وەهمی دیموکراسی!

ئارام سەعید

زۆربەسادەیی دیموکراسی مانای دەستاودەستکردنی دەسەڵات، یانی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان،مانای سەربەخۆیی دادوەریی، یانی ئازادی رادەربڕین، کامە لەمانە هەیە لەهەرێمی کوردستاندا؟

 کام لەم حزبانەی کوردستان بروایان بەدەستاودەستکردنی دەسەڵات لەناو حزبدا هەیە؟ دەرئەنجام دەسەلات قۆرخ دەکرێت،  سەرکوتکردن جێی ئازادی دەگرێتەوە، لەخۆرهەڵاتی ناوەراستدا چەند ساڵی رابردوو شۆڕشی زۆر رویدا، زۆر باسکران و لەسەریان نوسرا کە ئیتر رێگە بە تاکڕەوی نادرێت و سیستمێکی دیموکراسی دادەمەزریت بەڵام ئەوەی گۆڕا تەنها دەموچاوەکان بوو، نە دیموکراسی بەرقەرار بوو نە گەندەڵی کۆتای پێهات.

 لەکوردستان و عێراقیش بەهەمان شیوە چەندین نارەزایی و خۆپیشاندان کرا بۆ گۆڕانکاری تەنانەت سەرەک وەزیرانی عێراق بە فشاری خۆپیشاندەران دەستی لەکەرکێشایەوە، بەڵام هێشتا داواکاریەکان نەهاتونەتە دی،  چالاکوانان دەڕفێنرێن و دەکوژرێن، چونکە "بونیادنانی سیستمێکی دیموکراسی پێویستی بە بونیی ئەوحزبانەیە کەبڕوایان بە دیموکراسی هەیە کەتوانای بونیادنانی ئەو دامەزراوانەیان هەیە کەبەردەوامی بە پاراستنی ئازادی دەدەن" بۆیە واقیعی ئێمە لەوە دەچێت کە هەوڵ بدەین دیموکراسی بەرقەرار بێت بەبێ بونیی ئەوحزبانەی  دیموکراسیخوازن چونکە لەناو خودی حزبە سیاسیەکاندا سەرکردەی ئەبەدی هەیە بۆ حزب. 

لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەو قسانەی سیاسیەکان لەسەر ئازادی رادەربڕین و دیموکراسی و دادپەروەری دەیکەن جگە لە وەهم هیچی تر نیە، چونکە سەرەرای نەبونی هێزی دیموکراسی ئەم سیستمی حوکمرانیە نەیتوانیوە دەرفەتی ئابوری باش بۆ هاوڵاتیان برەخسێنێت و خزمەتگوزاریەکانی وەک پەروەردەو تەندروستی باش بکات و لەم دۆخەدا ناکرێت باسی دیموکراسی بکەین تەنها وەک وەهمێک نەبێت کە سیاسیەکان لەسەر زاریانە و دووبارەو چەندبارەی دەکەنەوە. 

 زۆرجار سیاسیەکان پاساوی ئەوە دەهێنەوە کەئەم دۆخە پەیوەندی بە جوگرافیا و کەلتور ومێژوەوە هەیە، بەڵام لەکتێبی "وڵاتان بۆ شکست دەهێنن؟" بەرونیی بۆمان شییدەکاتەوە کە هەردوو کۆریای باشور و باکور یەک مێژوو،کەلتور وجوگرافیایان هەیە بەڵام باکورێکی هەژار و بێ ئازادی و باشوریکی خۆشگوزەران و دەوڵەمەند کەتەنها جیاوازیان ئەو سیستمە سیاسیە کە بەڕێوەیان دەبات. واتە ئەوەی وا دەکات وڵاتێک نوقمی قەیران بێت حوکمڕانەکانیەتی، ئاراستەکردنی دامەزراوەکانە نەک مێژوو جوگرافیا.

11/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر