ئاهەنگێڕان لە كاتی قەیرانەكاندا وەك ئاماژەیەك بۆ بە كۆتاهاتنی قۆناغێك!

د. کامەران مەنتک
ئیبن خەلدون دەڵێت، خۆشگوزەرانی یەكێك لەمەرجەكانی دامەزراندنی شارستانیەتە، بەڵام خۆشگوزەرانی زۆر هۆكارێكە بۆ ڕووخانی شارستانیەت.

هەروەها پێیوایە، كاتێك ژمارەی بەرپرسەكان زۆر دەبێت، پیاوەكان لاسایی ئافرەتان دەكەنەوە، دەستیان لەخەنە دەنێن وەكو مامز بەلەنجەو لار ڕێدەكەن، ئەوە ئاماژەیەكە بۆ بەكۆتاهاتنی شارستانیەت، بەواتایەكی تر بۆ ڕووخانی دەوڵەت! باشترین نمونە لەمێژوودا، بۆ شرۆڤەكردنی ئەو چەمكە، قۆناغی دوا خەلیفەی عەباسیەكانە، موعته‌سه‌م بیلا كاتێك مەغۆلەكان هێرشیان بۆ كردو لەسەردەمی ئەودا دەوڵەتی عەباسیان ڕوخاند، موعته‌سه‌م هەموو ئەو زێڕو زیوو سامانەی كەوتبووە بەردەست، كە خەلیفەكانی عەباسی لەماوەی 524 ساڵدا بەیەكەوەیان نابوو.

ئەو خەلیفەیە خەریكی ڕابواردن‌و كەیف‌و سەفابوو، گوێى نەدەدا، ئەوەی هەموو وڵاتەكەی داگیرو خاپوور بكرێت، ئەو هەمیشە وتە بەناوبانگەكەی دووبارە دەكردەوە:"بەغداد بۆ من بەسە"، واتە هەموو وڵاتەكەی بڕوات تەنیا بەغدای بۆ بمێنێتەوە ئەو بەسی بوو، لەسەر دەمی ئەو خەلیفەیەدا مەغۆلەكان بەئاڕاستەی بەغدا دەهاتن، هۆلاكۆ لەڕێگای خۆیدا سێ نامەی بۆ ناردو داوای خۆبەدەستەوەدانی لێكرد، ئەو بایەخی پێنەدا، تاوەكو هۆلاكۆ گەیشتە بندیوارەكانی بەغداو خۆی بۆ پەلاماردانی ئامادەكرد، لەوكاتەدا هۆلاكۆ داوای لەفەرمانڕەوای شاری موسڵ كرد، كە چەك‌و مەنجەنیقی بۆ بنێرێت، بۆئەوەی لەداگیركردنی بەغدادا بەكاریان بهێنێت، هەر لەوكاتەدا خەلیفە داوای لەفەرمانڕەوایی موسڵ كرد تیپێكی میوزیكی بۆ بنێرێت!

دەتوانین وانەی ئەوە لەو ڕووداوە هەڵێنجین، كاتێك بەرپرسانی وڵاتێك دووچاری گەندەڵی دەبن‌و خەریكی ژیانی خۆیان دەبن، ئاگایان لەهیچ نامێنێت‌و باكیان بەهیچ نابێت، دوای 764 ساڵ لەهەولێر هەمان دۆخ دەكەوێتە بەرچاوو دووبارە دەبێتەوە، لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵكی كوردستان لەدۆخێكی دارایی‌و دەروونی سەختدا دەژیت، لەكاتێكدا توركیا هێرشێكی بەرفراوانی كردۆتەسەر هەرێمی كوردستان‌و چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت ئەو هەرێمە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، لەوكاتە بەرپرسەكانی هەولێر خەریكی ئاهەنگگێڕان‌و هەڵپەڕكێن، وەك ئەوەی ئەوانیش بڵێن هەولێرمان بەسە، كە بەداخەوە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ كۆتایی قۆناغێك، ئەوانەی لەوكاتە هەستیارانەشدا ئاهەنگ دەگێڕن،هەمیشە لەكاتە سەختەكاندا ڕادەكەن‌و بەدوای فەرمانڕەوا نوێكان دەگەڕێن بۆئەوەی ئاهەنگیان بۆ سازبكات!.

21/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر