کوردایەتی و هێزە ئیسلامیەکان و راسیزم

ئارام سەعید
کاتێک هەندێک مامەڵەو گوتاری دامەزراوەکان دەبینین بەئەنقەست بێت یان لە نەزانیەوە پرسیاری ئەوەمان لا دروست دەکات کە هەندێک دامەزراوەی حکومەت بەشدارە لەبرەودان بە فیکری راسیستی ئەمە سەرەرای ئەوەی لەمێژوی سیاسی و کۆمەڵایەتیماندا بوونی هەیە، کەئەویش لەبڵاوکراوەو راگەیاندنەکاندا دەردەکەوێت، زۆرجار لە هەواڵەکان دەیبیستین تاوانباریک دەستگیرکراوە یەکسەر راگەیەندراوی پۆلیس وهێزە ئەمنیەکان دەڵیت تاوانبارەکە عەرەبە، کە دەیەویت پێمان بڵیت کورد تاوانی واناکات و ئەوە عەرەبە ئەوکارە دەکات، لەکاتێکدا لەناو کوردا تاوانباری زۆر لەوجۆرە هەن.

ئەم گوتارە لەناو حزبەکانیشدا هەیە، لەمیدیاکانیش رەنگی داوەتەوە، بەنمونە کە باسی پۆستەکانی کورد دەکرێت لەبەغدا هەموو پارتە سیاسیەکان دەڵێن ئەوە ئیستحقاقی کوردە، واتە بەتەنها کورد زمان نەک کوردستان لەکاتیکدا دانیشتوانی کوردستان لە ئێستادا عەرەب و نەتەوەو ئاینی جیاوازی زۆر تیدایە، بەڵام بەم گوتارە بێت ئەوان مافیان نیە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو بەرپرسە سیاسیانە خۆیان لە ئەوروپا بوون و بینیویانە لەبەرئەوەی کوردێک لە شارێکی وڵاتێکی ئەوروپا نیشتەجێیەو رەگەزنامەی وڵاتەکەی هەیە هەموو مافەکانی ئەو ولاتەی هەیە و بۆی هەیە ببێتە پارلەمانتار و وەزیر و هەر بەرپرسیارێتیەک کە رەوایە بۆ هاولاتی ئەو شارە، هەربۆیە دەبێت کە عەرەبێک دانیشتوی هەرێمی کوردستان بێت ئەو مافەی هەبێت.

ناسیۆنالیزمی کوردی لەبیرکردنەوەیدا دژی مۆدیرنەیە و تائێستاش لەسەر بنەمای ئیتنی و خوێن و زمان و ئایین کاردەکات، لەگوتارەکانیاندا راسیزم دەبینریت. بەم گوتارە دەیانەوێت پێمان بڵێن نەتەوەی عەرەب یان هەر بێگانەیەکی تر "غەیرە خۆرئاواییی" دەبێت کرێکار و زەحمەتکێش بیت یان تاوانبارێک بێت وەک چۆن لەئەوروپا راسیستەکان دەیانەوێت وای نیشان بدەن هەموو تاوانەکان غەیرە ئەوروپی دەیکات و لەکاتێکدا بە سەدان کەسی بەهرەمەندی وڵاتەکانی تر هەن کە داهێنان دەکەن لەئەوروپا و بەدڵسۆزی خزمەت بەوڵاتەکە دەکەن، لە کوردستانیش هەروا ئەوانەی راسیستیانە بیردەکەنەوە هەمیشە ئەو دیوە دەگێرنەوە و وەک تاوانبار یان خەڵکی پەروایزخراو نەتەوەکانی ترنیشان بدرێن نەک دیوی خزمەت و داهێنانیان. کەجێی ئاماژەیە ئێستا لە کوردستان بە سەدان و بگرە هەزاران پزیشک و ئەندازیار و تەکنیکی و کرێکاری بەتوانای عەرەب و نەتەوەی ترهەن کاردەکەن و خزمەت دەکەن. 

دەربارەی گوتاری حزبە ئیسلامیەکانیش گوتاریکی نزیک لەو جۆرە هەیە، لە پاش شکستی جەمال عەبدولناسر لە میسر گۆرەپانی سیاسی لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن هێز وحزبە ئیسلامیەکانەوە تەنرابوو چونکە ئایدۆلۆژیای مارکسی لینینی کەبیرێکی خۆرئاوایی بوو پاشەکشێی کرد، لەوە بەدواوە زۆربەی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی عەرەبی بونە دەمراستی نەتەوەی عەرەب و گوتاری نەتەوایەتیان پەرەپێدا لەژێر چەتری ئیسلامدا کەخۆی لەناخی تاکی عەرەبیدا ئەو جۆرە ئینتیمایە بۆ ئایین هەبوو واتە فیکرێک نەبوو لەدەرەوە هاتبێت و ئەمەش دەرفەتی گەشەسەندنی زیاد کرد، لەهەرێمیش لەسایەی پاشەکشێی گوتاری کوردایەتی لەلایەن هێزەکانی ئێستای دەسەڵات و لەدوای لاوازبونیی رەوتی چەپ ئێستا هێزە ئیسلامیەکان دەیانەوێت ئەو رۆڵە بگێڕن و ببنە دەمڕاستی نەتەوەی کورد و گوتاری نەتەوەیی پەرەپێبدەن کەئەوانیش دوورنیە هەمان هەڵە دوبارە بکەنەوە چونکە لەکاتێکدا ئاینی ئیسلام نەتەوەیی نیە ئەوان برەو بە بیری ناسیونالیستی دەدەن لەژێر چەتری ئاینەکەدا. 

شکستی سەرەکی لە گوتاری کوردایەتی ئەوەبوو پاش کەوتنی رژێمی سەدام بە دەستور کۆمەڵیک مافی رۆشنبیری و نەتەوەیی و سیاسی بە دەستور چەسپا لە عێراقدا، لەجیاتی ئەوەی پەرە بەو پێشکەوتنە بدەن و باری کۆمەلایەتی و سیاسی و رۆشنبیری و ئابوری رێک بخەنەوە وجیاوازی و ئازادی فەراهەم بکەن، جارێکی تر کەوتنەوە پەرەدان بە دوو گوتار، یەکێکیان رزگاری نیشتمانی وئەوی تریان سەربەخۆیی نیشتمان، کەبیرکردنەوەی سەردەمی شاخ بوو، ئەوهەڵەیەیان کرد چونکە هاتنە کایەی دۆخی نوی پێویستی بەگۆڕینی ستراتیژ و تێڕوانین هەبوو نەک برەودان بەهەمان گوتار، چونکە لەدوای روخانی سەدام بەدەستوور زۆربەی هەرەشەکانی سەر زمانی کوردی و رۆشنبیری و کەلتوری کورد ڕەوانەوە و لەهەرێمی کوردستان و لەئاستی جەماوەریدا جۆرێک لەقایلبون بەو دۆخە نوێیە هەبوو کەمافی سەرەتایی پاراستبوو، بەڵام ئیتر ناکۆکی هێزە سیاسیەکان لەسەر پۆست و پێگەی ئابوری و سیاسی خۆیان لەبەغدا بەناوی رزگاری نیشتمانی و جیابونەوە سەریهەڵدا و تا ئێستاش بەردەوامە.

02/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر