لەچاوەڕوانی كۆتاییە كۆمۆتراژیدیاكەدا..!

د. کامەران مەنتک

زیاتر لە سی ساڵە نەتوانرا هێزێكی یەكگرتوو دروست بكرێت، كە بتوانێت بەرگری لەخاك وخەڵكی كوردستان بكات، دوای سی ساڵ تاوەكو ئێستا باسی هێزی فڵان وفیسار كەس دەكرێت، تاوەكو ئێستا وەكو سەد ساڵ بەرلەئێستا بەرپرسە ترسنۆك ونمایشكارەكان خۆیان لەژێر چەك وتفاق حەشار دەدەن ولەراكردنیشدا لەپێشەوەن، تاوەكو ئێستا، كاتێك بەرپرسێك دەچێتە بەرەیەكی شەڕ، ئەو هێزەی پارێزگاری لێدەكات وئەو چەك وتفاقەی لەگەڵ ئەو هێزەدایە، زۆر زیاترە لەو هێزانەی بەسكی برسی ونەبوونی چەكی پێویستەوە بەرەكانی پێشەوەیان گرتووە!

چ كارەساتێكە دوای سی ساڵ، هەموو دنیا چەكت بداتێ ولەپێناو بەرژەوەندیەكانی خۆی بەكارت بێنێت، كەچی هێندە چەكەت نەبێت بتوانی بەرامبەر چەند چەكدارێك بەرگری لەهاوڵاتیانی خۆت بكەی!ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت رووخان وداڕمانی تەواوە، ئەوەی پێی دەڵێن ئەزموونی هەرێم بەتەواوی داڕماوە وئەوەی رایگرتووە تەنیا بەرژەوەندی زلهێزەكان ونەخشەی هاوسەنگی هێزی ناوچەكەیە، وەك چۆن ئەوەی پێی دەگوترا شۆڕشی ئەیلوول لەساڵی (1972) داڕمابوو، دواتر شەڕی عەرەبی ئیسرائیلی درێژەی بەتەمەنی دا، بۆئەوەی كورد وەك داردەستێك بۆ لاوازكردنی بەرەی عەرەبی، بەتایبەتی ئێراق لەساڵی (1973) بەكاربێنن، پاشان لە ساڵی (1975) كارەكەیان پێ تەواو كردن وچوار ملیۆن دۆلاریان وەك بەخشیش دایە سەركردایەتی ئەو كاتە، ئێستاش رێك بەهەمان شێوە، دۆخەكە بەتەواوی داهێزراوەو پاشا گەردانیەكە گەیشتۆتە ترۆپك، دادگاكان، زانكۆكان، پەروەردە، بەها كۆمەڵایەتیەكان، ئینتما بۆ نیشتمان، ئومێدبوون بەدوارۆژ هەمووی داڕماوە، كار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی میللەتێك دوای ئەوەی دەریایەك خوێنی بۆ ئازادی بەخشیوە وبەدەیان ساڵ گەنج ورۆڵەی خۆی بەناوی رزگاری نیشتمانەوە كردۆتە قوربانی، ئێستا تاكە هیوای ئەوەیە ێەو دەسەڵاتە بڕوات وئەو ئازادیە نەمێنێت، كە قێزەون كراوە، دەبێت ئەو گەلە چی بەرامبەر كرابێت لەماوەی سی ساڵی ئازادیدا، كە لەئازادیەكانی رابكات!.

جگە لەوەی ئەو هێزەی، كە سی ساڵە قارەمانانە شەڕی ناوەخۆ دەكات ورۆڵەی كورد دەكوژێت، بۆتە هێزێك، كە وا دێتە بەرچاو تاتیبەتمەندی تەنیا بووبێتە شەڕی ناوەخۆ وداپلۆسینی خۆپیشاندەران وگرتن وسەركوتكردنی خەڵكی ناڕازی، ئەو سوپایەی سی ساڵە لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان بەخێو دەكرێت، نەیتوانیوە لەیەك شەڕیش سەركەوتن بەدەست بێنێت، لە شەنگال، لەگوێر، لە مەخمور، هەزاران چەكداری كوردی بەرامبەر چەند سەد چەكدارێكی داعش، خۆیان نەگرت ونەك تەنیا ژن ومنداڵی برائێزیدیەكان، بگرە خەریك بوو لە پایتەختی هەرێمی كوردستانیش، ماراسۆنی سەربازی دەست پێبكەن، لە كەركوك، دوای ئەو هەموو خۆبادان ودروشم بەرزكردنەوەی سەركردەكانی كورد، ئەو هێزە نەیتوانی تەنیا رۆژێك بەرگری لەكوردستان بكات!.

 كەواتە لەبنەڕەتدا ئەو هێزە بۆ پاراستنی كوردستان دروست نەكراوە ودەبێت تاكی كوردی لەوە تێبگات و بیر لەدروستكردن، یاخود رێكخستنەوەی ئەو هێزە بەشێوەیەك بكاتەوە، كە بەكردەیی ببێتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، نەك تەنیا بەناو هێزی كوردستان بێت وبەكردەیش هێزی فڵان وفیسار بێت وبەناوی كوردستانەوە بەرگری لەبەرژەوەندی چەند هێزو لایەنێك بكات، كە بوونەتە داردەستی دوژمنانی كوردو لەپێناو مانەوە وپاراستنی سەرو ماڵی خۆیان هەموو شتێكیان تەسلیمی دوژمنانی كوردستان كردووە! 

جێگای داخە لەئێستادا هەموو شتێك داڕماوە، تەنیا گەندەڵی ودزی وڵات فرۆشی نەبێت، ئێستا ئەو سێكوچكەیە لە هەموو كایەكانی تری كۆمەڵگای كوردی بەهێزتر وكاراتربووە، بۆیە هەركاتێك هاوسەنگیەكە گۆڕا، كە لە گۆڕانێكی خێرادایە، دیسان كاتی ئەوە دێت، بنەماڵەكان بخرێنەوە ناو سارنجۆك وسەركردە كارتۆنیەكان لەشوێنێك بپارێزرێن، بۆئەوەی لەكاتێكی تردا ودژی گەلەكەی خۆیان وەكو ئێستا بەكاریان بهێننەوە! دیسان دەبێت مێژوویەكی ساختەو پڕ درۆ ولەژێر كاریگەری بیرێكی ناسیونالیستانەی گەمژانە بنووسرێتەوە، دزو چەتە وڵات فرۆشەكان بكرێنەوە قارەمانی مێژوویی ووو..... هێزەكانی دونیا ودەوروبەیش بەوە تاوانبار بكرێن خیانەتیان لە كورد كردووە! بەم چەشنە ئەو مێژووە سیزیڤیە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی فێر دەبین مێژووی خۆمان وەك ئەوە بنووسینەوە، كە هەیە، ئەو مێژووە بەردەوام دەبێت تاوەكو لەكرۆكی یاریە قێزەونەكە تێدەگەین وفێردەبین مێژووی خۆمان بخوێنینەوە وەك ئەوەی هەیە، نەك وەك ئەوەی بۆمان دەنوسرێتەوە وتەلقینمان پێدەدرێت!.


4\12\2021


06/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر