ئایا هەموو سیستەمێكی سیاسی رەنگدانەوەی كۆمەڵگاكەیەتی؟

د. کامەران مەنتک
هەموو دەستەبژێرێكی  فەرمانڕەوا شایەنی گەلەكەیەتی؟

زۆر جاران لەژێر كاریگەری مۆنتسكیۆ، ئەوەم لە هەندێك نووسەری كورد بەرچاو دەكەوێت، كە كۆمەڵگای كوردی شایەنی ئەو سیستەمەیە، كە هەیەتی، ئەو جۆرە حوكمڕانیە وەك دەڵێن لێێ سەرو زیادە! بەمەش پاساو بۆ بێهەڵوێستی خۆیان بەرامبەر دەسەڵاتداران دەهێننەوە هەموو شانەكە لەسەری خەڵكی كوردستان دەشكێنن! بەڵام ئایا بەڕاستی هەموو كۆمەڵگایەك شایستەی ئەو سیستەمە سیاسیەیە، كە هەیەتی، یاخود هەموو سیستەمێكی سیاسی رەنگدانەوەی ئاستی پێشكەوتنی كۆمەڵگاو ئەو قۆناغە مێژووییە تیایدا دەژیت؟

ئەو جۆرە گشتگیرییە لەخوێندنەوە وشرۆڤەكردن بۆ پەیوەندی نێوان سیستەمی سیاسی وكۆمەڵگە، خوێندنەوەیەكی تیووری رووكەشەو لەژێر كاریگەری هزری رۆژئاوا دایە، خوێندنەوەیەكە بۆ دۆخی سیستەمێكی سیاسی، كە لەسەرەخۆو شان بەشانی گەشەسەندن وپێشكەوتنە ئابووری وكۆمەڵایەتی وسیاسی وهزریەكانی كۆمەڵگاكەی گەشەی كردووە، ئەگەر ئەمە بۆ قۆناغێك لە قۆناغەكانی مێژوو راست بێت، ئەوە بۆ زۆرینەی قۆناغەكانی تر راست نیە، بەتایبەتیش لەقۆناغێكی جەنجاڵ وئاڵۆزی وەك ئەمڕۆی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی، كە وەك تەونێكی جاڵجاڵۆكە بەیەكەوە گرێدراوە وبە تایبەتی تریش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەتوانین بڵێین هیچ سیستەمێكی سیاسی رەنگدانەوەی دۆخی كۆمەڵگاكەی خۆی نیە، بەڵكو رەنگدانەوەی دۆخی ئەو دەستەبژێرە سیاسیەیە، كە وڵاتەكە بەڕێوە دەبات، ئەو دەستەبژێرەش لەهیچ وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رەنگدانەوەی كۆمەڵگاكەی خۆی نیەو نوێنەرایەتی خەڵكەكەی خۆی ناكات، بەڵكو دەستەبژێرێكی دروست كراوە وهێندە ستراتیژی زلهێزەكان جێبەجێ دەكات ورەچاوی بەرژەوەندی ئەوان دەكات، نوێنەرایەتی بەرژەوەندی كۆمەڵگاكەی ناكات، واتە بەگوێرەی ئەو رۆڵە دەجولێتەوە، كە بۆی كێشراوە، هەر كاتێك ئەو رۆڵەش تەواو دەبێت، دەخرێتە بەر تووڕەیی خەڵكەكەی خۆی، ئەو كاتە ئەو كۆمەڵگایەی، وەك بنەمای سەرەكی ئەو سیستەمە سیاسیە سەیر دەكرێت، دەبێتە دڕندەیەكی تینوو بەخوێن ووەك دوژمنێكی باوەكوشتە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستەبژێرە فەرمانڕەوایە دەكات. 

لەو گۆڕانكاریانەی لەسیستەمە سیاسیەكانی ئەو ناوچەیە روودەدات، كامە دەستەبژێر توانیویەتی و دەتوانێت خۆی بپارێزێت، ئەگەر بێتوو لەلایەن هێزە دەرەكیەكانەوە بڕیاری پاراستنی نەدرابێت! شای ئێران زیانر لەنیو سەدە خزمەتی ئەمریكای كرد، دواتر ئەمریكا ئامادە نەبوو وەك پەناهەندەیەكیش وەریبگرێت! ئەگەر ئەو سیستەمە سیاسیە رەنگدانەوەی كۆمەڵگاكەی بوایە، ئەوا ئەو سەرۆكە هەرگیز پێویستی بەوە نەدەكرد لە ترسی خەڵكەكەی خۆیدا وڵاتەكەی جێبهێڵێت وداوای پەناهەندەیی لە وڵاتێكی تر بكات، بەڵكو وەك هەر فەرمانبەرێكی تر بەشێوەیەكی ئاسایی لەكارەكەی دوور دەخرایەوە یاخود خانەنشین دەكرا ودەچووەوە ماڵی خۆی! وەك ئەوەی لە سیستەمە پێشكەوتووەكانی رۆژئاوا دەیبینین، هەرچەندە سیستەمی سیاسی لەو كۆمەڵگایانەشدا رەنگدانەوەی كۆمەڵگاكانی خۆیان نین، بەڵكو دەستەبژێرێكی سەرمایەداری چاوچنۆكن، كە هەموو كۆمەڵگاكەیان خستۆتە حزمەت بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیان، بەڵام بەشێوەیەكی لێزانانەتر وسەردەمیانەتر ولەپەنای دروشمی كاریگەرترەوە ، ئەو بەرژەوەندیانە دەپارێزن!.

كەواتە پەیوەندی نێوان فەرمانڕەواو بەرفەرمان، خەڵك ودەستەبژێری حوكمڕان، یاخود سیستەمی سیاسی، پەیوەندییەكی رەنگدانەوەیی نییە، واتە رەنگدانەوەی یەكتر بن، بەڵكو لەبنەڕەتدا پەیوەندیەكی خیانەتكاری وقورخكاری ودوژمنداریە، ئەو پەیوەندیە بە رژانی خوێن، یاخود بە هەڵبژاردنێكی روكەش وساختە دەست پێدەكات، بەڵام زۆربەی كاتەكاندا بە رژانی خوێن، ئەوەی پێی دەڵێن شۆڕش و كودەتا و .... هتد بەكۆتا دێت!.

كام سیستەمی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەنگدانەوەی كۆمەڵگاكەیەتی؟ كام سەرۆكە لەترسی خەڵكەكەی خۆی، خۆی لە پشت سەدان دیواری ئاسنین نەشاردۆتەوە وبۆ مانەوەی خۆی هەزاران هاوڵاتی نیشتمان پەروەر ووڵاتپارێزی خۆی نەخستۆتە كونجی زیندانە نهێنیەكانەوە! ئەو سیستەمانە هێند بۆگەنن، تەنیا ئەو كاتانە راستەقینەكەیان بەدیاردەكەوێت، كاتێك رۆڵیان تەواو دەبێت سەرپۆشەكەیان هەڵدەدرێتەوە، ئەو كاتە بۆ خەڵك دەردەكەوێت، كە نەك دەستەبژێرو رەنگدانەوەی كۆمەڵگاكانیان نەبووینە، بگرە چەتەو پیاوكوژو مافیاو بەكرێگیراوێكی پوختی تەنانەت دوژمنە سەرسەختەكانی كۆمەڵگاكەی خۆشیان بووینە. لەدوای رووخانی رژێمەكان وكاتێك بەشێكی كەم لەدۆسیەكان دەكەوێتە بەردەستی خەڵك، بەشێكی كەم، لەبەرئەوەی زۆربەی دۆسیەو دۆكیومێنتەكان دەشاردرێنەوە ولەناو دەبردرێن ودیزە بەدەرخۆنە دەكرێن! ئەو كاتە راستی ئەو دەستەبژێرە دەردەكەوێت، كە دەستەبژێرێك بووە، رێك لە روانگە نەرێنیەكەوە، واتە لە ناو كۆمەلگاكەیدا لەخراپترینەكان بووەو كەم كەسی وەك ئەو هەبووە بەو ئاستە كەمە، ئامادەبێت لەپیناو بەرژەوەندی ومانەوەی خۆیدا، سازش بۆ دوژمنەكەی بكات وبازرگانی بەخەڵكەكەی خۆیەوە بكات!.

لەكۆتایدا دەتوانین بڵێین زۆر كەمن ئەو سیستەمە سیاسیانەی رەنگدانەوەی كۆمەڵگاكانی خۆیان بن، بەشێك لەو سیستەمانە رەنگدانەوە گەمەیەكی ئاڵۆزی جیهانی سەرمایەداریەوە لەكۆمەڵێك ئەتیكای رووكەش وفریودەردا خۆی دەنوێنێت، بەشەكەی تریشی زۆرینەی ئەو سیستەمە سیاسی وئەو دەستەبژێرە فەرمانڕەوایانەیە، كە هیچ پەیوەندیەكی رەنگ ورەنگدانەوەیان لەنێواندا نیە، لەزۆربەی كاتەكاندا گەلێكی هوشیارو تێكۆشەر، خراوەتە بەردەستی دەستەبژێرێكی خاین وخۆفرۆش ولەرێگەی ئەو دەستەبژێرەوە شەڕی خودی ئەو كۆمەلگایە خۆی دەكرێت!.

04/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر