هاورێیەتی لە واقیع یان فەیسبوک

ئارام سەعید
هەموومان دەزانین لەئێستادا گۆڕانکاری بەسەر هەموو شتەکاندا هاتووە، هاوڕێیەتیش یەکێکە لەوانە، هەندێک ناتوانن تەسلیمی ئەو گۆڕانکارییە ببن و پێیانوایە تەکنەلۆژیا هاوڕێیەتی تێکداوە، بەگشتی لەناو کۆمەڵگەدا هەمیشە کەسانی وا هەیە کە بە تەکنەلۆژیای نوێ هەستیارن و هەر زوو هەڵوێست وەردەگرن بەرامبەر بەکارهێنانی.

لەوەڵامی پرسیارێکدا لە فەیلەسوف ئەندریە کونت سپۆنڤیل کە یەکێکە لەوانەی زۆر لەسەر هاوڕێیەتی نوسیوە لەوەی ئایا هاوڕێیانت لەسەر ئینتەرنێت هەیە؟ وتی" وەک ئەوەیە مناڵی خۆم هەبێت بەبێ ئاگاداری خۆم، کاتێ پەیجێکی فەیسبوکم کردەوە لەماوەی چەند سەعاتێکدا سێ نامەم بۆ هات کە داوای هاوڕێیەتییان دەکردو من نەمدەناسین، هەستمکرد ئەوە هێرشێکە بۆ سەرم و نەمتوانی تەحەمولی بکەم، ئەوە شیکردنەوەیەکی هەڵەیە بۆ هاوڕێیەتی، هەربۆیە دەستبەجێ لاپەرەکەم لە فەیسبوک سڕیەوە" بەگوێرەی شیکردنەوەی ئەو فەیلەسوفە "پەیوەندییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر رووکەشین، ئەو هاوڕێیەتییەی کە لەواقیعدا هەیە ئەوەیە مرۆڤ هێندە دەبەخشێت بەهاوڕیی خۆی ئیتر هیچی پێ نامێێنێت بیداتە کەسی تر".

سپۆنڤیل پێیوایە "هاوڕێیەتی پێویستی بە متمانەیەکی زۆر هەیە، پێکەوەبوون، کات بەخشین بە هاورێیەتی، ئەوەش بۆ دەیان و سەدان کەس نابێت وەک ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا هەیە. لەکۆتاییدا دەڵێت "بێگومان هاوڕێی ئیفترازیت هەبێت باشترە لەوەی هەر هاوڕێت نەبێت، بەڵام ترسناک و خەمگینە لێیان رازی بیت ومتمانەت پێیان هەبێت، بۆیە باشترە ژمارەیەکی کەم هاوڕێی راستەقینەت هەبێت وەک لەوەی سەدان هاوڕێی ئیفترازیت هەبێت لەسەر فەیسبوک و ئەنستاگرام و تویتەر".

ئەرستۆ دەڵێت" سێ جۆری هاوڕێیەتی هەیە، یەکەم لەسەر بنەمای خۆشیی بینین، دووەم لەسەر بنەمای قازانج بینین، سێهەم کە باشترینە لەسەر بنەمای چاکە (فضیلە) کە لەهەردوولادا هەیە" کە هاوڕێیەتییەکی جێگیرەو پاکە.

بەڵام ئایا ئەم پێناسەیەی ئەرستۆ بۆ هاوڕێیەتی لە فەیسبوکدا هەیە؟ ئایا لایک و کۆمێنتی زۆر ئەو هاوڕێیەتییە نزیکە دروست دەکات؟ رەنگە هەندێک لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوڕێی باشیان ناسیبێت و دەتوانین بڵێین ئەم پیناسەیەی ئەرستۆ بۆ هاوڕێیەتی فەیسبوک دەبێت چونکە لەرێگەی هەلوێست و نوسینەکانی کەسێک لە فەیسبوکدا توانیویەتی هاوڕێی باش بناسێت، بەڵام هەندێکی تر توشی گرفت بوون لەئەنجامی هاوڕێیەتییەک کە توشی جۆری دوەمیان بوون کە لەسەر بنەمای قازانجە، لەڕاستیدا ئەمە لە هاوڕێیەتی واقیعیشدا هەیە، بەنمونە بەبێ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا رەنگە لەسەر پارچە کاغەزیک و چەند درۆیەکەوە دەیان هاوڵاتی هەڵخەڵەتێنراون و پارەیان خوراوە، هەربۆیە دەکرێت بڵێن فێل و هەڵخەلەتاندن بەتەنها لە سۆشیال میدیا نیە، بەڵام ئەوەی تەکنیکی فێل و خێراییەکەی گۆڕیوە تەکنەلۆژیایە کە خێراتر بووەو زۆرتر بووە.

بەگشتی چەمکی هاوڕێیەتی لەسەر دەستی فەیسبوکدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەسەردەمێکدا ژمارەی هاورێکان لە پەنجەی دەست تێندەپەڕین ئێستا لە فەیسبوک بە سەدان و هەزارانن.. خەڵکی جیاواز لە وڵاتی جیاوازو پیشەی جۆرارجۆر هاوڕێن، کە ئەمەش لایەنی ئەرێنی و نەرینی هەیە.

پارێزەرێک کە ماوەی چوارساڵە فەیسبوکی خۆی سڕیوەتەوە دەڵێت" پێشتر ئالودە بووبوم و بەردەوام سەیری ژیانی ئەوانی ترم ئەکردو چاودێریم ئەکردن، رێگام ونکردبوو، بەڵام ئەمرۆ پاش ئازادبونم لەو کۆت و بەندەی سۆشیاڵ میدیا، ئەچمە دەرەوەو روبەروو خۆشەویستانم ئەبینم و هیچ گرفتێکی دەرونیشم نیە..".

لەڕاستیدا ئارەزومان هەبێت یان نا ئێستا سۆشیاڵ میدیا بۆتە سەکۆیەکی گرنگ لەژیانی رۆژانەداو لەڕیگەیەوە کاریگەری هاوڕێکانمان لەسەرەو بەپێچەوانەشەوە، بەڵام وەک ژیانی ناو واقیعیش لە سۆشیاڵ میدیاش هەموو جۆرەکانی هاورێ و دۆستایەتی هەیە، هەربۆیە ژیانی مۆدیرن پێویستی بە خویندنەوەی دروستە بۆئەوەی مامەڵە لەگەل ئەو ئامرازە گرنگە بکەین. بەهەزاران و ملیۆنان خێزانی دابڕاو لەیەکتر ئێستا لەجیهاندا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەتوانن بەردەوام پێکەوە قسە بکەن و وێنەی یەکترو تەنانەت ڤیدیۆش ببینن. لێرەوە دەکرێت پێناسە بۆ هاوڕییەتی فەیسبوک جیابکریتەوە لەو هاوڕێیەتیەی لەواقیعدا هەیە، بەڵام لەهەردوولا هاوڕێیەتی هەر هەیە.

17/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر