکیی و ووردبینی لەئەنجامدانی کارەکانی دەردەکەویت کەچۆن هیچ بەڵگەیەک لەدوای تاوانەکانی بەجێ ناهێڵێت.

بەبینینی ئەو فیلمانە بۆمان ئاشکرا دەبێت سایکۆپاتەکان زۆر راستی دەزانن لەسەر مرۆڤ، زۆر زیرەکن لەسەرنج راکێشانی ئەوانی تردا ودەزانن چۆن مامەڵە بکەن،بەڵام ئایا لە سۆشیاڵ میدیا گوێیان لێدەگرین؟  بەردەوام باسی ئەوە دەکرێت کەئەوان سۆزداریان نیە، مانای وایە ئەوان بە عەقڵ کاردەکەن، بۆئەوەی بڕیاربدەین لەسەر کارێک کە هەڵەیە یان راستە، پێویستمان بە عەقڵە و لەڕێگەی سۆزەوە ئەوبریاڕە بدرێت جیاوازە. لەبەرئەوە سایکۆپاتەکان هەمیشە لەپێشەوەن و ئەوان لەواقیعدا سەرکەوتون بەسەر ئەوانیتردا، لەسۆشیال میدیاش هەروا، نمونەی زۆر سیاسی و هونەرمەندی داهێنەرو بزنزمانی گەورە هەن کە سایکۆپاتن، هەربۆیە دەتوانین بڵێین گوێیان لێدەگیرێت. پرسیارەکە ئەوەیە لەکاتێکدا ئەوان عەقڵ بەکاردەهێنن ئەی بۆ ئامادەن ئازاری ئەوانی تر بدەن؟

لەبواری بزنزدا ئەو سیفاتانەی کەسی سایکۆپات هەیەتی دەیکاتە سەرکردەیەکی کاریگەر، ئەوەی گرنگی بەلایەنی سۆزداری نادەن دەتوانن وەبەرهێنانی تیا بکەن بۆ ئەوەی ببنە سیاسی بەتوانا، یان لە پۆلیس ودادگاکان کاری گرنگ بکەن، تەنانەت بواری پزیشکیش، بەگشتی ئەو پیشانەی کەپێویستە لە سۆزداریەوە دووربێت ئەوان تیایدا سەرکەوتون، مامۆستایەکی ئەمریکی لەبواری زانستی ئابوری ودەماردا کاردەکات وتەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵیت" بەهەڵەی مەزانن کاتێک دەبینن زۆربەی پارێزەرە بەتواناو بەناوبانگەکان و بەڕیوەبەرە جێبەجێکارە گەورەکان سیفاتی سایکۆپاتیان هەبێت" لەمبارەیەوە کیڤن دایتۆن لە کتێبیکدا لەسەر سایکۆپاتەکان دەڵێت" ئەو هەڵسوکەوتەی وادەکات سەرکەوتوو بن ئەوەیە توانایان لەخێرایی بڕیاردان و باشی بریارەکانیان هەیە، ئەمە جگەلەوەی توانایەکی بەرزیان هەیە لەزانین و خوێندنەوەی هەستو سۆزی ئەوانی تر بۆیە دەتوانن یاریان پێ بکەن."

دەبێت جارێکی تر بیربکەینەوە لەوەی سۆزداری رۆڵی چیە لە ئاکاری مرۆڤدا؟ ئایا سایکۆپاتەکان ئەو نەبونی سۆزداریەیان هەڵەیە یان یان نەبونی توانایەکە کە لەوانیتردا هەیە و ئەوەش تاوانی ئەوان نیە، کەواتە چۆن سەردەکەون؟ وەڵامەکەی ئاسانە کاتێک کە ئامانجێکیان دەبێت ئامادەن بەبێ بەکارهێنانی سۆزداری کاری بۆبکەن و لەورێگەیەدا رەنگە لەناوبردن و نابوتکردن و ئەشکەنجەوکوشتنی ئەوانیتر بۆیان گرنگ نەبێت.زۆرکات زاناو دەرونناسەکان بەوە وەسفیان دەکەن کە لەژیانی رۆژانەدا ئەو کەسانە رێکپۆش و سەرنجراکێشن، ئەوەش لە سۆشیاڵ میدیاکانیاندا دەبینرێت، تەنانەت هەندێک دەڵین "بەهێزیان لەوەدایە ئەوان دەتوانن بەئاسانی سۆزداری کارپێبکەن ولەکوێدا ویستیان بییکوژێننەوە!!" ئەمەش خاڵی بەهێزی سایکۆپاتەکانە... بەکورتی کەسی ئاسایی یان سۆزدار ئاکاری رێگەی پێنادات بۆبەدەستهێنانی دەستکەوتێکی شەخسی ئازاری ئەوانیتر بدات، هەوڵ دەدات هاوکاری ئەوانیتر بکات، بەڵام بۆ سایکۆپات ئەم هاوکێشەیە پێجەوانەیەو بۆ دەستکەوتی خۆیان ئازاردانی ئەوانی تریان پێ باشترە لەوەی یارمەتی و هاوکاری کەسێكی تر بکەن.

بۆئەوەی کەسێک بڕیاڕ بدات بەئەنجامدانی کارێک سەرەتا ترس و نیگەرانیەک لەلای دروست دەبێت بۆ ئەو بڕیاڕە و ئەمەش لایەنی سۆزداری مرۆڤە، ترس دەچێتە نێوان عەقڵ و سۆزداری، بەڵام ئەو ترس و نیگەرانیە لای کەسی سایکۆپات نیە، گرنگ نیە لەئەنجامی ئەو بڕیاڕەی کێ چی بەسەردێت، گرنگ ئەوەیە خۆی بیباتەوە، لەبەرئەوە خێراتر بریاڕ دەدەن و پێشی ئەوانی تر دەکەون...

05/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر