مامجەلال مورافەعە گەورەکەی بۆ پێکەوەیی ژیانێکی خۆشگوزەرانی پێکھاتەکانی کەرکوک بو،نەک..!

بەرزان عوسمان



لە ساڵی  ٢٠٠٤ بە دواوە  ،ھەموساڵێک  بۆ رۆژی  نۆی  فێبرایر ⁄شوبات   وتار و راپۆرتم  نوسیوە  لە  کوردسات  و کوردستانی  نوێدا   چەند  جارێکیش  ناردومە  بۆ  ئیزگەکە .  بەڵام  ئەمساڵ   ھەم  بەھۆی  نەخۆشیی  ،ھەم  بەمەبەست ھیچم  نەنوسی .سەرەتا  داوای  لێبوردن لە  سەرۆکم  مامجەلال دەکەم  چونکە  بەڕێزیان   ھەرجارێک کە  لە تەلەفزیۆن دەیبینی  یا لە  کوردستانی  نوێ  بەرچاوی  دەکەوت  دەستخۆشیی  لێ  دەکردم .ئاخر  دەیزانی کە  بەندەش  بە باشیی لەو  مورافەعەیە  گەیشتوم و دەزانم   مامی عێراقیی و   کەرکوکییەکان  بە  تورکمان و کلدۆ ئاشوریی  و عەرەبی  رەسەن و کوردیانەوە ، مەبەستی  لەو مورافەعەیەی ٩ی شوبات  و  بەدرێژایی  خەباتی خۆی  ئەوەبوە کە  کەرکوک  لە دێر زەمانەوە  بەشێک بوە لەو خاکەی کە بە کوردستان  ناسراوە و  بەھۆی  گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە  بوەتە کوردستانی عێراق  و ئێستا بە ھەرێمی  کوردستان لە چوارچێوەی  عێراقی  فیدراڵدا ناسراوە . واتە  کەرکوک  کوردستانییە و لەھەردو وتوێژی  نێوان  کورد  و حکومەتی  عێراقدا لە ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٩١دا  سەرۆک  مامجەلال  داکۆکیکاری  سەرسەختی  ئەو راستییە مێژوییەی کوردستانیی بونی  ئەو پارێزگایە  ومەرکەزی شارەکە بوە و داکۆکی لە  ناسنامەی پێکھاتەکانی  ئەو پارێزگایە  کردوە بەوەی  تەنیا  موڵکی  کورد  نییە و بەس  بەڵکو  موڵکی  ھەمو پێکھاتەکانە  کە  ھەمویان لە چوارچێوەیەکی  جوگرافیایی  فراوانتردا  گەلی  کوردستان پێک دێنن. 

سەرۆک  مامجەلال   زۆر بە وردیی قسەی لەسەر کەرکوک کردوە ،وتە بە ناوبانگەکەی شایەتی  ئەو پەرۆشییەی  بۆ دەدات کە  دوپاتی دەکردەوە "کارکردن بۆ پێ سەلماندنی کوردستانیبونی  کەرکوک ،وەک نەشتەرگەریی مێشک  وایە ،ھەر  ھەڵەیەکی  بچوک  یانی  شکستی  نەشتەرگەرییەکە و لەکارکەوتنی  مێشکەکە  و مردن ".  

یانی  کەرکوک بە  دروشمی  بریقەدار  ، بەزۆر  سەپاندنی مۆرکی  پێکھاتە و حزبێک ،  قۆرخکردنی دەسەڵاتی پێکھاتە و نەتەوەیەک ،  پەراوێز خستن و  ، نکووڵیی کردن  لە  مافی  ئەوانیتر و  زولم زۆر و تۆقاندن ،   ناگەڕێتەوە  ئامێزی  کوردستان ، ھاوکات  ناسنامە  کوردستانییەکەشی  لێ  زەوت  ناکرێت . رونتر و راشکاوانەتر  نە(  پ د ک و ی ن ک)  ،پێکەوە  یا ھەریەکەیان  بە جیا  دەتوانن  خۆیان بسەپێنن ،نە   (بەرەی  تورکمانیی و عەرەبیی )دەتوانن  ببنە  رێگر  لەبەردەم  جێبەجێبونی  مادەی ١٤٠ ی  دەستوریی .  بەڵکو  دەبێت  ھەموان  ئەو واقیعە  بزانن کە  پارێزگای کەرکوک  موڵکی  کوردان نییە  بە  تەنیا ، ئەو پارێزگایەش نییە  کە نابێت  بگەڕێتەوە  سەر  جوگرافیای  ھەرێمی  کوردستانی  عێراق . بەڵێ  پەلەقاژێی  عەرەبی ھاوردە  و حزبێکی  وەک  بەرەی  تورکمانی بۆ رێگرتن  لە  جێپەجێبونی  دەستور  زۆرن ،بەڵام ھێزە  کوردستانییەکانیش بە تایبەتیی ،دو ھێزە  سەرەکییەکە پێشێلکاری  و   سەرپێچیی  و بێزارکردنی  پێکھاتەکان و گێچەڵ  و سوکایەتیی    پێکردن بە ھەست  و  نەستیان  زیاترە .  بە  راشکاوی  سەرۆک مامجەلال   خەباتی  بۆ  بە دەستوریی  و بەرەسمیی ناسینی  کوردستانیبونی  کەرکوک  بۆ  ئەوەبو  کەرکوک  و شارەکانی  دیکەی  ھەرێمەکەمان  ئاوەدانتر ،ئۆقرەتر ،جوانتر  و  دانیشتوانەکەشی  خۆشگوزەران  و بەختەوەر بن لە سایەی  ئاسایش و ئارامییدا ،نەک  بەو جۆرەی  ئێستا  دەبێنرێت واتە  ئێمە  نمونەیەکی  مامجەلالیانەمان  پێشکەش بە  کەرکوک  نەکردوە. ھەریەکە  و ھەر  حزبە   کوردیی  ،تورکمانیی  و عەرەبیی ،ھێندەی بارستایی  و سەنگی  خۆی  بەشدارە لە  دزینی  داھاتی  نەوتی  کەرکوک ، بەشدارە لە  ترس وتۆقاندن و دروستکردنی بێ متمانەیی  لای  کەرکوکییەکان ، لە ھەمویان  زەقتر  کە ئیتر  بەتەواوەتی پێکھاتەکانی  تری بێ  متمانە کرد و ترساند  !،ھەڵکردنی  ئاڵاکەی سەر بینای پارێزگا لە  ٢٨ی مارسی ٢٠١٧  و ریفراندۆمە کەی  سێپتامبری ئەوساڵە بو   لەگەڵ جێگیر کردنی  ھێز  بەبێ  ھەماھەنگیی لەگەڵ  فەرماندەیی  ھێزە  چەکدارەکانی  عێراق .وەک ئەوەبو لە  میسان ھەمان رەفتار  بنوێنرێت بەوپێیەی  ھێشتا  بەدەستوریی  ئەو پارێزگایە لە سنوری  دەسەڵاتی  حکومەتی  فیدراڵدایە ،ھەربۆیە ئەنجامەکەی  ١٦ی  ئۆکتۆبەر بو .  بەداخەوە  ھیچ کام لە لایەنەکان کاری جدیی ناکەن  بۆ  ئارامیی  و ئاشتییەکی  کۆنکرێتیی کە  ھەنگاوەکانی  تر زەمینەیان بۆبڕەخسێت تا ئەو پارێزگایە و ناوچەکانی  تری  بازنەی  تەعریب  یەکلایی  بێتەوە ، تورکمان پەلەقاژەیەتی بۆ پەلکێشکردنی  جەندرمە، عەرەبی  ھاوردەش  بە رێنمایی سەروتری خۆیان میلیشیا و تۆڕی  چەکدار ی وەک حەشدی شەعبی تێکترنجاندوە  لە کەرکوکدا ،کوردیش ھێزی  فرە کوێخا  و چەند ین باندی بەناوی  ئاسایش   جێگیر  کردوە  ،نەک یەک ھێزی  ئاسایش و پێشمەرگەی تۆکمە  لەولاشەوە  چەکدارانی  بە ناو کوردی دار دەستی ئەم و ئەو   وەزعەکەیان قۆستۆتەوە لەو ناوچەیە  تەراتێن ئەکەن ،ئاخر  ئەوانە  چی ئەکەن  لەوێ ئەگەر  بۆ تێکدان و دروستکردنی  بیانو  نەبێت  بۆ  ترساندنی  تورکمان  و عەرەب  لە  نیازی  کورد؟!. بەمەش  زیانێکی  زۆر  لە  خەبات  و روانینەکانی  سەرۆک  مامجەلال  دراوە  بۆ  پێ سەلماندنی  کوردستانیبونی پارێزگای کرکوک و دەستوەشاندنێکی ئاشکراشە  لە  پەیامەکەی رۆژی  مورافەعە  گەورەکە  .




10/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر