لەداگیركەریەوە بۆ خاوەن ماڵی

د. کامەران مەنتک
لەدوای شەڕی حكومەتی هەرێم و پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1992، توركیا بەشێوەیەكەی ناڕاستەوخۆ هاتە ناو هەرێمی كوردستان،  لەو خالەوە دەستیپێكردو دواتر وردە وردە پێگەی زیاتری كردەوەو هەژموونی خۆی فراوان كرد. سەرەتا لە شتە بچووكەكانەوە دەستیپێكرد، لەكڕین و دامەزراندنی میدیاو قوتابخانەی توركی و پڕوپاگەندەكردن بۆ توركیا ئاشناكردنی كۆمەلگای كوردی بە توركیا، پاشان لەرووی ئابووریەوە، نزیكەی تەواوی ئابووری كوردستانی  كۆنترۆڵكرد و بازاڕەكانی هەرێمی كردە بەشێك لە بازاڕی وڵاتەكەی، ئەو كەل و پەلە ستۆكانەی لەو وڵاتە دەمایەوەو دەمێنێتەوە،  بە بەروارو بەرگی نوێوە لە بازاڕەكانی هەرێم ساخیدەكردەوەو ساخیدەكاتەوە!. 

دیارە توركیا لەمبارەیەوە مێژووێكی دەوڵەمەندی لەگەڵ ولاتەكانی دەوروبەری هەیە، ئیسماعیل بێشكچی لە كتێبەكەی سیستەمی دەرەبەگایەتی لە ئەناتۆلیای رۆژهەڵات بەوردی باس لەو ئەزموونەی توركیا دەكات. شان بەشانی ئەو هەوڵانە هەوڵە سەربازی و هەواڵگرییەكانی برەو پێیدا، بەتایبەتیش لەنێو ئەو بەرپرسانەی حزبەكان، كە سەردانی توركیایان دەكردو لە ئوتێلە گران بەهاكان دەمانەوەو دەیان فلیمی ئابڕووبەری بۆ دروست دەكردن، ئەم ئەزموونە لە زۆربەی وڵاتانی راسیست و دیكتاتۆری پیادە دەكرێت، رژێمی ئێراقیش لەمڕووەوە لەكاتی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەرەتای راپەڕین، وەك دەڵێن دەیان فلیمی هاوشێوەی بۆ ئەو كەسانە تۆمار كردبوو، كە چووبوون داوای مافەكانی گەلەكەیان بكەن!.

 بەم چەشنە لەرووی هەوالگریشەوە توركیا خۆی خزاندە ناوەوەی زۆربەی حزبەكانی هەرێم، بەرادەیەك دۆخەكە لەكەسی یەكەم و دووەەمەكانی حزبەكان دەرچووەو گەیشتۆتە بەرپرسەكانی  خوارەوەش، لەمبارەیەوە ئەو بەرپرسە باڵایانەی میتی توركی، كە پارتی كرێكارانی توركیا دەستیگیریكردن، زۆر راستەقینەی پڕ شەرمەزاریان دركاندووە، بەڵام جێگای داخە تا ئێستا ئەو حزبە ئەو نهێنیە ستراتیژیانەی شاردۆتەوەو دیزە بەدەرخونەی كردووە، كە پێم وایە ئەمە هەڵەیەكی كوشندەی پەكەكە بووەو بۆ هەر سازشكردنێك ئەو كارەی كردبێت ناكەوێتە بەرژەوەندی نیشتمانیەوە.

ئێستا توركیا سوپایەكی لە سیخوڕ و پیاوی خۆی بە پلەی یەكەم لەنێو حزبەكانی كوردو تەنانەت لەشەقامی كوردیش دروستكردووە، بە تەنیا سەیركردنی دۆخی هەرێم و لێوردبوونەوەی بە ئاسانی سایەی ئەو هەوڵانەی توركیات نیشان دەدات، ئەوەی شارەزاییەكی كەمی هەبێت و تۆزێكی لەبارەی دۆخی نەتەوەكان لەو قۆناغەدا خوێندبێتەوە بە ئاسانی درك بەو راستیە كارەسات ئامێزە دەكات.

كاتێك توركیا ئەو لایەنانەی هەموو تەواوكردو هەرێمی كردە كۆلۆنیایەكی ئابووری و بەرپرسەكانی كردە دەسكەلاو سیخوڕی خۆی بەسەر میللەتەكەیانەوە، ئەو كاتە هەنگاوی گەورەتری نا، لە دوا هەنگاویشدا وا خەریكە داگیركردنە ئابووریەكەی دەكاتە داگیركردنێكی سەربازی و لەوەش مەترسیدارتر ئێستا دەیەوێت خۆی وەك خاوەن ماڵ نیشان بدات!.

06/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر