وا بڕوات هەرێمی کوردستان دواکەوتوی بێ رکابەر دەبێت

بەرزان عوسمان
سەرەتا بەوە دەست پێ دەکەم کە  بە یەك چاو دەڕوانمەدەسەڵاتداران و چین و توێژەکانی تری کۆمەڵ    ، چونکە دەسەڵاتداران لە هەسارەی مارسەوە نەهاتون لە نێو هەناوی ئەم کۆمەڵەدا دروست بون ،ئەوە خەڵکەکەیە  بە هەمو نزایەک دەڵێن ئامین . ئۆپۆزیسیۆنیش  لە دەستبڕین و خۆ پێگەیاندن و جێ پێلیژ کردنی دەسەڵات لە پەرلەمان و سەندنەوەی بەشە کێکەکە بۆ خۆیان هیچ زانست و داهێنانێکی تریان پێ نییە .زۆربەمان شانۆیی دوژمی گەل لە نوسینی هنریك ئاپسنی نەرویژیمان خوێندۆتەوە یا بە شانۆیی و فیلم بینیومانە  کە  چۆن خەڵك  بە گژ قسە راستەکانی دکتۆر تۆماسدا دەچنەوە تەنانەت ژن و مناڵی دکتۆر  تۆماس خۆیشی ،هەمو دوای  بانگەشەی گەمژاندن و چەواشەکارانەی  پیتەر ستوکمان  و مورتن کیل دەکەون .   با بەسەرهاتێکی نوکتە ئامێز بکەینە نمونە  بۆ خوارو خێچییەکانی لای خۆمان .

ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر کوردێک سەردانی برادەرێکی عەرەب دەکات لە خواروی عێراق لە ناوچەکەیان  بۆ یەکەمینجار حوشتر دەبینێت و  هەر لێی ورد دەبێتەوە و دەپرسێت ئەوە بۆچی پشتی وا خوارو خێچە ،کابراش ئەڵێ  بۆ حوشتر کوێی راستە تا پشتی چەوت نەبێت!.

هەرێمی کوردستانیش چی تیا خراپ نییە تا  زەمی نەکرێت . چ رێگرییەک هەیە تا نە بێتە دواکەوتویەکی بێ رکابەر .  تکا دەکەم کەس پێم نەڵێت   ئەو هەمو زانکۆیە! ، ئەو هەمو ئۆپۆزیسیۆنە نابینیت  !، رەنگە بڵێن ئەی ئەوهەمو باڵەخانە هەور بڕانە نابینیت  دوست دەکرێن کە هەریەکەیان ناوێکی لەخشتە بەرانەیان لە خۆ ناوە ( سیتیی ،شار ،بەرزایی و چی و چی )!، ئەو هەمو ئۆتۆمبیلە  دوایین مۆدیلە!ئەو هەمو  مۆدڵانەی تیکتۆک و سۆشیال میدیا ! ئەو هەمو شوێنی جوانکاریی و بۆتۆکس ! ئەو هەمو چی و چی یە، نابینیت  !. ئیتر بۆچی وا رەش بینیت ؟!.   ئەوانە هیچیان بەڵگەی پێشکەوتن و کرانەوە نین چونکە بیرکردنەوەکانی ئەوانە لە دواکەوتویی و نەزانینیانەوەیە کە  ئەو دیمەنانە بە پێشکەوتن دەزانن ،نەک لە روانگەی ئازادیی مرۆڤەکان !.

ژنێک لە وەزارەتی ئەوقاف  محجبە نیە کەچی هەر ئەوانەی کە دیاردەکانی باسمان کردون  بە پێشکەوتن دەزانن ،دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگی بیر پوچ و بۆگەنەکان تا ئەو خانمە لەو جێگەیە نەمێنێت،وەزارەتە کەش لە هەڵوێستێکی کاریکاتۆریدا ئەڵێت ئەو خانمە راستەوخۆ پەیوەندیی نیە لەگەڵ  مامۆستایانی ئاینیی!ئیتر ئەوە دواکەوتویی نەبێت ناوی چییە ؟!.بۆچی مامۆستایانی ئاینیی  ژنیان نییە؟کچ ،خوشک ،دایک ،کچە پور و کچە دراوسێیان نییە ؟! وا نابێت لەگەڵ ژنێکدا هەڵسوکەوت بکەن ؟.

لەولاشەوە ئەوەتا دەبینرێت  حکومەت هەر زەوییە دەیدات بەسەرمایەدارانی چاوچنۆک و تازە  پیاکەوتو و هەڵتۆقیوی خانوبەرە، بۆ شوقە دروست کردن بێ ئەوەی حساب  بۆ مەسەلەی کارەبا ،ئاو ،رێگاو بانی هاتوچۆی خەڵک و دیمەنی شارەکان بکرێت . وەک لەو رۆژانەدا  لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستاندا پسپۆڕێکی بواری ئابوریی وتی "پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتوان و چڕ بونەوەی بەو شێوەیە ، نە مژدە بەخشە نە دڵخۆشکەرە” کەچی بە بێ بەرنامەنەک  هەر خەڵکە زۆر دەبێت  لە کوردستان بەڵکو زۆرترین ژمارەی ناوچەکانی تریشیان تێ خزێنراوە و ئاخنراوە .

ئەوە  کوشتنی مرۆڤ  لەوێ بوەستێت کە بۆتە  دیاردە و نەریتی پاڵەوانێتی ،جا ژن بێت یا پیاو وەک یەکن .

بە بڕوای بەندە  هیچ مرۆڤێک شایستەی مەرگ نییە تەنانەت تاوانبارە دڕندەکانیش دەبێت بۆ هەتایە لە بەندیخانەکاندا سزای تاوانەکانیان وەربگرن ،نەک ئیعدام کردن .

بۆیە بە هەمو شێوەیەک دژی ئەوەم کە دەڵێت کوشتنی مرۆڤێک بە بێ هۆ  بە ناهەق تاوانێکە ، چونکە هەر ئەو هۆیەیە کە رێگە بە داعشێک  دەدات خوێنی خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگە برێژێت ،هەر ئەو هۆیەشە کە خوێنی ئەو ژن و کچ و مناڵ و مێرد مناڵانانە بۆ  چەکدارێکی ئیسلامچی حەلاڵ دەکات ،یا رێگە بە  ژنێکی  موحەجەبە ی تاقمێکی ئیسلامچی  دەدات ، بێ شەرمانە داوای داخستنی یەکەکانی ژێندەری لە دەزگاکانی حکومەت دەکات  و داوای خۆپێچانەوەی ژنان و کچان دەدات ،یا بە ناو دکتۆرێک  داوای چونە ماڵەوەی ژنان دەکات . ئەو داوایەی خانمی  مەحەجەبە  بۆ نەهێشتنی بەدرەوشتیی عەیب و عارێکی تری ئەو پێشکەوتنەیە لە دواکەوتویدا کە لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت.  لە کاتێکدا  نمونە باڵاکانی ئەو خانمە خۆیان بەدرەوشتن  لە لاقە کردنی کیژی سیانزدە ساڵ ،زەوتکردنی ژنی خەڵک بە ناەی غەنیمەت ،هەمو دەقەکانی ئەو خانمەش پەیڕەویان دەکات  پڕە لە مژدەی بەدرەوشتیی لە ژتانی دوای مردندا .کەواتەئەگەر ناوچەکە لە دواکەوتویی بیرکردنەوە دا   نقوم نەبوبێت چۆن ئەوژنە دەتوانێت وا باڵا دەستانە دەستدرێژی بکاتە سەر ژن و هوشیاریی ژنان بە بەدرەوشتیی بداتە قەڵەم  .هەر ئەم دواکەوتوییەی بیر و ئەقڵێتە  دەستپێکی دواکەوتنەکانی ترە بەرەو گەندەڵیی  ،گەمژاندن و هەڵخەڵەتاندنی گەل و تێکەڵ بونی بەها جوانەکان لەگەڵ دزێوەکاندا . 

رۆژ بەرۆژ پێش بڕکێی بەرەو دواکەوتویی هەواڵی عەنتیکەمان  بۆ دەهێنێت ،ئەوەتا لەم رۆژانەشدا رۆژنامەنوسی بە توانا کاک عماد علی

لەم سایتە بەڕێزەدا (سپی میدیا) وتارێکی زۆر پڕ مانای وەک هوشیار کردنەوەی  پەرلەمان و دەسەڵاتدارانیش  بڵاو کردۆتەوە کە لە نێو ئەو هەمو کێشە و کارەساتانەدا  پەرلەمانەکە بە نیازە هاوڕەگەز بازی قەدەغە بکات.وتارەکەی کاک عماد جوان مەترسییەکانی پەسەند کردنی وەها قانونێکی خستوەتە رو . بەڵێ  ئەوکاتە هەم مەسەلەکە  رەواج زیاتر پەیدا دەکات و دەبێتە کارتێکی بەهێز بۆ ئەوەی بزوتنەوەیەک یا تاقمێکی تر  بەکاری بهێنێت بۆ راکێشانی دەنگەکانی ئەوانەی دەبنە دژی ئەو قانونە پێشنیاز کراوە  ، هەم لەولاشەوە  جیهان  بە جۆرێکی تر لەو پەرلەمان و حکومەتە دەڕوانێت.  بەڵام با پرلمان بەو پێ یەی قانونەکانی لە روانگەی ئاینی ئیسلامەوەن  با بەراوردێک بکات لەگەڵ  دەقەکانی ئەم سورەتانە { سورەتی الطور، ئایەتی 24 "وَيَطُوفُ عَلَيْهِمْ غِلْمَانٌ لَّهُمْ كَأَنَّهُمْ لُؤْلُؤٌ مَّكْنُونٌ"

* سورەتی الواقعة، ئایەتی  17 و18 "يَطُوفُ عَلَيْهِمْ وِلْدَانٌ مُّخَلَّدُونَ - بِأَكْوَابٍ وَأَبَارِيقَ وَكَأْسٍ مِّن مَّعِينٍ"
* سورەتی الإنسان، ئایەتی  19 "وَيَطُوفُ عَلَيْهِمْ وِلْدَانٌ مُّخَلَّدُونَ إِذَا رَأَيْتَهُمْ حَسِبْتَهُمْ لُؤْلُؤًا مَّنثُورًا" ؟؟!!. خواروخێچییەکان بەرەو دواکەوتویی زۆرن  ، بە هەواڵی  روداوی کەوتنە خوارەوەی پانکە و تێکچونی پلاکی یەکێکی تر  لە دو قوتابخانەی جیادا  و ئەگەری روخاندنی چەندین بینای قوتابخانە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمدا کۆتایی بەم نوسینە دێنم  ،کە ئەوە ئەنجامی  ئەو دواکەوتویی یە  وا گەندەڵییش بڵاو بوەتەوە و چوە تە ناخی هەمو جومگەکانی ژیان و بەڕێوە بردندا .

19/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر