تەڵە چەند سەرەکانی تورکیا!

ئارێز عەبدولآ
من نازانم لە پشتی پەردەی پەيوەنديەکانی هەرێم و تورکيا چی دەگوزەرێ، بەڵام ئەوەی بە ڕوونی ديارە ئەردۆگان بە پاساوی پەکەکە دەيەوێ:

- لانی کەم بەشێک لە خاکی هەرێم داگير بکا.

- شەڕی براکوژی لە نێوان پارتی و پەکەکە دروست بکا.

بۆ ئەو دوو ئامانجەش شەڕێکی گەورەی هەڵگيرساندوە و هەموو توانا سياسی و ديبلۆماسيەکانيشی خستۆتە گەڕ.

 ئەردۆگان باش دەزانێ، کە بە نيوەی تێچوی ماددی و مەعنەوی ئەو شەڕە دەتوانێ سنورەکانی خۆی واقايم بکا نەک گەڕيلا بگرە مێشيش نەتوانی سنور ببەزێنێ، بەڵام ئەو ئەوەی ناوێ.

ئايا بۆچی لە جياتی داگيرکردن و شەڕ لەم ديوە، ديوی خۆی ناپارێزێ؟

هەموومان دەزانین لە فەرهەنگی دەوڵەتی تورکيادا شتێک نييە ناوی مافی کورد بێ، بۆيە هەر لە سەرەتای دروستبوونی تورکيای نوێ تا ئەمڕۆ  نەک هەر ئينکاری مافەکانی کورد دەکا، بگرە بە ئاگر و ئاسن رووبەڕووی دەبێتەوە، لە لايەکی ديکەش نايشارێتەوە چاوی لە کۆنە ويلايەتی موسلە و بە ئاشکرا هاوار دەکا رەوايەتی رێککەوتنی لۆزان لە ساڵی٢٠٢٣ تەواو دەبێ و لەو روانگەيەشەوە دەبێ باشور بگێڕێتەوە ژير سايەی خۆی!

پلان و پيلانەکانی ئەردۆگان  ورد چنراون و ئەو پێی وايە ئەگەر نەشتوانێ دەسکاری سنورەکان بکا. ئەوا لانی کەم ئەو ديو سنوری خۆی هێندە لە ئێمە تەنگ دەکاتەوە کە بێ ئەو نەتوانين لە زێی دجلە دەستنوێژيش هەڵگرين.

ئەو چەند دژی کوردی باکورە، هێندەش هی باشور، بۆيە  بە هەمان پاساوی پەکەکە فشاری زۆر دەخاتە سەر حکومەتی هەرێم و لايەنە سياسيەکانيش بە تايبەت پارتی تا رايانکێشێتە ناو شەڕێک کەس نازانی کەی کۆتایی دێ، بەڵام دەزانين هەرێم لە پەلوپۆ دەخا.

 بە دروستبونی شەڕ لە نێوانی پارتی و پەکەکە نە تورکيا دەکشێتەوە ناو سنورەکانی خۆی و نە پەکەکەش بادينان چۆڵ دەکا.

پێويستە پەکەکە رەچاوی بارودۆخی ھەرێم بکا و لايەنەکانی دیش باش بير بکەينەوە و تەڵە چەند سەرەکانی ئەردۆگان ببيینين، چونکە لە ئەگەری هەڵگيرسانی شەڕ لە نێوان پەکەکە و پارتی  جگە لە دوژمنانی قەوارەی هەرێم، هيچ کەسێکی تر قازانج ناکا.

هێشتا دەرفەت ماوە بە ديالۆگێکی نيشتيمان ئاوێک بەو ئاگرە دابکەين.

13/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر